دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت عێراق لەكێشمەكێشی گەورە نزیك دەكاتەوە

عیراق

01/08/2020‌ 451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، جارێكی تر گۆمی سیاسی عێراقی شڵەقاندەوە، بەو پێیەی زۆرێك لە هێزە گەورە شیعییەكانی عێراق دژی ئەم هەنگاوەن، بۆیە چاوەڕوانی ئاڵۆزتربوونی دۆخی سیاسی عێراق دەكرێت.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، 6ی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد، لەكاتێكدا هێشتا لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە.

زۆرێك لەبەرپرسانی عێراق، پێشبینی دەكەن 10 مانگی داهاتوو، پڕبێت لە كێشمەكێش و ئاڵۆزی و تەنانەت ترسیان لە خراپبوونی دۆخی ئەمنیش هەیە، بەو پێیەی هێزە شیعیەكان لەڕووی پێگەی جەماوەری یەوە، ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن، بڕیارەكەی كازمیش وەك قۆستنەوەی هەل لەدژیان تەماشا دەكەن.

بەهار مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیكردەوە مەترسی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق لە ئارادایە، گەر پێكهاتە و لایەنەكان، درك بە مەترسیەكان نەكەن و دەستبەرداری بەشێك لە خواستەكانیان نەبن.

لایەنە شیعییەكان هێندە لە جم و جۆڵەكانی مستەفا كازمی نیگەرانن، پێناچێت هەروا دەستەوەستان بن، بۆیە چاودێران پێیانوایە عێراق لەبەردەم چەندین سیناریۆی جیاوازدایە، بەشێك پێیانوایە، هێزە شیعیەكان دژی كازمی دەجوڵێن و هەوڵی خستنی حكومەتەكەی دەدەن.

بەشێكی تر پێیانوایە، گروپە شیعییەكان دژی كازمی دەجوڵێن و دۆخەكەی لی ئاڵۆز دەكەن، ڕێگە نادەن جوڵەكانی كازمی بەردەوام بێت، بە تایبەت كازمی پلانی هەیە بۆ 10 مانگی داهاتوو، هەندێك هەنگاوی گەورە لەدژیان بنێت، بەشێوەیەك بۆ هەڵبژاردن لە قاڵبیان بدات.

تێڕوانینێكی جیاوازتر ئەوەیە، گەر وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەندێك لە هێزە عێراقیەكان پشتیوانی كازمی بن، بەتایبەت كوتلەی سەدر و ڕەوتی حیكمە و چەند هێزێكی تر، ڕەنگە كازمی بتوانێت لە هەنگاوەكانی بەردەوام بێت و پلانەكانی جێبەجێ بكات.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیكاریە سیاسییەكان، بڕیارەكەی كازمی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بە ئاسایی و مەعقول دەبینێت، بەتایبەت هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێكە لەو خواستانەی حكومەتەكەی كازمی بۆ پێكهێنراوە، لەو بارەوە بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: بەڵام دۆخی عێراق و ئاستەنگەكانی بەردەمی، لەوە ناچێت بە ئاسانی ڕێگە بە كازمی بدات، هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدات.

كازمی دەیەوێت هەڵبژاردن بە یاسای نوێ ئەنجام بدرێت، كە یاساكە هەرچەندە لەپەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام هەڵبژاردنی فەردی و شێوازی دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا مشت و مڕیان لەنێو لایەنەكاندا لەسەرە.

بەشێك لە لایەنەكان پشتگیری ئەوە دەكەن، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، بەشێكی تر لەگەڵ ئەوەدان، هەڵبژاردنەكە بكرێتە فرە بازنەیی، هەر قەزایەك گەر ژمارەی دانیشتوانەكەی كەمتر نەبێت لە 100 هەزار كەس، بكرێتە بازنەیەكی هەڵبژاردن، هەر ناوچەیەكیش گەر ژمارەی دەنگەكانی كەمتر بێت لەو ژمارەیە، لەگەڵ ناوچەیەكی تردا تێكەڵ بكرێت.

محەمەد حسێن، پێیوایە گەر هەڵبژاردن بە یاسای نوێ ئەنجام بدرێت و ڕێگە بە خۆ هەڵبژاردنی كەسایەتی بدرێت و هەڵبژاردنەكە فرە بازنە بێت، بڕێكی زۆر لەم هێزانە تەواو بچوك دەبنەوە و دونیایەك خەڵكی تازە دێنە پێشەوە، حەشدی شەعبیش هێزی ئێستای نامێنێ، وتی: بۆیە چەندین پرسیاری بێ وەڵام دێنە پێشەوە، ئایا ڕێگە بەم گۆڕانكاریە گەورە دەدرێ؟ ئایا هەوڵی خستنی حكومەتەكەی كازمی پێش گەیشتن بە وادەی هەڵبژاردن نادرێ؟.

بەشێك لەبەرپرسانی عێراق، كە دەنگی ئەمەریكا بۆ ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ كردوون، پێیانوابوو جوڵەكانی كازمی نیگەرانی لای وڵاتانی ئیقلیمیش دروستكردووە، بۆیە ڕەنگە ئەوانیش ببنە بەشێك لە سیناریۆ و فشارەكانی سەر كازمی، بەتایبەت ناوبراو خواستی هەندێك وڵاتانی ڕەتكردووەتەوە.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو گرفتانەی وڵاتانی ئیقلیمی بۆی دروست دەكەن، ڕایگەیاند"ناتوانین هیچ قەیرانێك چارەسەر بكەین، تا سەروەری بۆ وڵات نەگەڕێنینەوە."

دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختیش لەلایەن كازمیەوە، وەك چۆن لەڕووی سیاسیەوە دۆخەكەی شڵەقاندووە و هێزە شیعیەكانی توڕە كردووە، لەڕووی یاسایشەوە تێڕوانینی جیا و مشت و مڕی لەسەرە.

بەهار مەحمود، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە، وتی: دەستنیشانكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەدەسەڵاتی سەرۆك وەزیران نیە، بەپێی دەستور بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، سەرۆك كۆمار داوای هەڵبژاردن بكات، سەرۆك وەزیرانیش وادەی هەڵبژاردن بەجۆرێك لە 100 ڕۆژ تێپەڕ نەكات، دیاریدەكات."

كازمی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی دیاریكرد و پلانی هەیە لەماوەی 10 مانگی داهاتوودا، هەنگاوی جدی و بەشێك لەو بەڵێنانەی داویەتی جێبەجێ بكات، لەبەرامبەریشدا بەشێكی زۆر لەهێزە دەسەڵاتدارەكانی عێراق توڕە و نیگەرانن، بۆیە چاوەڕوانی شڵەقاندنی گۆمی سیاسی عێراق لەداهاتوودا دەكرێت، بەشێوەیەك ململانێكە تەواو توندببێتەوە و بگاتە ئاڵۆزیش.