گۆڕان درێژە بەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی هەرێم دەدات

کوردستان

29/06/2020‌ 583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن سەردانی شاری هەولێریان كرد و لەگەڵ شاندێكی كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوە.

میدیای گۆڕان بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە شاندێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی راپەراندن سەردانی شار هەولێریان كرد و لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، لەبارەگای سەرەكی ئەو حیزبە كۆبوونەوە.

میدیاكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەم سەردانەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لای كۆمەڵی ئیسلامی، لە درێژەی ئەو زنجیرە سەردانانەدایە بۆ لای حیزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە، كە بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا چەند رۆژێكە دەستی پێكردووە.

رۆژی یەك شەممەش شاندەكەی گۆڕان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوونەوەو بڕیارە ئەمڕۆو رۆژی چوار شەممە لەگەڵ شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی كۆببنەوە. 

پێشتریش شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەمیدیای بزووتنەوەكەی راگەیاندبوو، كە بەمەبەستی دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی هەرێم، سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكەن، ئامانجی سەردانەكانیشیان دانانی بەرنامەیەكی ورد و خوێندنەوەیەكی ورد و بابەتییانەیە بۆ واقعی ئێستای هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك دروست بكەن، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ رزگاركردنی دۆخی هەرێم لەو قەیرانانەی تێیكەوتووە.

هـ ـ ح