فشارەكانی لۆبی كورد لەئەمریكا دەستیپێكرد

مەلەفی تایبەت

01/08/2020‌ 2463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی بەكارهێنانی گروپەكانی فشار لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات، بۆ ئەوەی سزاكانی قەیسەر لەلایەن ئەمریكاوە ئیدارەی كوردی نەگرێتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، سەركردەكانی سوریای دیموكرات، كە كوردەكان كۆڵەكەی سەرەكین تێیدا، گروپەكانی فشار لە واشنتۆن بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی لە یاساكانی قەیسەر بەدەربن و توركیا دووربخەنەوە لە پشتیوانی كردنی ئەمریكا بۆ پرۆسە هێرشبردنەكانیان. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەم هاوینەدا یاسای قەیسەر لە ئەمریكا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە تێیدا هەر پەیوەندییەكی فەرمی لەگەڵ دیمەشقدا قەدەغە دەكات، ئیدارەی كوردیش، كە كەلوپەل بە حكومەتی ناوەندی سوریا دەفرۆشێت، رەنگە بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم یاسایەوە.

لەسەر ئەمە، سەركردە كوردەكان گرێبەستێكیان بۆ ماوەی شەش مانگ لەگەڵ پارێزەری بەناوبانگ ئەیال فرانك و كۆمپانیەكەی مۆركردووە بۆ فشار دروست كردن لە سەر كۆنگرێس و ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت.

لەو بارەوە نێردەی پێشووی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ گواستنەوەی سیاسی لە سوریا (فردریك هوف) روونیكردووەتەوە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەیال فرنكیان بەكرێ گرتووە بۆ ئەوەی لە بواری پەیوەندیەكانی فشاردا ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارە و ئەندامانی كۆنگرێس، سەبارەت بەو پرسانە گفتوگۆبكەن، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات بە گرنگی دەزانن. 

فرانگ رۆڵێكی بنەڕەتی گێڕاوە لە دروستكردنی ئەنجوومەنی كاری ئەمریكی كوردستانی بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر، لەبەر ئەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات متمانەی رەهایان پێی هەیە.

ئەو دیبلۆماتەی پێشووی ئەمریكا بە دووری نازانێت یاسای قەیسەر هەموار بكرێتەوە، كە تێیدا هیچ ئەنجامێكی خراپی بێمەبەست بە بەڵگەنامەكە بگەیەنێت، كە رێگە بە ئەمریكا دەدات مافی هەبێت لە سەپاندنی رێكاری كۆت و بەند كردن لەسەر ئەو رێكخراوو كەسانەی هاوكاری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پێشكەشی حكومەتی سوریا دەكەن.

تا ئێرە، واشنتۆن بەوردی قسەی لەسەر ئەوە نەكردووە، كە ئیدارەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا دەكاتە نێو لیستی سزاكانەوە و پێدەچێ كوردەكان لەم دەستپێشخەریە یاساییەدا بەدەر بن.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا