كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لەبەغدا "ئە‌رێنی" بوون

کوردستان

10/09/2020‌ 3018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەقسەی سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە گشتی گفتوگۆكانی شاندی هەرێمی كوردستان لەبەغدا سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە بە تایبەت لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان‌و گفتوگۆكانیش بە "ئەرێنی" ناودەبات.

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە بەغداد بوون‌و چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

سەمیر هەورامی لەبارەی دوایین زانیاری لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و دانوستانەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و گرنگترین كۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق مستەفا كازمی ئەنجامدرا، ئەوەی گرنگ بوو، لە كۆبوونەوەكەدا بەدیمانكرد، كە نییەتی ئەوەیان نیشانداوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، هەروەها زۆر بە چڕی باسمان لە ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی ماددەی ١٤٠ كرد، پرسی بودجەی پێشمەرگەش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، خۆشبەختانە ئەوەی بەدیمانكرد نیەتی چارەسەركردنی كێشەكان هەبووە.

سەمیر هەورامی وتیشی: بە گشتی گفتوگۆكان سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو بە تایبەت لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١دا، بەتایبەتی كە ئێستا حكوومەتی عێراقی لەسەروبەندی نووسینەوەی ئەم پڕۆژەیە.

وتەبێژی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها وتی: كەمێكی دیكە كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی عێراق دەست پێدەكات.

هەورامی باسی لەوەش كرد، لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی سێ سەردانی پێشوومان بۆ بەغدا، ئێستا لەسەر هەمان ئەو بناغەیە كار دەكرێت، بۆیە گفتوگۆكان بەردەوام دەبن بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق، رەنگە هەندێك ناكۆكی هەبێت لەسەر ژمارەكان، بەڵام نیەتی هەردوولا ئەوەیە بگەین بە چارەسەری كێشەكان.

رۆژی سێشەممە، شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیران قوباد تاڵەبانی و ئەندامییەتی ھەریەك لە وەزیری پلاندانان دارا رەشید، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و ئامانجی سەردانەكەش تەواوكردنی گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان ھەولێر و بەغدایە لەسەر پرسی نەوت، بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان.

بەپەلە