هەوڵەكانی كازمی بۆ جڵەوگیركردنی میلیشیاكان ئێرانی هەراسانكردووە

ڕاپۆرت

28/06/2020‌ 1757 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی حیزبوڵڵا لە لایەن هێزەكانی حكومەتی عێراقییەوە،‌ خاڵی وەرچەرخان بوو لەمامەڵەكردنی حكومەتەكەی كازمی لەگەڵ ئەو مەترسییەی میلیشیاكان دروستی دەكەن، بەمەش حكومەتەكەی كازمی لە دۆخی بەرگییەوە كەوتووەتە هێرشبردن، چونكە جاران ڕۆڵی بەرگری دەگێرا لەبەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەی دەكرانەسەر بارەگای باڵوێزخانە و سەربازگەكانی هێزە بیانییەكان لە عێراق.

چاودێران پێیان وایە میلیشا عێراقییەكانی نزیك لە ئێران هەڵەیەكی گەورەیان كرد كاتێك هەموو بنكە نهێنییەكانی خۆیان بۆ حكومەت ئاشكرا كرد.

5 شەممەی‌ ڕابردوو هێزە عێراقییەكان 14 چەكداری میلیشیاكانی حیزبوڵایان دەستگیركرد، كە خەریكی ئامادەسازی بوون لەوەی چەند بارەگایە‌كی حكومی و باڵوێزخانەیەكی بیانی موشەكباران بكەن، بەیانییەكەی هەینیش میلیشیاكان بە نمایشێكی سەربازی وڵامی ئەو جوڵەی حكومەتیان دایەوە كە گوزارەی لە توانستی گەورەی ئەو میلیشیایانە دەكرد، هەڕەشەشیان لە كازمی كرد و بەوە تۆمەتباریان كرد كە پلانەكانی ئەمریكا جێبەجێ دەكات.

میدیاكانی میلیشیاكانیش كەوتنە بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگۆیەی، كە دەستگیركراوەكانیان ئازادكراون، تا لە هێزی پشتیوانی جەماوەر كەمبكەنەوە، كە پاڵپشتی ئەو كردەی سەربازییەی حكومەتەكەی كازمی بوو بۆ گێرانەوەی سەروەری یاسا لە وڵاتدا.

ڕۆژی هەینی كازمی هێزە سەربازییەكانی ناردە دەوروربەری چەند بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا كە چەكدارە دەستگیركراوەكانی حیزبوڵای لێ دەستبەرسەر كرابوون.

هێزە نزیكەكانی ئێران لە عێراق گەرەكیانە لە گرنگی ئەو جوڵە سەربازییەی ‌كازمی كەم بكەنەوە و برەو بە دەنگۆی ئازادكردنی ئەو چەكدارانە بدەن، تاوەكو هەژموون و كاریگەی میلیشیاكان لە شەقامی عێراقیدا نەدا لە كەمی، بەوەی دەستەوەستانن لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی حكومەتدا.

عەلی خامەنەئی موڕشیدی باڵای ئێرانیش لە ڕێگەی بریكارە ئاینییەكانی لە نەجەف و كەربەلا، بۆ پاراستنی حەشدی شەعبی لە جموجۆڵە سەربازییەكانی كازمی دەستتێوەردانی كرد.

بریكارەكانی خامەنەئی لە میدیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێرانەوە پەیامێكیان بڵاوكردەوە كە بە ئامانجگرتنی بارەگا فەرمییەكانی حەشدی شەعبی و هەڵكوتانەسەریان كارێكی قبوڵنەكراوە و نابێت دووبارە ببنەوە‌، بە تایبەتیش كە ئەوەی ڕوویداوە بە هەماهەنگی نەبووە لەگەڵ دەستەی ئاسایشی حەشدی شەعبی، ئەگەر ئەم كارە دووبارە ببێتەوە ئاكامەكانی كارەساتبار دەبن.

ئەو بریكارانە ئەوەشیان گوت كە بۆچی بە هەمان سووربوون و مكوڕییەوە هێز ئەمنییەكانی حكومەت ڕووبەڕووی كردەی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا و بە ئامانجگرتنی بارەگانی حەشد لەسەر سنوری سوریا نەبوونەوە.

بریكارەكانی ئێران لە عێراق لە پەیامەكەیاندا ئەوەشیان گوت كە بۆچی لە ئێستادا هێزە حكومییەكان بەرەنگاری دەستتێوەردانی توركیا و هێرشەكانی بۆ سەر خەڵكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان نابنەوە، بۆچی هیچ جوڵەیەكی سەربازی و هەنگاوێكی دبلۆماسی و بەیاننامەی سیاسیمان لەو بارەوە هەستپێنەكرد، ئەوان لەم بارەوە ڕەخنەیان لە بێدەنگی حكومەت گرتووە كە بێدەنگن لەو تۆمەتانەی ئەمریكا دەیانداتە پاڵ هێزەكانی حەشد بەوەی خستوونییە لیستی تیرۆرەوە.

بریكارەكانی خامەنەئی لە عێراق پێیان وایە جوڵەی سەربازی  هێزە‌ ئەمنییەكانی حكومەت دژ بە حەشدی شەعبی بۆنی پلانێكی ئەمریكی لێدەێت و زۆریش مەترسیدارە. داواشیان لە كازمی كردووە نەهێڵێت ئەو ڕەفتارانە دووبارە ببنەوە، چونكە بە پرسی ڕاستەوخۆی ئەو جوڵە سەربازییە خودی كازمییە، هەمان داواشیان لە هێزە سیاسییەكان كردووە بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە كردار و ڕەفتارانه.

چاودێران لە بوێری ئێران لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستای عێراقدا سەریان سوڕماوە لەوەی‌ گەیشتۆتە ڕادەی ئەوەی فەرمان بە كازمی بكەن و دەست لە كاروباری ئەمنی وڵاتێكی خاوەن سەروەری  وەربدەن، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی هەق بە ئاشكرا هێرش بكاتە سەر كازمی.

غەزعەلی 15 پەرلەمانتاری هەن و هەندێكیان پشكداربوون لە هاتنەسەركاری حكومەتەكەی كازمی. ئەو گوتی ئەو جوڵەیەی حكومەت مەترسیدارە و فرمانەكەی كازمیش بە دەستگیركردنی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی پشێوی و پاشاگەردانییە، وتیشی دەبوو ئەو پرسە لە لایەن فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییەوە چارەسەر كرابایە.

هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق كۆششی خستنەگەڕێ كارتی فشاری بوونی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق زەقدەكەنەوە بۆ فشارخستنە سەر كازمی و هەموو دۆسییەكانی دیكەشیان بەو دۆسییەوە بەستۆتەوە.

غەزعەلی پێی وایە بوونی ئەمریكییەكان داگیركارییە، پەرلەمانی عێراقش وەدەرنانی ئەو هێزانەی پەسەند كردووە و بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریش بە گوێرەی هەموو یاساكان مافێكی ڕەوایە.

غەزعەلی ڕەخنەی ئەوەشی لە كازمی گرت كە ئاخۆ ئاگادارە فڕۆكەكانی ئەمریكا هەر كات بیانەوێت لە ئاسمانی عێراقدا جرت و فرتییانە، وتیشی بەیاننامەی دەستگیركردنی چەكدارانی حەشد لە لایەن ئەمریكییەكانەوە نووسراوە.

چاودێران پێیان وایە كازمی حەشدی شەعبی بەرەو یارییەكی مەترسیدار پەلكێش كردووە، بەو هۆیەوە ئاشنا بوو بە قەبارەی هێزی ماددی و سەربازی هێزە نزیكەكانی ئێران لە بەغدا. بەیانی هەینیش هێزەكانی حەشدی شەعبی وەك كاردانەوەیەك دەیەها ئۆتۆمبێلی سەربازییان لە نزیك ناوچەی سەوز بڵاوەپێكرد.

چاودێران وای دەبینن كە سەرباری مۆركی ئاڵێنگاری ئەو جوڵە سەربازییە و نمایشكردنی هێزەكانی حەشد، بەڵام هێشتا كارەكە كاردانەوەیەكی بە پەلەیە كە هەموو توانستە نهێنییەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانی لە عێراق ئاشكرا كردووە، ئەمەش هەلی بۆ حكومەت ڕەخساند مەزەندەی هێزی مرۆیی و سەربازی و لۆجیستی هێزەكانی حەشدی بۆ دەركەوێت.

هەروەها چاودێران پێیان وایە ئەو جوڵە كاردانەوەی حەشدی شەعبی زۆر بە سوودە بۆ دەزگاكانی هەواڵگری عێراق، واش دەكات بڕیارسازی عێراقی بەرچاوی ڕوون بێت كاتێك پلانی‌ بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە عێراق دادەڕێژن.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر