گۆگڵ تایبەتمەندی نوێی بۆ یەكێك لەبەناوبانگترین ئەپڵیكەیشنەكانی زیاد كرد

هەمەڕەنگ

02/07/2020‌ 342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاش ئەوەی بوو بە یەكێك لەبەناوبانگترین ئەپڵیكەیشنەكانی پەیوەندی ڤیدیۆیی، گۆگڵ بڕیاریدا گەشە بەئەپڵیكەیشنی Meet بدات و چەند تایبەتمەندییەكی نوێی بۆ زیاد بكات.

كۆمپانیاكە ڕێگەی بە بەكارهێنەران داوە هەتا كۆتایی مانگی 9 ی ئەمساڵ ئەپڵیكەیشنەكە بەخۆڕایی بەكاربهێنن و هیچ پارەیەك بۆ ئەو مەبەستە نەدەن.

ئەپڵیكەیشنەكە، بۆ ئەوەی كێبڕكێی تۆڕە بەناوبانگەكانی وەكو "زووم" و "سكایپ" بكات، تایبەتمەندی بەنهێنی كردنی بۆ پەیوەندییەكان داناوە، بەكارهێنەر دەتوانێت لە ڕێگەی تایبەتمەندی (end to end) پەیوەندییەكانی بەنهێنی بكات.

یەكێكی تر لە تایبەتمەندییەكان ئەوەیە بەكارهێنەر دەتوانێت دیمەنی پشتەوەی خۆی بگۆڕێت، لە كاتی هەر پەیوەندییەكدا، دەتوانێت هەر شوێنێك، كە خۆی پێی خۆشە لەوێوە قسە بكات.

گۆگڵ بۆ ئەوەی وابكات ئەپڵیكەیشنەكەی زۆرترین بەكارهێنەری هەبێت، بڕیاری داوە پەیوەندییەكان فراوان بكات و لە ئێستادا 49 كەس لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنەكەوە دەتوانن لە پەیوەندیدا بن.

یەكێكی تر لە تایبەتمەندییە گرنگەكان، كە گۆگڵ نیازی هەیە بۆ ئەپڵیكەیشنەكەی دابین بكات، نەهێشتنی ژاوەژاوی دەرەوەیە و بەكارهێنەر لەهەموو شوێنێك دەتوانێت پەیوەندییەكانی خۆی ئەنجام بدات.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ