روانگەی مافەکانی مرۆڤ: ھەشت ھاووڵاتی سوننەی عێراق بە ئاگاداری ھێزەکانی ئەمنی کوژراون

عیراق

23/10/2020‌ 579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی رایگه‌یاند، ھەشت ھاووڵاتی سوننە لە پارێزگای سەڵاحەدین رفێنراون و پاشانیش كوژراون و ئه‌و رووداوه‌ش به‌ ئاگاداری هێزه‌كانی ئه‌منی عێراق بووه‌.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا- دەریای سپی بڵاویكرده‌وه‌: "پێدەچێت گرووپە چەکدارەکانی سەربە رێکخراوی عەسائیبی ئەھلی حەق کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە 17ی تشرینی یەکەم ھەڵیانکوتابێتە سەر ناحیەی فەرحاتییە و 25 کەسی سڤیلیان رفاندبێت، دواتریش تەرمی ھەشت کەس لەو رفێنراوانە کە لە سینگ و سەریان شوێنی گوللـە دیاربوو لە زەوییەکی کشتوکاڵی دۆزرابوونەوە، ھاوکات 13 کەس لە رفێنراوەکان ئازاد کران و تا ئێستاش چارەنووسی چوار کەسیان دیار نییە".

له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه‌ جاسم مەجمەعی بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسحاقییە سەربە پارێزگای سەڵاحەددین لە لێدوانێکیدا بۆ روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی رایگەیاند: "بەپێی وتەی خەڵکی ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی رۆژی 17ی تشرینی یەکەم چوونەتە نێو ناحەی فەرحاتییە و رەفعیات و 25 کەسیان رفاند". 

ده‌شڵێت: 13 کەسیان ئازادکرد و ئەوانی دیکەش تا ئێستا دەستبەسەرکراون، دواتریش خەڵکی ناوچەکە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ تەرمی ھەشت کەسیان لە دووری 500 مەتر لە ناوچەکە دۆزیوەتەوە.

جاسم مەجمەعی راشیگەیاندووە: سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فەرمانی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەم رووداوە داوە بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

ناوبراو ئاشکرای کردووە: بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بەھۆی داعشەوە ناوچەکەیان جێھێشتووە، بەڵام حەشدی شەعبی رێگەی بەمانە نەداوە گە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، وتیشی: "کردەوەکانی رفاندن و کوشتنیش وەک سیاسەتی ترساندن بەرامبەر ئەو کەسانە بەکاردێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

ھاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی فەرحاتییە کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ روانگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا-دەریای سپی رایگەیاند: "خەڵکی ناوچەکە بەرەبەیانی رۆژی 17ی تشرینی یەکەم بە ھاتنی گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە راچڵەکین، پاشانیش چوونە نێو ماڵێک و بە دەسکی دەمانچە لە ئافرەتێکیان داوە و پاشانیش ئافرەتەکە کەوتووەتە سەر زەوی، دواتریش دوو کوڕی ئەم ئافرەتە بە ناوەکانی موھەنەد تەمەن 20 ساڵ و عەزیز تەمەن 23 ساڵیان رفاند". 

دواتریش کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆش تەرمی چەند کەسێک لە زەویەکی کشتوکاڵی دۆزراوەتەوە کە شوێنەواری چەقۆ و گوللـەیان پێوە دیاربووە، ئاشکرایە کە رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە. ئەم گرووپانە زۆرجار خەڵکی دەڕفێنن و پێشتریش چەند کەسێکیان رفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە".