هاوپەیمانییەكی زانستی مزگێنی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەگوێی جیهاندا دەدات

تەندروستی

27/06/2020‌ 1015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانییەكی زانستی دیار، كە ناوی "هاوپەیمانی خۆئامادەكردن بۆ نەخۆشییەكان‌و داهێنان"ی لێنراوە موژدەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنای لە ئایندەیەكی نزیكدا داوە و رایگەیاندووە، لەئێستادا پشتگیری پەرەپێدانی ٩ پێكوتەی دژە كۆرۆنا دەكەن، بەشێوەیەك ساڵانە دەتوانن نزیكەی چوار ملیار دانە لەو ڤاكسینە بەرهەم بهێنن .

لەو بارەیەوە جەمیس رۆبنسۆن، یەكێك لە گەورەترین پسپۆرەكانی ناو هاوپەیمانییە زانستییەكە رایگەیاندووە، كە بۆ بەرهەمهێنانی هەر پێكوتەیەك سێ كارگە بۆ بەرهەمهێنانیان تەرخان دەكەن.

رۆبنسۆن بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، كە لەئێستادا دەزانن ئەوان لانیكەم توانای بەرهەمهێنانی دوو ملیار ڤاكسینیان دەبێت‌و ئاشكراشیكردووە، كە هەوڵ دەدەن ٨ بۆ ١٠ ناوچەی هەرێمی بۆ دابەشكردنی ڤاكسینەكە لە جیهاندا دەستنیشان بكەن تا ناچار نەبن هەموو شتێك ناوەندی بێت و دواتر بۆ ناوچە جیاوازەكانی بار بكەن.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا ڤاكسینەكە رەزامەندی كۆتایی لەسەر نەدراوە، بەڵام هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ ئەوەی لەكاتی بەرهەمهێنانیدا چارەسەرەكە بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر ناوچەكانی جیهاندا دابەش بكەن.

هاوپەیمانییەكە بارەگاكەی لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویجە و لەلایەن ١٤ حكومەتی وڵاتانەوە پشتیوانی دەكرێت، ئەوە سەرباری پشتیوانیكردنی لەلایەن دامەزراوەكانی بیڵ و میلیندا گیتس و گرووپی كۆمپانیاكانی "وێڵكەم"ی بەریتانی، بۆ ئەوەش تائێستا ٨٢٩ ملیۆن دۆلاری لە پرۆژەكەدا خەرج كردووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە