موسه‌نا ئه‌مین: كازمی ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی له‌ده‌ستدا نییه‌

عیراق

01/08/2020‌ 219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موسه‌نا ئه‌مین، ئه‌ندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا نییە، بەڵکو دەبێت پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق له‌میانی لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "بەپێی دەستووری عێراق تاوەکو پەرلەمان لە کاردا بێت هەڵبژاردن ناکرێت. بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش واتا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، کەواتە دەبێت زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت".
 
به‌گوێره‌ی یاسا داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە دوو شێوە دەبێت، یەکەمیان ئەوەیە کە یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوایەک پێشکەش بکەن، یان داوایەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بە رەزامەندیی سەرۆک کۆمار پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت.
  
لە بارەی بڕیاری مسته‌فا كازمی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ 2021/6/6 موسەننا ئەمین ئاماژە بەوە دەکات هەندێک بۆچوون لەناو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەن کە دەڵێت ساڵێک یان ساڵ و نیوێک بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستە.


ڕ . ج