پەیامی ئەردۆغان بۆ ماكڕۆن لەڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە

ڕاپۆرت

05/09/2020‌ 6652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەردانە بە پەلەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرە، كە لەسەر داوای توركیا بووە، دەكەوێتە چوارچێوەی ڕەفتاری هەلپەرستانەی توركەكان لەمامەڵەكردنیان لەگەڵ هەرێمدا كە ئەنقەرە وەك دەروازەیەك لێی دەڕوانێت بۆ قایمكردنی شوێنپێی خۆی لەسەر خاكی عێراق، ئەمەش لە جوغزی ئەو ململانێ هەژموونخوازییەی حكومەتەكەی داد و گەشەپێدانی توركیا بە شێوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ چەند لایەنێك لە ناوچەكەدا تێیەوەگلاوە، بە تایبەتیش لەگەڵ فەڕەنسا و تایبەتریش لە دوای سەردانەكەی ماكڕۆن بۆ عێراق.

دوای كەمتر لە 48 كاتژمێری سەردانەكەی ماكڕۆن بۆ عێراق، ئەنقەرە بە پەلە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی توركیا كرد، ئەمەش پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ فەڕەنسا كە لە لە لیبیا و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەراست و لوبناندا لەگەڵ ئەنقەرە لە ململانێ دایە.

لەو ساوەی مەسعود بارزانی مامی لە ساڵی 2017 دەستبەرداری سەرۆكایەتی هەرێم بووە، ئەمە دووەم سەردانی نێچیرڤان بارزانییە بۆ توركیا، لە هەردوو سەردانەكەشدا چاوی بە ئەردۆغان كەوتووە، دوا چاوپێكەوتنیشی داخراو بووە، بە گوێڕەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی، كۆبوونەوە داخراوەكەی ئەمجارەیان نزیكەی كاتژمێرێك و 15 خولەكی خایاندووە.

بە گوێرەی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیاشدا كۆبۆتەوە، لەو دیدارەشدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵی و ئابوورییەكانیان كردووە، هەردوولاش جەختیان لە گرنگی بەرفراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان كردۆتەوە.

هەر لەو دیدارەشدا سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، بە تایبەتیش لە ڕووی ئابوورییەوە تاوتوێ كراوە، وەزیرە توركییەكە ئامادەباشی وڵاتەكەی نیشانداوە كە لەو بوارەدا یارمەتی و هاریكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات. 

چاودێران پێیان وایە توركیا لە ڕێگەی بانگهێشتكردنی كتوپڕی سەرۆكی هەرێمەوە كە پێشتر لە بەغدا چاوی بە ماكڕۆن كەوتووە، مەبەستی بووە پەیامێك ئاراستەی  فەڕەنسا بكات، بەوەی ئەنقەرە خاوەنی چەندەها هاوپەیمانە لە عێراق، لە ڕێگەی هاوپەیمانەكانیشییەوە داتوانێت شوێنپێیەك لەو وڵاتە بۆ خۆی مسۆگەر بكات، ئەمەش لە ترسی ئەوەی نەوەك پاریس بەغدا بەلای خۆیدا ڕابكێشێت و لەسەر هەگبە و كەوڵكی بەرژەوەندییەكانی توركیا، پاریس بازنەی هاریكاری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵ عێراقدا فراوان بكات. 

دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر لە حكومەتی مەركەزی بەغدا بەداخن كە لەم دواییانەدا فشاری دارایی زۆریان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان، بە هۆی وابەستەنەبوونی هەرێمیش بە پابەندبوونی بە ڕادەستكردنی داهاتەكانی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، بەغدا ڕازی نەبووە بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت.

هەرێم لەوەش توڕە بوو كە ماكرۆن – وەك پیشەی زۆربەی ئەو سەرۆكانەی سەردانی عێراق دەكەن - سەردانی هەرێمی كوردستانی نەكردووە، لە كاتێكدا فەڕەنسا بەوە ناسراوە كە هەمیشە پشتیوانی كوردەكان بووە.

لێرەوە هەستیاری توركیا بەرامبەر ڕۆڵی فەڕەنسا لەگەڵ توڕەیی كوردەكان لە بەغدا و پاریس یەكانگیر بوون و بەرژەوەندییەكی هاوبەشی لە نێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هێناوەتەكایەوە. 

ماكرۆن لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق پرسی پاراستنی سەروەری عێراقی ورژاند، نیازمەندی خۆشی نیشاندا كە بە هاریكاری نەتەوە یەكگرتووەكان  پێشدەستییەك بۆ پشتیوانیكردن لە سەروەری عێراق بخاتەڕوو، وتیشی جەنگ لە پێناو سەروەری عێراقدا كارێكی زۆر پێویستە، عێراقییەكانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی هێزە هەرێمی و توندڕەووە ئیسلامییەكان، شایستەی ئەوەن چەند بژاردەیەكیان لەبەرداستدا بێت. 

لە ماوەی پێشووشدا، بە هۆی هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بە بیانووی جەنگان دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان، توركیا سەروەری عێراقی پێشێلكردووە، ئەمەش دبلۆماسیەتی عێراقی قەلس و تەنگەتاو كرد و ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو دەستتێوەردانە نیشاندا، داواشیان لە ئەنقەرە كرد بە زووترین كات پێشیلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بوەستێنێت، كەچی ئەنقەرە گوێی بەو داوایە نەدا و بە هەندی وەرنەگرت.

ئەوەی ترسی توركیای لە سەردانەكەی ماكڕۆن بۆ بەغدا چەندجارە كردووە، ئەوە بوو كە سەردانەكە دەچێتە خانەی كۆششە چڕوپڕەكانی كانی پاریس بە ئاراستەی عێراق و گرنگیپێدانی لە ڕادەبەدەر بەو وڵاتە، بەوەی هەژموونی خۆی تێدا زیندوو بكاتەوە، چونكە پاریس پێش گلانی ڕژێمی بەعس، خاوەن پێگەیەكی بەرفراوان بوو لە عێراقدا.

جوڵەكەی ماكرۆن بەرەو عێراق لە كاتێكدا بوو كە توركیا ئومێدی ئەوەی هەبوو بازنەی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی لەگەڵ بەغدادا فراوانتر بكات و پشكێكی زۆر باشیشی هەبێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق و ژیرخانە ئابوورییەكەی.

پێش سەردانەكەی ماكڕۆن- یش بۆ عێراق، هەر یەك لە جان ئیف لودریان- ی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فلۆڕنس بالی وەزیری سوپا فەڕەنسییەكان، لە مانگی ئۆگستۆسی ڕابردوو سەردانی عێراقیان كردبوو.

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كاتێكی هەستیاردا بوو، لە ئان و ساتێكدا بوو كە ئەنقەرە بێ هیچ هەماهەنگكارییەك لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمدا، بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق، لە كاتێكدا هەردوو حكومەت بە توندی ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕووە، بە تایبەتیش كە هێرشەكان قوربانی مەدەنی و سەربازی عێراقی لێكەوتۆتەوە.

هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتار، ئەو سەردانەی نیچیرڤان بارزانی بۆ توركیا بەوە وەسف كرد كە بێڕێزیكردنە بە قوربانیانی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق.

ناوبراو لە بەیاننامەیەكدا لەوبارەوە گوتی: دەبێت نیچیرڤان بارزانی هۆكارەكانی ئەو سەردانەی بۆ ڕای گشتی ڕوون بكاتەوە، بە تایبەتیش كە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم لە دوای سەردانەكەی ماكڕۆن بوو بۆ عێراق، كە تیایدا تاوتوێی پێشیلكردنی سەرورەی عێراقی كرد لە لایەن توركیاوە، ناوبراو ئەوەشی گوت كە سەرۆكی هەرێم لەو سەردانەیدا تەنها ئەندامانی حزبەكەی (پارتی دیموكرات) یاوەری بوون، سەردانەكەش كتوپڕ بووە و پێشتر ڕانەگەیەنراوە، ئەمەش چەندەها لێكدانەوە لەخۆ دەگرێت، بۆیە پێویستە سەرۆكی هەرێم هۆكار و ووردەكاری ئەو سەردانە بۆ ڕای گشتی ڕوون بكاتەوە.

سەرۆكی هەرێم لەو سەردانەیدا بۆ توركیا هەریەك لە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی هەرێم، كەریم سنجاری بەڕێوەبەری نووسنگەی هەرێم، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و فەلاح مستەفای ڕاوێژكاری لەگەڵدا بووە. 

بەرهەڵستكارانی سیاسەتەكانی پارتەكەی بارزانی دەڵێن كە دیدگای توركیا بۆ كوردەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ جیاوازییەكی نییە لە دیدگایان بۆ كوردەكانی توركیا و سوریا و ئێران، ئەوان بە پاڵنەری شۆفێنیزمی نەتەوەیی تەماشای پرسی كورد دەكەن، ئەم دیدگایەش لە سەردەمی حكومەتەكەی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان زۆر گەشەی كردووە.

نەیارەكانی سیاسەتەكانی پارتی لە هەرێمی كوردستان، توركیا وەك دوژمنێكی سەرسەخت دەبینن، بە تایبەتیش كاتێك لە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا، بە هەمان شێوەی ئێران و عێراق ، هەڵوێست و ڕێوشوێنی دژ بەو ڕیفراندۆمەی گرتەبەر و داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامەكەی كرد. نەیارەكانی سیاسەتەكانی پارتی پێیان وایە لە پرسی ناوچە دابڕیندراوەكانیشدا، توركیا خاوەن هەڵوێستی ڕاشكاوانەی نەرێنیی بووە دژ بە كوردەكان، هەمیشەش دەڵێن كەركوك كوردستانی نییە و بەردەوامیش جەخت لە مافی توركمانەكان دەكەنەوە.

سەرباری ئەوەش توركیا هیچ كات دوودڵی ناكات لەوەی ڕێگری بكات كورد لە ناوچەكە نەبنە خاوەن قەوارەیەكی نەتەوەیی، كەچی ناچاریشە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتە نیمچە سەربەخۆكەی هەرێمی كوردستانی عێراقدا بكات كە دەوڵەتە زلهێزەكان  بە تایبەتیش ئەمریكا كردیانە ئەمری واقع، كەچی ئەنقەرە هەمیشەش وویستوویەتی گەمارۆی ئەو ئەو هەرێمە بدات و سەركردەكانی جڵەوگیر بكات و لەو شوێنەی پێویستە  و بە مەبەستی هێنانەدی ئامانجە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەكانی خۆی، وەك ئامرازێك بیانخاتەگەڕ.  

سەرچاوە:  پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر