ڕۆڵ و پێگەی پەرلەمان و کەسێتی پەرلەمانتاران لەم خولەی ئێستاو خولی ڕابردوو بەرامبەر حکومەت لەچی ئاستێکدایە

کوردستان

26/11/2020‌ 1117 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێکى خولی پێشووی پەرلەمان و ئێستای پەرلەمانی کوردستان لەبەرنامەى ئەمجارەى "پێوە" باس لە رۆڵ و کاریگەرى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان دەکەن، هەریەکەیان لەسەر خولەکانى رابردوو ئێستا بۆچوونى خۆیان دەخەنەڕوو.

 لەسەرەتادا بورهان ڕەشید پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دەڵێت" بەحوکمى ئەوەى گەورەترین بزوتنەوەى ئۆپۆزسیۆنى کە گۆڕان بوو چووەتە حکومەتەوە رۆڵی چاودێریکردنى ئەندمانى پەرلەمانی کوردستان وەک پێویست نییە، ئەوەش بەشێکى پەیوەندی هەیە بە مستەوای ئەو کەسانەى کراون بە پەرلەمانتار دووەمیش ئەو شێوازە توندەى سەرۆکى لەپەرلەمان بەرامبەر پەرلەمانتاران بەکاری دەهێنێت".

ئاماژە بەوەش دەکات، لەرووى چاودێریکردنى حکومەتەوە ئەم خولەى پەرلەمان زۆر لاوازە ئەوەش بەشێکى پەیوەندى بەوەوە هەیە کە ئەو پەرلەمانتارانەى حزبەکانیان لە حکومەتدان بە ئەرکى چاودێریکردنى خۆی هەڵناسێت بەتایبەت پارتى کە رازی نییە بەوەى ئەوانەى لەگەڵیدان لە حکومەت رەخنە بگرن و چاودێری بکەن.

لەبەرامبەردا مەم بورهان قانع ئەندامى پەرلەمانى کوردستانیش باس لەوە دەکات کە لە خولی یەکەمى پەرلەمانەوە تا ئەم خولەى ئێستا پەرلەمانتارى "ئاست نزم" بەلێشاوە هەبووە نەک ئەوەى بە پەنجەکانی دەست بژمێردرێت وەک چۆن لە هەموو دامەزراوەکانى دیکەی هەرێمدا هەن.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت" هەمیشە لە دەرەوەى پەرلەمان ئیرادەیەک هەبووە کە نەیویستووە پەرلەمان کاریگەرى هەبێت، حزبەکان پێگەى پەرلەمانیان لاواز کردوەو پێیانوایە ئەو پەرلەمانتارانەى ئەوان دەیاننێرنە پەرلەمان تا ئەجندای ئەوان جێبەجێ بکەن".

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بورهان رەشید باس لەوە دەکات کاتێک حکومەت پڕۆژەیەکى ناردە پەرلەمانى کوردستان لەبارەى گفتوگۆنەکردن لەبارەى دۆخى داراییەوەو پەرلەمانیش پەسندی کرد ئیدى پەرلەمان بوو بە فەرمانبەری حکومەت و خۆی کرد بە دامەزراوەیەکى نزمتر لە حکومەت.

بەڵام مەم بورهان قانیع ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم خولەى پەرلەمان سەرەڕای لاوازبوونى بەرامبەر بە حکومەت ئۆپۆزسیۆنیش لاوازەو ئەوانەى بەشداریشن لە حکومەت ٨٩ کورسی پەرلەمانیان هەیە.
س.هـ