مەسعود بارزانی نیگەرانییەكانی پارتی گەیاندووە بە بافڵ تاڵەبانی

کوردستان

07/07/2020‌ 5433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، نیگەرانییەكانی پارتەكەی گەیاندووە، بە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەو كۆبوونەوەی، كە هەفتەی رابردوو لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامدراوە، بارزانی نیگەرانییەكانی پارتی گەیاندووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە كردووە، كە ئەوان وەك یەكێتی لەسەر "رێبازەكەی مام جەلال (سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی)" بەردەوام دەبن، بارزانی باسی نیگەرانییەكانی پارتی كردووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بارزانی باسی لەوە كردووە، ئەوان رێككەوتن لەنێوانیان هەیەو جەلال تاڵەبانی هەمیشە پابەند بووە بەرێككەوتن، بەڵام ئێستا ئەوە نابینن، بۆیە نیگەرانن لەسەركردایەتی نوێی یەكێتی.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لەبەرانبەردا بافڵ تاڵەبانی جەختی كردووەتەوە، پابەندی ئەو رێككەوتنانە دەبن لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیەو جەختی لەوەش كردووەتەوە، كار بۆ ئەوە دەكەن، رێككەوتنەكانی نێوانیان وەك خۆی جێبەجێبكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكی زۆرە كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە، ئەو كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووش لەنێوان سەرۆكی پارتی‌و هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامدراوە، گرژییەكانی بەرەو ئاسایی بوونەوە بردووە.

هـ ـ ح