توركیا بێ رەزامەندی روسیا ناتوانێت سیستەمی "S-400" بە وڵاتانی تر بفرۆشێت

جیهان

02/07/2020‌ 1235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روسیا رایگەیاند، دووبارە هەناردەكردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "S-400" ی روسی، كە رادەستی توركیا كراون بۆ وڵاتێكی تر و بێ وەرگرتنی رەزامەندی روسیا كارێكی ئەستەمە و روسیا ڕێگە بەوە نادات.

ماریا فۆرۆبیۆڤا وتەبێژی دەستەی فیدراڵی روسی بۆ هەماهەنگی سەربازیی تەكنیكی لەبارەی پێشنیازێكی جۆن تیۆن سیناتۆری كۆمارییەكان قسەی بۆ ئاژانسی "ئینتەرفاكس"ی روسی كردووە، كە بۆچارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن لەبارەی سیستەمی "S-400"ی روسی،  پێشنیازی كردبوو، ئەمەریكا ئەو سیستەمە موشەكییە روسییە لە توركیا بكڕێتەوە، كە سەرچاوەی ناكۆكی نیوان هەردوو وڵات بووە .

وتەبێژەكە وتی: ئەو كەسانەی چەك و چۆڵی روسی دەكڕن، پێش ئەوەی جارێكی تر بەلایەنی سێیەمی بفرۆشنەوە دەبێت بەڵگەی دواین بەكارهێنەر بدەنە لایەنی روسی، بۆیە وەرگرتن و دووبارە هەناردەكردنیان بۆ وڵاتی سێیەم بێ رێگەپێدانی روسیا كارێكی ئەستەمە.

پێشتر پێگەی  " Defense News "ی ئەمەریكی، لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو، كە سیناتۆر تیۆن پێشنیازی كردووە گۆڕانكاریی بەسەر یاسای میكانیزمی كڕینی كەلوپەلە بەرگرییەكان (NDAA) دا بێنێت، كە بەپێی ئەوە رێگە بدرێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی  "S-400" ی روسی، كە توركیا كڕیویەتی لەچوارچێوەی بەرنامەی سوپای ئەمەریكا بۆ كڕینی موشەك بكڕدرێتەوە، بەومەرجەی ئەنقەرە بەڵێن بدات ئەو پارەیەی لەو گرێبەستدا دەستی دەكەوێت بۆ كڕینی كەلوپەلێكی سەربازی بەكارنەهێنێت، كە لەگەڵ پێوەرەكانی ناتۆدا نەیەتەوە .

كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی  "S-400"ی روسی لەلایەن توركیاوە، گرژییەكی زۆری لە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكادا دروستكرد، بەجۆرێك واشنتۆن بەرانبەر بەو هەنگاوە، ئەنقەرەی لە بەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی پێشكەوتووی "F-35"  دوورخستەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی