جەلیل گادانی بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە كۆچی دوایی كرد

کوردستان

06/08/2020‌ 969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حیزبی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی جەلیل گادانی بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە لەهەولێر راگەیاند.

حیزبی دیموكرات ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند، بە داخ و كەسەرێكی زۆرەوە ڕادەگەیەنین، جەلیل گادانی، سیاسەتمەدار، كەسایەتی دیاری سیاسیی كورد و تێكۆشەری دێرینی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی سیاسی كورد، پاش حەوت دەیە تێكۆشانی سیاسی لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەكەیدا كۆچی دوایی كرد.

حیزبی دیموكرات راشیگەیاند، جەلیل گادانی ماوەی هەفتەیەك بوو بۆ چارەسەری نەخۆشی كۆرۆنا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێریی پزیشكیدا بوو، كە بەداخەوە ئەمڕۆ چووە ڕیزی كاروانی نەمرانەوە.

جەلیل حاجی ئەحمەدی - جەلیل گادانی لەساڵی 1934 لەشاری مەهاباد لەدایكبووەو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەمەهاباد تەواو كردووە، یەكەمین قوتابخانەی كوردی شەوانەی نهێنی لەماڵی ئەوان لەساڵی 1944 دروستبووەو لەساڵی 1972 لیسانسی لەزمانی فەرەنسی لە زانكۆی تاران وەرگرتووە.

ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و لەسەردەمی دەسەڵاتی محەمەد رەزا شادا ماوەی 13 ساڵ زیندانی بووەو لەزیندان سێ زمان فێربووەو چەند كتێبێكی وەرگێڕاوەو 27 ساڵە رۆژهەڵاتی كوردستانی جێهێشتووە،  دوای جیابوونەوە لە حیزبی دیموكرات بووە سكرتێری حدكا-رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ.