زیانە ماددییەكانی تەقینەوەكەی بەیروت ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

لە میدیاکانەوە

13/08/2020‌ 771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكەی ئاسایشی ناوخۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی لوبنان رایگەیاند، تائێستا سێ هەزار و ٩٧٢ بینا و چوار هەزار و ٢١٤ ئۆتۆمبیل زیانیان بەركەوتووەو زیانە مادییەكانیش 15 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، میشێل عەون، سەرۆك كۆماری لوبنان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ شای ئیسپانیا، فلیپی شەشەم ئەنجامداوە سەبارەت بە تەقینەوە بەهێزەكەی بەندەری بەیروت قسەیان كردووە.

لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا، عەون باسی لەوە كردووە، كە پێشبینی دەكرێت ئەو زیانە ماددیانەی بەهۆی تەقینەوەكەوە كەوتوونەتەوە، ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت.

لای خۆیەوە، فلیپی شەشەم جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی لەم كاتە سەختەدا لە پاڵ لوبناندایە.

لە لایەكی دیكەوە لە راگەیەندراوێكدا، كە لەلایەن یەكەی ئاسایشی ناوخۆیی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی لوبنانەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە، كە لە چواری ئابەوە لەوەتەی تەقینەوەكە روویداوە، دەستكراوە بە كارەكانی دیاریكردنی زیانەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە، كە تا ئێستا، سێ هەزار و ٩٧٢ بینا و چوار هەزار و ٢١٤ ئۆتۆمبیل زیانیان بەركەوتووە و هێشتا كارەكانی دیاریكردنی زیانەكان درێژەی هەیە.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە، كە لەو ماوەیەدا موڵكە تایبەتەكان خراونەتە ژێر پارێزی تایبەتەوە دژبە رووداوی دزیكردن و تا ئەمڕۆ نزیكەی ٤٠ كەس بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیركراون.

ئێستا تیمێكی پسپۆڕ دروستكراوە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ناسنامەیان دیار نییە لەگەڵ دۆزینەوەی ناسنامەی بێ سەروشوێنان.

لە چواری ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە كۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەكە كەوتەوە، كە ماددەی تەقینەوەی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەكی زۆر بەهێز روویدا، كە هەموو بەیروتی هەژاند.

سەرۆك كۆماری لوبنان، میشێل عەون باسی لەوە كردبوو، كە تەقینەوەكە بەهۆی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆمەوە روویداوە، كە شەش ساڵە لە كۆگایەكی بەندرەری بەیروتدا هەڵگیراوە.

بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەكانی بەرپرسانی تەندروستی لوبنان لە تەقینەوەكەدا، ١٧١ كەس گیانیان لەدەستداوە، ٣٠-٤٠ كەس بێ سەروشوێنن و نزیكەی شەش هەزار كەس برینداربوون كە ١٢٠یان لەژێر چاودێری چڕدان و هەزار و ٥٠٠ كەسیش چارەسەری تایبەتیان بۆ دەكرێت.

بەپەلە