سیستەمە نوێیەكەی كاتژمێرەكانی ئەپڵ تووشی سەرسوڕمانت دەكات

هەمەڕەنگ

29/06/2020‌ 735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای ئەپڵ لە كۆنگرەی WWDC 2020 ی سیستەمێكی نوێی بۆ كاتژمێرە زیرەكەكانی ڕاگەیاند، كە گرنگییەكی زۆری بۆ تەندروستی بەكارهێنەرانی ئەو كاتژمێرە هەیە.

كۆمپانیاكە سیستەمی WatchOS 7 ی بۆ بەرهەمەكانی Apple Watch  ڕاگەیاند، كە هۆكارێكی سەرەكی چاودێریكردنی دۆخی تەندروستی و ڕێژەی چالاكی جەستەیی بەكارهێنەرانی كاتژمێرەكەیە.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سیستەمە نوێیەكە ئەوەیە كاتێك كەسەكە كەمتر لە 20 چركە دەستەكانی دەشوات، كاتژمێرەكە هانی دەدات بۆ ئەوەی زیاتر دەستەكانی بشوات تا لە ڤایرۆس و بەكتریاكان پاك ببێتەوە.

یەكێكی تر لەتایبەتمەندییەكان چاودێریكردنی نووستنی كەسەكەیە، لە كاتی نووستندا ڕێژەی لێدانی دڵ و فشاری خوێنی كەسەكە تۆمار دەكات.

هەروەها دەنگەدەنگی شوێنی نووستنەكە تۆمار دەكات و ڕێگە نادات لەو كاتەدا هیچ پەیوەندییەك یان نامەیەك بۆ كەسەكە بێت و بەپێی پێویستی تەندروستی كەسەكە خشتەیەكی نووستنی بۆ دادەنێت.

هەروەها بەكارهێنەرانی ئەم سیستەمە نوێیە دەتوانن لەڕێگەی كاتژمێرەكەیانەوە ئۆتۆمبیلەكانیان بكەنەوە، یان دابخەن، ئەم تایبەیتمەندییەش بۆ ئۆتۆمبیلە نوێیەكانی بی ئێم دەبلیوە نوێیەكان تاقیدەكرێتەوە.

لەلایەنی وەرزشییەوە، كاتژمێرەكە بەپێی خشتەیەك، باشترین كاتەكانی مەلە، یاخود پاسكیلسواریت بەپێی تەندروستی خۆت بۆ دیاریدەكات.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ