سەربەست لەزگین: وەزیری پێشمەرگە ئاگاداری رێككەوتنی دژەتیرۆری سلێمانی‌و ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق نییە

کوردستان

15/07/2020‌ 1336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئەو هێزە عێراقییانەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو هاتنە ناوچە جێناكۆكەكان دەیانەوێت جێگیربن لەو ناوچانە، هاتنی ئەو هێزانە بێئاگاداری‌و هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزیری پێشمەرگەش بووە ئەگەرچی لەگەڵ ئەو هێزە عێراقییە هێزی دژەتیرۆری سلێمانی هەماهەنگ‌و بەشدارن لەو ئۆپراسیۆنەدا تەنانەت ئەو هێزەی دژەتیرۆر تەنانەت بێئاگاداری وەزیری پێشمەرگە، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی خۆیانە ئاگادار نییە ئەوكارەیان لەگەڵ ئەو هێزە عێراقییانە كردووە.

سەربەست لەزگین لەمیانی گفتوگۆیەكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: وەزیری پێشمەرگە كارەكەی دژەتیرۆری سلێمانی پێخۆش نەبوو، ئەو كارە خۆیان سەربەخۆ كردوویانە واتە ئەو برادەرانەی سلێمانی خۆیان تەحەمولی بەرپرسیارییەتەكە دەكەن و ئێستاش پەیوەندی دەكەن، كە ئەوە عێراق هاتووە و جێگیردەبێت و خاڵی تازە دادەنێن پێویستە پەیوەندی بە بەغدادەوە بكەن ئەو داوایانە لەئێمە دەكەن. 

بریكارەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئەوەشی وت: ئەو ناوچەیە گرنگە لەڕووی سەرچاوەی سروشتی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان‌و دەبووایە "برادەرانی سلێمانی زیاتر گرنگیان بەو ناوچەیە بدایە، بەداخەوە هەست دەكەم، كە ئیهمالییەك هەبێت". 

هەروەها دەڵێت: ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە ئاگامان لەو كارە نییە و ئەوانەی ئەو ڕێكەوتنەیان كردووە و ئەو ئۆپراسیۆنەیان ئەنجامداوە، خۆیان بەرپرسن هەرشتێك ڕووبەڕوویان بێتەوە، یاخود هەرشوێنێك هێزەكانی عێراقی لێبێت و جێگیر ببن تەحەمولی بەرپرسیارییەتەكە دەكەوێتە سەر ئەولایەنانەی، كە ئەم ئیشەیان كردووە، عێراقیش بەبیانووی ئەو شوێنانەی، كە بۆشاییان هەیە دەیانەوێت هێز لەو ناوچانە جێگیر بكەن و ئەمەش لێپرسراوییەتەكە دەكەوێتە سەر برادەرانی سلێمانی ئەوانەی، كە لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار و هەنگاوی ناڕەوا دەدەن كاری ناڕەوا دەكەن.

بەپەلە