حەوت گەورەترین هێزی دەریایی لە جیهاندا

لە میدیاکانەوە

10/05/2020‌ 1592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەمیشە دەوڵەتە گەورەكان هەوڵ دەدەن خاوەن هێزێكی دەریایی گەورە و بەهێز بن بەو پێیەی بە سیمبوڵی بەهێزی دەوڵەت هەژمار دەكرێت، ئەوە جگە لەوەی لە پاراستنی سنوورە دەریاییەكانیان پشتی پێدەبەستن.

هەندێك لە دەوڵەتەكان لە هێزە دەریاییەكانیاندا پشت بەكۆنترۆڵكردن و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچەی جوگرافی لەدەرەوەی سنوورەكانیان دەبەستن.

كەشتیگەلی جەنگی وڵاتانیش لە كەشتی جەنگی و كەشتی مین ماڵ و كەشتی فرۆكەهەڵگر پێكدێت، كە ژمارەیەكی كەم لە وڵاتان نەبێت خاوەنی ئەو جۆرە كەشتییە زەبەلاحانە نین لەدیارترینیان ئەمەریكا و روسیا و چین . 

بەگوێرەی پێگەی "گڵۆباڵ فایر پاوەر"ی ئەمەریكی، وڵاتی كۆریای باكوور بە بوونی ٩٨٤ پارچەی دەریایی گەورەترین هێزی دەریایی هەیە لە جیهاندا، لەدوای ئەو وڵاتی چین دێت، كە خاوەنی ٧٧٧ كەشتی جەنگی  و پارچەی دەریایییە، كە كەشتی فرۆكەهەڵگر و كەشتی فركاتەی هێرشبەریان لەخۆگرتووە.

هەرچی روسیایە بە كەشتیگەلێكی جەنگی پێشكەوتوو پلەی سێیەمی هەیە، كە خۆی لە دەیان ژێردەریایی ناوەكی و كەشتی و كەشتی فرۆكەهەڵگر و فرۆكەی زەبەلاحدا دەبینێتەوە، كە ژمارەیان دەگاتە ٦٠٣ كەشتی و پارچەی دەریایی .

ئەمەریكا بە ٤٩٠ پارچەی دەریایی پلەی چوارەمی هەیە، كە چەندین كەشتی فرۆكەهەڵگر و ژێردەریایی ناوەكی و كەشتی وێرانكەر لەخۆدەگرێت و بەبەهێزترین هێزی دەریایی دادەنرێت لە جیهاندا.

پلەی پێنجەمی گەورەترین هێزی دەریایی لە جیهاندا بەر وڵاتی كۆڵۆمبیا دەكەوێت، كە هێزە دەریاییەكەی لە ٤٥٣ كەشتی جەنگی و پارچەی دەریایی پێكدێت.

ئێران پلەی شەشەی گەورەترین هێزی دەریایی هەیە، كە خۆی لە ٣٩٨ پارچەی دەریایی دەبینێتەوەو ژمارەیەكی زۆر ژێردەریایی و بەلەمی جەنگی بچووكیان لەناودایە.

كەشتیگەلی دەریایی میسر پلەی حەوتەمی هەیە و یەكێكە لە گەورەترین هێزە دەریاییەكان لە جیهاندا، جگە لەوەی پێگەیەكی ستراتیژی هەیە بەوەی بەسەر گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەكانی جیهاندا دەڕوانێت .

هێزی دەریایی میسر خۆی لە ٣٦٧ پارچەی دەریایی دەبینێتەوە، كە كەشتی فڕۆكەهڵگر و كەشتی وێرانكەر و هێرشبەری لەخۆگرتووە، ئەوە جگە لە چەندین ژێردەریایی پێشكەوتوو، كە لەباشترین جۆری ژێردەریاییەكانی ناوچەكە. 

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی