هەرێمی كوردستان دەیەوێت غازی سرووشتی لەئێرانەوە هاوردە بكات

کوردستان

03/06/2020‌ 1737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی "ئیلنا"ی نیمچە فەرمی ئێرانی ئاشكرایكرد، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بكات.

ئاژانسەكە لەسەر زاری حەسەن مونزیر توربەتی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نیشتمانی غازی سروشتیی ئێران گواستوویەتییەوە، كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت قۆناغ بە قۆناغ غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بكات بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی نوخۆ لەو ماددەیە، هەروەك چۆن دەیەوێت هەڵسەنگاندن بۆ راكێشانی گازی سروشتی بۆ شارە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران بكات .

ئەو باسی لەوەش كردووە، غازی سروشتی ئێران لەڕێگای دوو خاڵی سنوورییەوە داخڵی عێراق دەكرێت، كە ئەوانیش  هەردوو خاڵی سنووری نەفت شەهر لە رۆژئاوا و شەلەمچە لە باسووری رۆژئاوای ئێران.

بەقسەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئەمەریكییەكان دەیانەوێت جێگرەوە بۆ غازی ئێران بدۆزنەوە، كە ئەوەش كارێكی سەختە بەوپێیەی هەر جێگرەوەیەك بۆ غازی ئێرانی ماوەیەكی زۆر و وەبەرهێنانی زۆری دەوێت.

هاوردەكردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە لەكاتێكدایە، كە هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی 5 تریلیۆن و 700 ملیار  مەتر سێجا غازی سروشتییە، كە دەكاتە 3% یەدەگی غازی سروشتی جیهان و چەندین جار بەرپرسانی هەرێم رایانگەیاندووە، كوردستانیان خستووەتە سەر نەخشەی جیهانی غازی سرووشتی و دەتوانن گازی توركیا و بەشێك لە ئەوروپا دابین بكەن .

وەرگێڕات: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی