حكومەتەكانی جیهان چۆن مامەڵە لەگەڵ كۆرۆنا و رەوشی خراپی كرێكاران‌و هەژاران دەكەن؟

لە میدیاکانەوە

03/05/2020‌ 644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هەر لەگەڵ دروستبوونی هەر كارەساتێكی سروشتی یان مرۆیی، یەكەمین چین كە دەبنە زەرەرمەندی سەرەكی ، چینی كرێكار و هەژاران و زەحمەتكێشانن، ئەوان بە حوكمی   ئەوەی رۆژانە لەسەر هێزی كاری خۆیان دەژین، گەر هەر شتێكی نائاسایی لە ژیانیاندا رووبدات، ناتوانن بەرگەی بگرن، جا نەخۆشی بێت یان كارەساتی سروشتی یان بێكاریی.

لەگەڵ پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆناش، یەكەمین گورزی خۆی لە كرێكاران و هەژارانی جیهان وەشاند، ئەمەش لەبەرئەوەی داخستنی كارگە و دەزگاكان و كەرەنتینەكردنی تەواوی كۆمەڵگا، وایكرد كە زۆرێك لە كرێكاران و هەژاران، برسی تر بن، چونكە ئەوان لە بنەڕەتدا خۆیان ژیانیان هێندە باش نییە تاوەكو بە مانگ و دوو مانگ كار نەكەن، بەتایبەتی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا.  كرێكارێكی هیندی بە كەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند: گەر ڤایرۆسی كۆرۆناش نەمانكوژێت، ئەوا برسێتی دەمانكوژێت.

بۆیە بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە، زۆربەی حكومەتەكانی جیهان بەرنامەی تایبەتیان داناوە، لە لایەكەوە بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لەلایەكی تریشەوە بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی كرێكار و هەژار و زەحمەتكێش. چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمریكا و وڵاتانی ئاسیاش، حكومەتەكان لە رێگەی بەرنامەی تایبەتەوە ، هەوڵیانداوە یارمەتی خەڵكی بددەن.

هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە، حكومەتەكانی ئەوروپا بەپێی تاوانای خۆیان هەوڵیاندا، یارمەتی خەڵكی بددەن تاوەكو لە ماڵەكانیان بمێننەوەو نەیەنە دەرەوە، تاوەكو ڤایرۆسە هێندەی تر بڵاونەبێتەوە، هەروەها بەرنامەی هاوكاری داراییشیان بۆ خەڵكی و كۆمپانیاكان دانا، تاوەكو لە رووی ئابوورییەوە خەڵكی رووبەروی تەنگەژەی گەورە نەبنەوە، چونكە كێشەی گەورەی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە، جگە لە نەخۆشیی و مردن، دەبێتە هۆی داڕمان و لاوازبوونی ئابووری وڵاتان، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە ڤایرۆسەكە خراپترە.

هاوكاری ئابووریی
حكومەتی چین لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە، بەرنامەیەكی توندوتۆڵ و تۆكمەی بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە داڕشت. لەو شوێنانەی كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبوویەوە، بەتایبەتی شاری وهان، خۆی هاوكاری و خواردنی پێشكەش بە خەڵكی دەكرد تاوەكو لە ماڵەكانیان بمێننەوەو نەیەنە دەرەوە. لە ئەڵمانیا حكومەت بڕی 600  یۆرۆی تەرخانكردووە بۆ رووبەرووبونەی ئەم ڤایرۆسە، لەم بڕە پارەیەش 50 ملیارد یۆرۆی داناوە، بۆ هاوكاریكردنی كۆمپانیا بچووكەكان، بەتایبەتی ئەوانەی كە زەرەرمەندی سەرەكین لەم ڤایرۆسە، هەروەها بەشێكی تری پارەكە بۆ باشكردنی كەرتی تەندروستی و هاوكاری كۆمەڵایەتیی ئەو خێزانانەی كە زۆر هەژارن، جگە لە خۆشبوون لە ملیارەها یۆرۆ كە وەكو باج لە خەڵكی ناسێنێت.
 
لە ئیتالیاش حكومەت بڕی 700 ملیارد یۆرۆی تەرخانكرد بۆ رووبەربونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئەمەش بۆ هاوكاری خەڵكی و باشكردنی كەرتی تەندروستی و یارمەتدیانی خەڵكی هەژار. لە فەرەنساش بەهەمانشێوە، حكومەت بڕی 110 ملیارد یۆرۆی بۆ رووبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكردووە. هەروەها حكومەتی فەرەنسا بڕیاریدا بڕی 500 بۆ 1500 یۆرۆ ببەخشێتە كارمەندانی كەرتی تەندروستی، ئەوەش وەكو دیارییەكی حكومەتە بۆ ئەوان ، چونكە ئەوان لە ریزی پێشەوەی جەنگەكەدا بوون. هەروەها هەر خێزانێكی هەژار بڕی 100 یۆرۆی بۆ هەر منداڵێك بڕیوەتەوە جگە لەو پارەیەی كە وەكو بیمەی بێكاریی و هاوكاری كۆمەڵایەتی وەریدەگرن. هەروەها یەكێتی ئەوروپاش بڕی 100ملیارد یۆرۆی تەرخانكرد بۆ رووبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەم پارەیەش دەدرێتەوە ئەو وڵاتانەی كە زۆرترین زیانیان لەم ڤایرۆسە بەركەوتووە لە پێش هەموویانەوە ئیتالیا  و ئیسپانیا. 

لەپەنا هاوكاری حكومیدا، سەدان رێكخراوی مرۆڤدۆست، هاوكاری بەسەر خێزانە هەژارەكاندا دابەشدەكەن، كەخۆی لە خۆراك و پۆشاك دەبینێتەوە. 

لە هیندوستانیش كە وڵاتێكی تازەپێگەیشتووە، حكومەت بڕی 50 ملیارد دۆلاری تەرخانكردووە بۆ رووبەربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جگەلەوەش هاوكاریی و یارمەتی بەسەر كرێكارە هەژارەكانی ناو شارەكان پێشكەش دەكات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا سەركەوتوو نەبووە لە رووبەبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ملیۆنان هاوڵاتی رەوشی ژیانیان تەواو خراپ بووە. 
 
هەموو ئەم حكومەتانەش بۆیە بەرنامەی تایبەتی بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسەیان تەرخانكردووە، چونكە ترسیان لە تێكچوونی باری كۆمەڵایەتی و شۆڕشی برسییەكانە، كە لە هەندێك وڵاتدا سەریهەڵداوە.

شۆڕشی برسییەكان
ئەو حكومەتانەی كە بە جددیەوە یان بەرنامەی تایبەتیان نەبوو بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە، رووبەروی شۆڕشی هەژاران و كرێكارنی برسیش بوونەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە فاشیلەكان.  ماوەی چەندین رۆژە لە لوبنان خەڵكی دەرژێنە سەر شەقامەكان و بانكەكان دەسووتێنن، كە لە زۆرێك لە میدیاكانی جیهاندا بە شۆڕشی برسییەكان ناودەبرێت، هەروەها لە كۆڵۆمبیا و باشووری ئەفریقاش بەهەمانشێوە. ئەو حكومەتانەی كە هیچ بەرنامەیان نەبوو، دەبێت چاوەڕێی شۆڕشی هەژاران و كرێكارانیش بكەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆرۆنا
راستە لە سەرەتادا حكومەتی هەرێم لە رووی هۆشیاركردنەوەی خەڵكی و دانانی بەرنامەی تایبەت  بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ دانا ، مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ دۆخەكە كرد، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی هەموومانە لە رووی داراییەوە، حكومەتی هەرێم هیچ هەوڵێكی نەداوە، بەتایبەتی لە هاوكاریكردنی خەڵكی هەژار و كرێكاران، جگە لەوەش نەدانی مووچەش هێندەی تر رەوشی خەڵكی خراپتر كردووە بەتایبەتی هەژاران  و كریكاران. 

ئەوەی كە دەیبینین هەوڵی چەند رێكخراو كەسایەتییەكی دەوڵەمەندە بۆ یارمەتیدانی خەڵكی هەژار و كەمدرامەت، بەڵام حكومەت خۆی هیچ بەرنامەیەكی بۆ هاوكاریكردنی  خەڵكی نییە، ئەمەش ئاماژەیەكی خراپە و پێدەچێت لە داهاتوودا رووبەروی ناڕەزایی خەڵكی بێتەوە. 

لەلایەكی ترەوە من تێناگەم چۆن دەبێت حكومەتی هەرێم هیچ یەدەگێكی دارایی نەبێت، بۆ رووبەروبونەوەی كارەسات و دۆخی چاوەڕواننەكراو، هەموو حكومەتەكانی جیهان، یەدەگی داراییان بۆ رۆژێكی  وەكو ئەمڕۆ دەوێت، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم هیچ یەدەگێكی بۆ رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ دانەناوە، ئەمەش خەوشێكی گەورەیە.

ئێمە هیوادارین حكومەتی هەرێم بەجددیەوە سەیری رەوشی دارایی خەڵكی بكات، بە تایبەتی كرێكار و هەژاران، پێویستەی لە رووی داراییەوە یارمەتییان  بدرێت.