ململانێی ئەمریكا و چین رێكخراوی تەندروستی جیهان ئیفلیج دەكات

مەلەفی تایبەت

23/05/2020‌ 527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئەو كاتەی ترامپ بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاریكردووە و پرسی ئالۆزكردنی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

بەپێی راپۆرتەكە، كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بووە گۆرەپانی جەنگی نێوان ئەمریكا و چین و كۆشكی سپی رێكخراوەكەی بە بوكەڵەیەك دایە قەڵەم بەدەستی چینەوەو هەڕەشەی وەستاندنی پارەداركردنەكانی كرد، ئەگەر بێت و رێكخراوەكە چاكسازی لە خۆیدا ئەنجام نەدات.

بە پێچەوانەی سەرۆكی چینەوە، سەرۆكی ئەمریكا نەیویست بە راستەوخۆ قسە بۆ ١٩٤ بەشدار بوو بكات لەكۆبوونەوەكەدا، كەچی (چین) ئەم هەلەی لەدەست نەداو لە رێگەی ڤیدیۆوە قسەی لەگەڵ كردن و دووپاتیكردەوە رێز لەم رێكخراوە پسپۆڕەی  سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان دەگرێت.

لەلایەكی ترەوە، سەركردە چینییەكان و هاووڵاتییە ئاساییەكان بە شێوەیەكی زۆر هەست بەوە دەكەن پەكین روبەروی تۆمەتبار كردن بۆتەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەهۆی رەفتارەكانی سەرەتای دەستپێكردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەوە. ئەمەش نەك تەنها لەلایەن ئەمریكیەكانەوە بەڵكو سەركردەكانی ئەوروپاش دەلێن پێویستە نهێنی بنەچەی هۆكاری نەخۆشیەكە ئاشكرا بكرێت.

لەو بارەیەوە، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئابووری جیهانی و پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان ی سەر بە ئەكادیمیای زاستە روسییەكان "ئەلیكسندەر لومانۆف" دەڵێت: هەڵوێستی چین، كەمتر نیە لە هەڵوێستی رێكخراوی تەندروستی جیهانی. 

هەروەها دەڵێت: پەكین ئەوەی دوپاتكردووەتەوە، كە دژی لێكۆڵینەوە نییە، بەڵام دەبێ لێكۆڵینەوەكە سروشتێكی زانستی هەبێت، مەبەستی باشتركردنی چاودێری تەندروستی بێت، نەك چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان. 

باسی لەوەش كردووە، كە لەسەر ئەم پێشنیارە هەموو شتەكان دەوەستێت و چین دەڵێت: هەرهەنگاوێك بە مەبەستی سیاسی بێت جێگای قبوڵكردن نییە و رۆژئاوا هەوڵی تر دەدات بۆ شاردنەوەی راستییەكان؛ ئەو رێگایانەی چین بە زانستییان دەداتە قەڵەم.

بەگوێرەی قسەی لومانۆف، هەر لایەك دەیەوێ مەبەستی تایبەتی خۆی بپێكێ، رۆژئاوا پێویستی بە سەلماندنی تاوانبارێتی چینە، چینیش پێویستی بە ئەستۆ پاكی و بێ تاوان دەرچوونی هەیە. لەم دۆخەشدا، رێككەوتنێكی تەواوەتی ئاستەمە. لەوەش قورستر قسە كردنە دەربارەی چارەنوسی رێكخراوی تەندروستی جیهانی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا