سیناریۆی رووبەرووبوونەوەی كوڕانی هەرەمەكان‌و نەوەی ئینكشارییەكان

توێژینەوە و شیکاریی

04/08/2020‌ 1413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "سفوبودنایا پریسا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی سیناریۆكانی رووبەرووبوونەوە لە نێوان كوڕانی هەرەمەكان‌و نەوەی ئینكشارییەكان.

بەگوێرەی پۆلێنكردنی گلۆباڵ فیری پاوەر، میسر لەتوركیا بەهێزترە، بەوەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر تایبەتمەندیەكی گەورەی هەیە لە سەربازو زرێپۆش و فڕۆكە، هەرچی ئەردۆغانە دوو ئەوەندەی میسر لە سوپادا خەرج دەكات و پیشەسازی بەرگری تایبەت بە خۆی هەیە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەر شەڕ لە گۆڕەپانێكی كراوەدا بكرایە، میسرییەكان دەیانتوانی بەسەر توركەكاندا سەربكەون، بەڵام ژمارەكان تەنیا ئاماژە بۆ تواناكان دەكەن، لە كاتێكدا مێژوو ژمارەیەك نموونەی تێدایە كاتێك كەمینە سەردەكەون، هەتا لە ژێر سایەی چەكی زۆریشدا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، دیارە كە سوپای میسر بە شەرمێكی زۆرەوە هەموو ئەو جەنگانەی دۆڕاندووە، كە لەگەل ئیسرائیلدا كردویەتی، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لە پێش ئیسرائیلەوە بووە. 

هەروەها لەراپۆرتەكە باس لەوە كراوە، كە لەكاتێكدا هێزە چەكدارەكانی توركیا توانیویەتی لەسەرجەم ململانێ سنوردارەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، لە نێویاندا جەنگە بە وەكالەت لە تەك حكومەتی ویفاقی لیبیادا، لەگەڵ ئەوەی لیبیا و قوبرس دابەشكراون بۆ دوو نیوەو لە ئیسرائیل ناچن.

لەگەڵ ئەوەدا، توركەكان متمانەیان بە خۆیان هەیە، كە بە ئاسانی بەسەر میسریەكاندا سەردەكەون و بە جەنگاوەری خراپ وەسفیان دەكات. 

ئەوەی جێگای تێڕامانە، كە نەوەی ئینكشارییەكان دڵنیان لەوەی سوپای سەر خاكی هەرەمەكان تەنیا بە چەكی روسی تەیار كراوە و دەڵێن جەنگەكە لە نێوان ناتۆو چەكی روسیادا روودەدات.

بەڵام، ئەوەی دیارە جەنگی راستەوخۆ لە نێوان میسرو توركیا روونادات، سەرجەم شارەزا سەربازییەكان لە قاهیرەو ئەنقەرە، وایدەبینن ئەگەری روودانی ئەم پەرەسەندنە یەكسانە بەسفرو پێدەچێت پێكدادانی بە وەكالەت رووبدات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا