لەئەمریكا پەیكەرەكانی كریستۆفەر كۆلۆمبس لادەبرێن

لە میدیاکانەوە

11/06/2020‌ 1681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
لە ئەمریكا پەیكەرەكانی كریستۆفەر كۆلۆمبس لادەبرێن، چونكە وەك رەمزی داگیركاری سەیری دەكرێت لە لایەن ئەمریكییە رەسەنەكانەوە، كە بە هیندییە سوورەكان ناسراون.

گروپێكی بچوكی خۆپیشاندەر لە زیاتر لە ئەمریكییە رەسەنەكان پێكهاتبوو، دوانیوەڕۆی 9ی حوزەیران پەیكەری گەریدە و كۆلۆنیالیستی ئیتاڵی كریستۆفەر كۆلۆمبس-یان لە سانت پۆل پایتەختی ویلایەتی مینیسۆتا لابرد.

لابردنی پەیكەرەكانی كۆلۆمبس تەنیا ویلایەتی مینیسۆتا-ی نەگرتۆتەوە بەڵكو لە زۆربەی ویلایەتەكانی تریش پەیكەرەكان لادەبرێن.

هەموو ئەم روداوانەش لەدوای 15 رۆژ لە خۆپیشاندانەكانی ئەمریكا دێت.

سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانیش لەدوای گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید -ی رەشپێست دێت كە لەژێر دەستی (دیریك شۆڤین) ئەفسەری پۆلیسی شاری مەنیئاپلس، لەرۆژی 25ی ئایار.

پەیكەرە برۆنز-ییەكەی كۆلۆمبس كە بەرزی 10 پێ دەبێت لەسەر بنكەیەكی گرانێت لە بەردەمی بینای كەپیتەلی ویلایەتی مینیسۆتا جێگیر بوو، بەڵام لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە راكێشرایە خوارەوە.

مایك فۆرس كە چالاكوانێكی ئەمریكاییە رەسەنەكانە، لە شاری سانت پاول، بە رۆژنامەی مینیسۆتا تربیۆن -ی راگەیاند كە لای هیندییە سورەكان كۆلۆمبس دۆزەرەوەی خاكی ئەمریكا نییە، بەڵكو هیندییە سورەكان لە ئەمریكا بوون و كۆلۆمبس هاتووە لێی داگیركردوون.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی مینیسۆتا ئەو پەیكەرە ساڵی 1931 لەسەر دەستی كارلۆ بریۆش -ی پەیكەرسازی ئیتالی دروستكراوە و پێشكەشی ئەمریكاییە ئیتالییەكانی مینیسۆتا-ی كردووە.

هەمان ڕۆژ لە شاری بۆستن و لەبەردەم زانكۆی بۆستن بە هەمان شێوە پەیكەری كۆلۆمپس لادرا. هەروەها بەهەمان شێوە لە ریتشمۆند-ی فێرجینیا، پەیكەرێكی كریستۆفەر كۆلۆمبس كە دروستكراوی 1929یە شكێنرا.

بەپێی هەواڵێكی فۆكس نیوز-3، ئەنحومەنی نوێنەران 11 پەیكەری دەستنیشانكردووە لە تەواوی ویلایەتەكان كە لاببرێن.

بەڵام ئەوەی تێبینی ئەكرێت حكومەت پەیكەرەكان لانابات بەڵكو خۆپیشاندەران ئەیروخێنن.

بەپێی پەیامنێری رۆژنامەی مینیسۆتا تیربیۆن لە كاتی خستنی پەیكەرەكەی بەردەم بینای كەپیتەلی مەنیئاپلس دوای روخاندنی پۆلیس هاتووە لەگەڵ تیمی شارەوانی پەیكەرەكەی باركردووە. دەشڵێت: "پێموایە زیاتر روخاندنی پەیكەرەكان بە دەستی خۆپیشاندەران بۆ كپكردنی رقی خۆپیشاندەرانە".