كۆتاییهاتنی پشتیوانی ئیسڕائیل لە هەرێمی كوردستان

مەلەفی تایبەت

13/09/2020‌ 6783 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەركردە سیاسییە كوردییەكان (بە تایبەتیش بارزانییەكان) بە خەیاڵیاندا نەدەها ڕۆژێك بێت ئیسرائیل دەستبەرداری دوژمنایەتی عەرەب بێت و ئێرانیش جێگەی عەرەبەكان بگرێتەوە و ببێتە یەكەم دوژمنی ئیسڕائیل، بە خەیاڵیاندا نەدەهات ئیسڕائیل دەستبەرداری كوردستان بێت و بكەوێتە ڕازیكردنی چەند ناوچە و حكومەت و حزبێك، دەستبەرداری وەبەرهێنان بن لە پرسی كورددا كە بە پشتیوانی تەلئەبیب و واشنتۆن خەونی سەدساڵەی كوردەكان بوو.

لە دوای پەرەسەندنەكانی شۆكهێنەرەكانی ئەم دوایەشدا، هێڵی ئاسمانی ئیسڕائیلی بە ئازادی بە ئاسمانی سعودیە و بەحرێن و میسر و ئوردون و سوداندا ڕەت بوو - بەم نزیكانەش عێراق و مۆریتانیا و مەغریب دێنەپاڵ كاروانەكە- بە شێوەیەكی زۆر ئاسایی فڕۆكەكەیان لە فڕۆكەخانەی ئەبوزەبی نیشتەوە.

لێرەوە چی دیكە ئیسرائیل پێویستی بە نێچیرە بچوكەكان نەماوە، بۆیە بڕیاری داوە دەستبەرداری كارتی دەوڵەتی كوردی بێت كە گەرەكی بوو بیكاتە بزمارەكەی جوحا يان ئەسپەكەی تەڕوادە یان داردەستەكەی موسا، چونكە دوای چەند ساڵیك لە ئەزموون و چاودێری بۆیان دەركەوت نە لە ئێستا و نە سبەیی و نە لە دوای چەند سەدەیەكی دیكەش، سەركردە كوردەكان بە كەڵكی بنیاتنانی دەوڵەت نایەن.

ئەو كەسەی ئەو ڕاستییە شۆكهێنەرەی دركاند سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، نووسەرێكی عێراقی یان عەرەبی نەبوو، بەڵكو (ئیهود یەعیری) ی نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی ئیسرائیلی بوو كە نزیكە لە ناوەندی بڕیارسازی ئیسڕائیلەوە و بە ئاشكرا لە كەناڵی ئاسمانی 12 ی ئیسڕائیلی باسی لەو پرسە كرد، ئەو ڕوونیكردەوە كە ئیسڕائیل پەشیمانە لەو كۆشەی بۆ چەندەها دەیە لە پێناو كوردەكان كردوویەتی بەو ئامانجەی دەوڵەتێكی سەربەخۆیان بۆ دابمەزرێنێت.

یەعیری دەڵێت ئەوان بە شێوەی جۆراوجۆر وەبەرهێنانیان لەو پرسەدا كردووە: یارمەتی سەربازی، شاندی ڕاوێژكاری، تیمی پزیشكی، یارمەتی دبلۆماسی، كڕینی نەوت بە نهێنی.

ناوبراو بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ پەیوەندی بەهێز و هاوڕێیەتی تۆكمەم لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە كوردەكاندا هەبووە. هەمیشە خۆم بە پشتیوان و دڵسۆزی خەباتی ئەوان دەزانی، بەڵام بە ئەزموون و واقعی حاڵ بۆم دەركەوت؛ ئەوان بە دەستی خۆیان ئەو هەلانە لەباردەبەن كە بۆیان دەڕەخسێت".

یەعیری دەشڵێت: "لە ئێستادا ئەگەر (جۆ بایدن) بە سەرۆكی تازەی ئەمریكا هەڵبژێردرێت، پێشنیارەكەی پێشووی دووبارە ناكاتەوە بە دابڕینی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی لە عێراق، هۆكارەكەش شكستی كوردە لە دەربازبوون لە داب و نەریتی ململانێ و جەنگە ناوخۆییەكانیان، هەروەها ڕۆچونیان لە گەندەڵید".

شڕۆڤەكاری ناوبرا دەڵێت: "كوردەكان ماوەیەكی زۆرە خەریكی ململانێ ناوخۆكانیانن، سەركردەكانیان یەكتر كەنارگیر و پەراوێز دەخەن، لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش جنێو بە یەكتری دەدەن".

ئەو دەڵێت: "كێشە لە نێوان خودی بارزانییەكاندا هەیە كە باڵادەستن بەسەر هەولێر و دهۆكدا، تاڵەبانییەكانیش كە سلێمانیان بەدەستەوەیە دژی بارزانییەكانن، تاڵەبانییەكانیش لە ناو خۆیاندا ناكۆكن، بە تایبەتیش لە نێوان لایەنگرانی هاوسەری جەلال تاڵەبانی و نەیارەكانی".

ناوبراو دەشڵێت: " كوردەكان زۆرینەی ئەو ناوچانەیان لەدەستدا كە لە جەنگی دژ بە داعش دەستیان بەسەردا گرتبوو، كەركوك- یشیان لەدەستدا كە بە قودسی كوردستانی دەزانن، ئەمەش دوای ئەوەی تاڵەبانییەكان بێ هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ بارزانییەكان لەو شارە كشانەوە".

یەعیری باسی ئەوەش دەكات: "تەنها هۆكاری شكستی كوردەكان ئەوە بوو كە گوێیان بۆ ئامۆژگارییەكانی سەرجەم هاوڕێ و دۆستەكانیان نەگرت - بە پلەی یەكەمیش ئیسرائیلییەكان- لەوەی لە ساڵی 2017 ڕیفراندۆمیان كرد بۆ سەربەخۆی كوردستان، لەو پێناوەدا چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لە ئاكامیشدا ڕووبەرێكی بەرفراوانی خاكەكەیان لەدەستدا، بۆیە لەوساوە پرسی دەوڵەتی سەربەخۆیان لەبیرچۆوە"،
نووسەر بەردەوام دەبێت: " بەم دوایانە توركیا بەشیك لە هەرێمی كوردستانی داگیر كرد، بەو ئامانجەی پشتێنەیەكی ئەمنی لێ دروست بكات، هەروەك لە سوریا دژ بە كوردەكان كردی، ئێرانییەكانیش تۆپبارانی بزووتنەوە كوردییە نەیارەكانیان دەكەن لە ناو خاكی هەرێمی كوردستانی عێراقدا".

نووسەر دەشڵێت: " ئەوانە هەڵەن كە پێیان وایە كوردەكان دەتوانن تەبا و یەكڕیزبن، چونكە ناكۆكی نێوان پارتە سیاسییەكانیان لە هەڵكشاندان، هەر بۆ نموونە؛ بارزانییەكان پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئەردۆغاندا و تاڵەبانییەكانیش پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە".

ئەمە هەڵوێستە شۆكهێنەرە ئاشكرا و تازەكەی ئیسڕائیلە سەبارەت بە پرسی كورد كە لەسەر زاری ئیسرائیلییەكەوە گوزارەی لێ دەكرێت.

لێرەوە دەپرسم ئاخۆ قسەكانی ئەو نووسەر و شرۆڤەكارە ئیسرائیلییە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەكان تا چەند ڕاستن؟ پێم وایە قسەكانی تا ڕادەیەكی زۆر ڕاستن، ئەمەش بە ووردبوونەوەم لە ئەزموونی سەركردە سیاسییەكانی كورد لە نزیكەی 30 ساڵی ڕابردوودا.

لێرەوە دەپرسین ئاخۆ بۆچی سەركردە كوردەكانی دوو حزبە گەورەكەی هەرێمی كوردستان بەو ڕادەیە وابەستەی دەرەوەی خۆیانن ؟

ئاخر ئەوان چۆن شكست ناهێنن لە كاتێكدا فەرمانڕەواكانیان و كوڕەكانیان هەموو شتێكیان بۆ خۆیان قۆرغ  كردووە، قروشێكی سپیشیان بۆ ڕۆژە ڕەشەكان نەهیشتۆتەوە كە گەلەكەیان لە نەهامەتییەكانی ڕۆژگار بپارێزێت.

بەڵێ ئەوە ڕاستە كە كوردەكان لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە هاوپەیمانییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیان سەركەوتوو بوون، بەڵام نەك لە پێناو گەلەكەیاندا، بەڵكو لە پێناو چڵێسی و نەوسنی خۆیان و خانەوادەكانیان لە دەستكەوت و پۆست و موچەی چەور و چۆڵ. لە هەمان كاتیشدا سیلەی ڕەحمیان لە نێوان خۆیان و بەغدادا كۆتایی پێهێنا، ئەو خەونەشیان لەباربرد كە عێراق ببێتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
نوسەر: ئیبڕاهیم زوبەیدی

بەپەلە