سودەكانی ڕۆیشتن بەپێ

تەندروستی

29/06/2020‌ 2536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆیشتن بە پێ، بە یەكێك لە وەرزشە جەستەییەكان ئەژمار دەكرێت و سودێكی زۆر بە تەندروستی جەستەیی و عەقڵی مرۆڤ دەگەیەنێت و وزە و میزاجی مرۆڤ بەهێز دەكات.

توێژینەوەكان دەریانخستووە، ڕۆیشتن بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و خێراییەكی دیاریكراو، بە وەرزشی هەوایی ئەژمار دەكرێت و سودێكی زۆری بۆ تەندروستی دڵ و خوێنبەرەكانی دڵ هەیە.

بەپێی درێژی ڕۆیشتن بەپێ و ڕێژەی خێراییەكەی، ئەو وەرزشە چەند سودێكی گرنگی بۆ مرۆڤ هەیە، ئەوانیش:

سوتانی كالۆری و دابەزاندنی كێش:
لەكاتی ڕۆیشتن، وەك هەر وەرزشێكی تر لێدانی دڵ زیاد دەكات، ئەمەیش دەبێتە هۆی سوتاندنی ڕێژەیەكی زۆری كالۆری و دابەزاندنی كێش.

زۆربوونی ڕێژەی وزە:
ڕۆیشتن بە پێ، دەبێتەهۆی سەرخستنی خوێن و ئۆكسجین، خوێنێكی زۆر بۆ ماسولكە گەورەكان و مێشك دەڕوات، بەمەیش مرۆڤ هەست بە وزە و چالاكبوون دەكات.

بەهێزبوونی بەرگری مرۆڤ:
ڕۆیشتنی خێرا و ڕێكوپێك، مرۆڤ لەنەخۆشییەكانی سەرمای وەكو ئەنفلۆنزا و ئەو نەخۆشیانەی پەیوەندیان بەسیستەمی بەرگرییەوە هەیە دەپارێزێت.

كەمبوونەوەی ئازار:
ڕۆیشتن ئازار كەم دەكاتەوە،چونكە خوێن بۆ ماسولكەكان دەڕوات و جوڵە ئاسانتر دەبێت.

باشبوونی تەندروستی دڵ:
ڕۆیشتن بەپێ مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆری دڵ و جەڵتەی دڵ بە ڕێژەی %31 كەمدەكاتەوە.

دابەزینی فشاری خوێن و باشبوونی میزاج:
وەرزشییە هەواییەكان، لەناویشیاندا ڕۆیشتن بە پێ، دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن و باشبوونی لایەنی دەروونی و بەرەنگاربوونەوەی نیگەرانی و غەم.

درێژبوونی تەمەن:
ڕۆیشتن بەپێ مەترسی مردنی لەناكاو كەم دەكاتەوە، هەتا ڕۆیشتن بەپێ زیاتر بكرێت، مەترسی مردنی بەنەخۆشییەكان كەم دەبێتەوە.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ