ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای ئەمەریكی و روسییەكان بۆ وەبەرهێنان داواكاریان پێشكەشی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان كردووە

کوردستان

04/08/2020‌ 951 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبد حامید مەهباش، هاوسەرۆكی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئیدارەی خۆسەر خەریكی هەڵسەنگاندنی داواكاری ژمارەیەك كۆمپانیای روسی و ئەمەریكییە بۆ ئەوەی لەچەندین بواری جۆراوجۆری خزمەتگوزاریدا لەناوچەكە وەبەرهێنان بكەن.

لێدوانەكانی مەهباش دوای ئەوە دێت، كە لیندسی گراهامی گەورە سیناتۆری كۆمارییەكان لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئاشكرایكرد، كۆمپانیایەكی نەوتی ئەمەریكی گرێبەستی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات واژووكردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریادا بكەن، كە لەئێستادا رۆژانە نزیكەی ٢٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن .

لای خۆیشییەوە سەرچاوەیەك لەناو وەزارەتی دەرەوەی سوریا، كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە بە ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سوری رایگەیاند، حكومەتی دیمەشق زۆر بەتوندی سەركۆنەی ڕێكەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و كۆمپانیا نەوتییەكەی ئەمەریكا دەكات و رێكەوتنەكەشی بە دزینی سامانی گەلی سوریا وەسف كردووە .

لەبەرانبەردا ، عەبد حامید مەهباش هاوسەرۆكی ئیدارەی خۆسەر، ئەو تۆمەتانەی حكومەتی دیمەشقی رەتكردووەتەوە و جەختیكردووەتەوە، كە "پرۆژەی ئیدارەی خۆسەر سورییە و هەر بە سوریایی دەمێنێتەوە".

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی