نامەی پێشمەرگەیەکی شۆڕش بۆ پەرپرسەکانی ئەو کات‌و حیکایەتخوانەکانی ئێستا

ڤیدێۆ

13/10/2020‌ 413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 ئاى کە بەسوێیە بۆ ئەوانەى دڵپاکانە متمانەیان پێکردن تەمەنى جوانیی خۆیان بەئێوە بەخشى، زۆرن ئەوانەى ئامادەبوون لەپێناو ئەو چیرۆکانە سەروماڵیان بەخشى، بەڵام ئێوە قەدرتان نەزانى و هەموویتان بەچاوى گەمەیەکى بێ بەها  بینى و لەچاوتروکانێکدا شەقێکتان لەهەموو ماندووبونى ئەوان هەڵدا.

دەی ئیستا وەرن بۆ تەنها جارێک راستگۆبن و دان بەشکستەکەتاندا بنێن و لەباتى چیرۆکى نەسرەوتن باسى ئەو شکستەبکەن کە وەک ئەسپى دۆراو چاوەرێن کەسێک جڵەوى ئارەزووە تێرنەبووەکانى دنیاتان بگرێت، تابەتەواوەتى لەبەردەم نەیارەکانتاندا نەگلاون..

 ئاخر خۆ ئەوە کۆتایى دنیا نییە، ئەى ئەوەنییە هەمووتان بەدیار رەشماڵەکەى بەردەم رەشەباوە کەنەفت و پەکەوتە و دەستەوئەژنۆ دانیشتوون؟ ئێوە رێبوارى نیوە رێ بوون، ئەى ئەوەنییە لەپەنجەرەى باڵەخانەکانتانەوە دەرواننە خەڵکی رەش و رووتى مەمەلەکەتەتان وهەر خەریکی گوزەرانی شانهشاهی و پادشایی خۆتتانن و چاوتان ‌هیچ جوانییەک نابێنێت؟
 ئەها ببینن چۆن بەناوى بیرەوەرى و نوسینى کتێبەوە بەربوونەتە گیانى یەکترى و خەریکى رەشکردنەوەی رابردووى خۆتانن.

 منداڵى شەهیدەکان هەقیانە بپرسن کوان ئەوانەى سرودى نەسرەوتن تاسەرکەوتنیان کردبووە وێردى سەرزمانیان،ئێوە دەزانن هاورێکانتان نیوەیان بەگەنجى خۆێنى خۆیان بەو چیرۆکى نەسرەوتنە بەخشى کە ئێوە ئێستا ناهێڵن منداڵ و نەوەکانیان بسرەون؟

ئێوە تۆڵەى لەدەستدانى تەمەنى گەنجیتان لەوانە ئەکەنەوە  کەئەجەل نەیپێچانەوە و نەیبردنە نوگرەسەلمان، یان تۆڵە لەوانە ئەکەنەوە کە پاروى گەروى خۆیان و منداڵەکانیان پێبەخشین تا ئێوە برسى نەبن؟
 ئاى... کە دیمەنێکى تاڵ و بێزارکەرە ئێوە ئێستا وەک پیرى ئاخر شەر، شەربەئایندەى مناڵەکانى ئەم وڵاتەو و رابردووى خۆشتان دەفرۆشن.

 ئەوە چ بایەقوشێک خوێندویەتى بەسەر ئەم مەملەکەتەدا تابەوجۆرە تارو مارى وڵات بکەوێتە دەست ئێوە و ئێوەش گەمەى پێبکەن..

لەکەس مەپرسن،تەنها واز لەچیرۆکە ئەفسوناوییەکانتان بێن و لەتاریکى دەسەڵات هەنگاوێک دوربکەونەوە تا بزانن چۆن لاوانى وڵات ئامادەن لەبێزارى ئێوە ئەم مەملەکەتە تەلاق بدەن و بچن لەگەڵ ئاوى ئیجە و غەریبیدا ئاهەنگى سەرکەوتن بۆ ژیان بگێڕن...

ئێستا چیتر چیرۆکى نەسرەوتن  تاسەرکەوتن، لەگەڵ رۆحى پاکى ئەومناڵانەى لەئاودا خنکان و لەغەریبیدا زمانى دایکیان بیرچووە، ئەویش کۆچى کرد.

 رۆژ ئەو رۆژەیە کێ  لەئێوە ئازایە مسقاڵە زەرەیەک ویژانى تیایە وزۆرتر شەرمى بەخۆى هەیە، لەباتى گیرانەوەى چیرۆکە درۆینەکان، بابرواتە سەر شاشە و لەمیدیاکانەوە شەرحى حاڵى ئیستامان بۆبکات، ئاخر تا ئێمە ئەو چیرۆکانە فەنا نەکەین  و لەبیریان نەکەین ، ئێوەى حیکایەت خوان کۆڵنادەن شەویش دێنە خەومان تا نەتوانین بەخەیاڵیکى ئارامەوە رۆژبکەینەوە.

ئێستا کاتى ئەوەیە کامتان بەجەرگن و خاوەن باوەرو مرۆڤ دۆستن، بەویژدانەوە تەنها بۆ ساتێک، بەڵى بۆ ساتێک سەیرى دەورى خۆتان بکەن، گوێ لەبێدەنگى خەڵک بگرن و چیرۆک و بەسەرهاتى تاڵى ژانگرتووى ئەمرۆمان بۆباس بکەن، چونکە ئازایەتى ئەوەیە لەئێستاتان هەڵنەیەن و بەلێفەى دوێنى عەیبەکانى ئەمرۆتان دانەپۆشن.