عێراقییەكان پارەكانیان ناخەنە بانكەكان

ئابوری

09/09/2020‌ 1374 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆرینەی پارەی نەختینە لەدراوی عێراقی لە دەرەوەی بانكەكان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكەكان نییە پارەكانیان لێهەڵبگرن.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی جەزیرە، بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان پارەكانیان ناخەنە بانكەكان، عێراق تووشی قەیرانی گەورەی نەختینە بووە، بەتایبەتی لە دوای دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی‌و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئێستا حكومەتی عێراق لەكێشەدایە، بەتایبەتی لە دابینكردنی پارەی نەختینە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و جێبەجێكردنی پرۆژەكان.

ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانەوە، حكومەت بەرەو قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەبانكەكان هەنگاوی ناوە، بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی لەداهاتەكەی هەیە، بە قەرز پڕیبكاتەوە.

لەمەشدا حكومەتی عێراق بەتایبەتی لەئاستی ناوخۆ تووشی كێشە بووە، چونكە بانكەكان خۆیان بەشێوەیەكی سەرەكی بەدەست نەبوونی پارەی نەختینە دەناڵێنن‌و ناتوانن قەرز بدەنە حكومەت.

زۆرێك لەبەرپرسان و شارەزایانی عێراق، نەبوونی متمانەی هاووڵاتی عێراق بەسیستمی بانكی بۆ چەندین هۆكار دەگێڕەوە، كە لەگرنگترینیان نەبوونی متمانەی ژێرخانی سیستمی بانكییە بەهەموو جۆرەكانییەوە، هەرچەندە عێراق 86 بانكی حكومی و مەدەنی هەیە.