بژاردەكانی بەردەم ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی لە عێراق

عیراق

28/05/2020‌ 847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دامەزاروەیەكی توێژینەوەیی ئەمەریكی لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا بژاردەكانی بەردەم ئەمەریكای بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی كێشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق و مەترسییە ستراتیژییەكانی هەنگاوێكی لەو جۆرە ئاشكرا كردووە . 


لێكۆڵینەوەكە، كە كۆمەڵێك توێژەر و پسپۆڕ لە دامەزراوەی توێژینەوە و پەرەپێدانی ئەمەریكی "راند" ئامادەیان كردووە و تێیدا باسیان لەوە كردووە، دۆخی هەزاران سەربازی ئەمەریكی لە عێراق دوای پێشهاتەكانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە جێگای مشتومڕە، ئەمە واشنتۆنی خستووەتە بەردەم چوار بژاردە، كە خۆی لە نەكشانەوەی هێزەكان و كشانەوەی بەشەكی و سنووردار و كشانەوەی تەواو و پچڕاندنی پەیوەندی بەشێوەیەكی تەواوەتی دەبینێتەوە.

دامەزراوە ئەمەریكییەكە لە راپۆرتەكەیدا روونیكردووەتەوە، كە هەموو ئاستەكانی پاشەكشەكردن زیان بە هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە عێراق و شوێنەكانی تر دەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی ئەو پاشەكشەیە هەندێك دەستكەوت بۆ ئێران بەدەست دەخات، یاخود راگرتنی پشتیوانییە جەنگییە راستەوخۆكان بۆ هێزە  عێراقییەكان كەلێنێك درووست دەكات، كە سوپای پاسداران یان هێزەكانی حەشدی شەعبی دەتوانن پڕیبكەنەوە، كە بەڕای ئامادەكارانی لێكۆڵینەوەكە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی تاران زیاتر دەست بەسەر دامەزراوەی ئاسایشی عێراقیدا بگرێت و سەروەری ئەو وڵاتە زیاتر كەمبكاتەوە.

هەروەك لێكۆڵینەوەكە جەختیكردووەتەوە، كە پاشەكشەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكا دەرفەتی ئەوە بۆ راوێژكار و لایەنگرانی ئێران خۆشدەكات دزەبكەنە ناو بنكەكانی ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق .

لەكۆتاییدا لێكۆڵینەوەكە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، كە پشتیوانیكردنی عێراقێكی سەقامگیر و دۆست دەچێتە خزمەتی بەرژەوەندییە بەردەوامەكانی ئەمەریكاوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە هێزێكی بچووك لە ڕاوێژكارانی سەربازی ئەمەریكی بۆ یارمەتیدانی راهێنان و پێشخستنی توانای سەربازی هێزە عێراقییەكان هەیە تاوەكو بتوانن بەرگری لە وڵاتەكەی خۆیان بكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی