چی پەیوەندییەك لەنێوان نەخۆشی شەكرەو گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا هەیە؟

تەندروستی

01/08/2020‌ 497 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزای روسی، ڤالنتین ڤادێڤ ئەندامی ئەكادیمیای روسی بۆ زانستەكان و سەرۆكی بەشی كوێرە رژێنەكان لەپەیمانگای پزیشكی كلینیكی سەر بە زانكۆی سیتشینۆڤ باسی لە پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەكرەو گیان لەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆناوە كردووە.

ڤادێڤ لەمیانی لێدوانێك دەڵێت: هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان نەخۆشی شەكرە و گیانلەدەستدان بەهۆی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆڕۆناوە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخۆشی شەكرە دەبێتە هۆی توندكردنی نەخۆشییەكانی تری كەسەكە، بۆیە بەشێكی زۆر لەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە گیان لەدەست دەدەن.

پێشتر پۆڕتاڵی "مێدیكاڵ ئێكسپرێس" لەناوەندی ئەمەریكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپاراستنی گواستبووەوە، كە نەخۆشی شەكرە ١٢ قات مەترسی گیانلەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیاتر دەكات.

لەو بارەیەوە ڤادێڤ دەڵێت: هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ و دیاریكراو لەنێوان گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و بەرزبوونەوەی شەكردا نییە، بەڵام پەیوەندی بە دۆخی گشتی جەستەیی نەخۆشەكەوە هەیە، كە لەكەسی تووشبووی شەكرەدا زۆر خراپە، واتە نەخۆشی شەكرە دەبێتە هۆی وێرانكردنی هەموو سیستەمی جەستەی مرۆڤ ، بۆیە نەخۆشی شەكرە لەكەسانی تر زیاتر مەترسی لەسەرە.

لەهەمان كاتدا، ئەو پسپۆڕە روسییە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لای كەسانی تووشبووی شەكرە لەكەسانی ساغ و ئاسایی زیاتر نییە .

ڤادێڤ ڕێنمایداوە بەوەی دەبێت نەخۆشانی شەكرە بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەكەدا بكەن، ئەگەر بتوانن كۆنترۆڵی بكەن، ئەوە مەترسییەكانی پەیوەست بە هەموو گرفتەكانی تریش كەمدەكاتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی