داهێنانی ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بۆ نابیناكان

هەمەڕەنگ

30/07/2020‌ 211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنتۆنی كامۆ، خوێندكار لە زانكۆی لۆبۆرۆ لە بەریتانیا، ئامێرێكی ئەلیكترۆنی هاوشێوەی ئامێری قژ وشككەرەوە، كە گونجاوە بۆ بەكارهێنان، داهێناوە‌و شوێنی سەگە ڕاهێنراوەكان دەگرێتەوە و دەبێتە یارمەتیدەری نابیناكان.

خوێندكارەكە ناوی ئامێرەكەی ناوە  Theia، پاش ئەوەی، كە بە ئینتەرنێتەوە دەبەسترێتەوە لەڕێگەی داواكاری دەنگەوە كارەكان جێبەجێدەكات و دەتوانێت یارمەتی نابیناكان بدات بۆ ئەوەی بگەن بەو شوێنەی، كە داوای دەكەن.

هەرچەندە ئامێرەكە لە ئێستادا هەموو تایبەتمەندییەكانی كارا نییە، بەڵام ئەم ئامێرە وەك چاوساغێك وایە بۆ نابیناكان و لە ڕێگەی داواكاری كەسەكەوەو ئەو ئۆتۆمبێلانەی، كە بە خودكار دەتوانن بڕۆن، كارەكان جێبەجێدەكات.

ئامێرەكە لەسەر چەند خۆبەخشێك تاقیكراوەتەوە، دەتوانێت بەباشی ئەركەكانی خۆی ڕابپەڕێنێت و شوێنی سەلامەت بۆ پەڕینەوەی كەسەكە هەڵبژێرێت، ئەگەر بەربەستێكیش لەڕێگە هەبێت، ئەوا كەسەكە ئاگادار دەكاتەوە بە پێی توانا ئاگاداری خۆی بێت.

كامۆی داهێنەری ئامێرەكە دەڵێت: داهێنانی ئەم ئامێرە لەپێناو خێرا پەڕینەوەی نابیناكان لە ڕێگا قەرەباڵغەكان، تەنانەت دەتوانن لەكەسانی چاوساغیش خێراتر بپەڕێنەوە بەبێ هیچ دودڵیەك و بنی هیچ مەترسییەك.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ