پەرلەمانتارێكی كورد هۆشداری لەدەنگدان بەفوئاد حوسێن دەدات

کوردستان

06/06/2020‌ 1532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركەوت سەمسەددین پەرلەمانتاری كوتلەی ئایندە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: فوئاد حوسێن پێشتر عێراقی بە دوژمنی هەرێمی كوردستان وەسف كردووەو دەنگدان پێی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە كارەستاتە و پارتەكانی ناوەراست و باشووری عێراق لێی بەرپرسن.

شەمسەددین لەبەیاننامەیەكدا دەشڵێت: ئەگەر بێت و متمانە بە فوئاد حوسێن بدرێت ئەوە بەدڵنیایی لەچوارچێوەی مامەڵەیەكی دیاریكراو و دوور لە دیدگای نیشتمانی بووە، جەختیشیكردووەتەوە حوسێن ئەوە جێبەجێدەكات، كە پارتی بەسەریدا دەسەپێنێت بەوپێیەی سەر بەوانە و پێشتریش عێراقی بە دوژمنی هەرێم وەسف كردووە.

پەرلەمانتارەكەی كوتلەی ئایندە هەروەك دەڵێت: ناكرێت لەو قۆناغە هەستیارەدا سیاسەتی دەرەكی عێراق بدرێتە دەست فوئاد حوسێن، كە بڕوای بە عێراق نییە و ئەوەی ئەوە هەر شتێك بەسەر عێراقدا دێت پارتەكان بەتایبەتی پارتەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لێی بەرپرسیارن.

شەمسەددین روونیكردووەتەوە، كە وەزارەتی دەرەوە پۆستێكی سیادی و هەستیارە و دەكرێت بدرێت بە كەسایەتییەكی كوردی سەربەخۆ نەك ئەوەی ئەجێندای گوماناوی و دیاریكراوی پارتەكەی جێبەجێدەكات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ١٥ پەرلەمانتاری كورد ئامادە نین دەنگ بە فوئاد حوسێن بدەن ئەگەر هاتوو لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران وەك پاڵێوراوی پۆستی وەزارەتی دەرەوە خرایە دەنگدانەوە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی