شارپرێس:
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لهنوێترین بڕیاریدا، لە دوو مانگی کرێ و باجی موڵکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی دارایی خۆشبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردهوه، داوای له بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری کردووە، دەڵێت: ماوەی چالاکی بۆ بەدەستهێنانی داهات کە دەکەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەکانییەوە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
1. خانووبەرەی میری
جێبەجێکردنی بڕگەی 1 و 2 بە بڕیاری ژمارەی 51 لە 05-05-2020ی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوونی کرێ و سوودی دواکەوتنی کرێچییەکانی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانووبەرەی میری بۆ ماوەی 2 مانگ بەهۆی رەچاوی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 11-03-2020 تاوەکو 11-05-2020 کە لەو ماوەیە نەیانتوانیوە بەشێوەی ئاسایی موڵکەکان بەکاربهێنن.
2. سەبارەت بە وەرگرتنی باج بەمشێوەیە دەبێت:
- بەخشینی باجدەران لە سزا و سوودی دواکەوتن لە باجدان بەهۆی رەچاوی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەر ماوەکە کەوتبێتە نێوان 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020.
- درێژکردنەوەی ماوەی دانی قیست بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوکردنی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020.
- درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی راپۆرتی باجی لێبڕینی راستەوخۆ بەپێی ئەو رێنماییانەی کە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەرچووە.
- سەرجەم ماوە یاساییەکانی پابەندبوونی باجدەر بە رێکارەکانی باج بۆ ماوەی دوو مانگ لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020 بەهۆی رەچاوکردنی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
3. سەبارەت بە وەرگرتنی باجی دەرامەت و کۆمپانیاکان و خانووبەرە بەمشێوەیە دەبێت:
- باجی دەرامەت و کۆمپانیاکان
پێویستە لەکاتی خەمڵاندنی باجدەران بۆ ساڵی 2020 ی دارایی رەچاوی وەستانی چالاکییەکان بکەن بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020 واتە ئەو ماوەیە خەمڵاندنیان بۆ ناکرێت.
- باجی خانووبەرە
- لەکاتی وەرگرتنی باجی خانووبەرە و زەوی دەبێ رەچاوی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020 دەستپێدەکات.