دۆسیەی نەوت، ئەو بابەتەی بوەتە مەتەڵێکی بێوەڵام و چەند ڕۆژێکە هەندێک کەس دەیانەوێت وەڵامی بدەنەوە

کوردستان

05/12/2020‌ 1480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت زۆرترین قسەو لێدوانی لێکەوتەوەو چەند بەرپرسێکی باڵای هەرسێ هیزە فەرمانڕەواکەی ئێستای بەدوای خۆیدا هێناو بە چەند جۆرێک باس لەو بابەتە کرا، هەندێکیان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئاگاداری هیچ خاڵیکی ریککەوتنەکە نین و هەدنێکیشیان قسەی ئەوانیان بە ناراست ناوبرد و وتیان ئەوەی دەلێت ئاگاداری وردەکاری گرێەستەکان نیم، خەڵک چەواشە دەکات.

عەبدوڵرەزاق شەریف کە پێشتر هەم لە یەکێتی نیشتمانی و هەم لە بزوتەنەوەی گۆڕانیش بەرپرسیاڕێتی هەستیاری هەبوەو ئاگاداری هەندێک وردەکارییە کە لای زۆربەی هاورێکانی نییە، لە وتارێکدا دەربارەی دۆسیەی نەوت و گرێبەستییە نەوتیەکان چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات و دەلێت هەموان ئاگاداری وردو درشتی دۆسیەکە بوون.

شەریف لە سەرەتای وتارەکەیدا دەڵێت لە ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر داواو پێشنیازی بارزانی و تاڵەبانیی، ئاشتی هەورامی هاتە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و نەخشەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، كۆن‌و نوێ‌، ناوی كۆمپانیاكان، شێوازی گرێبەستەكان، رێژەی بەرهەمی بەرمیلی رۆژانە‌، هەموو وردەکارییەک، وەك مامۆستایەكی لێزان بە یەك پاكێج‌و بە داتاشۆ رونی كردەوە، قسەیەکی کرد کەهەموو ئامادەبوانی شاگەشكە‌و سەرسام كرد‌و وتی:"لەسەری ساڵی ئایندەوە رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنین.

عەبدولرەزاق شەریف زیاتر  باسی ڕوداوەکانی تایبەت بە گرێبەستەکان دەکات و دەڵیت " جارێكی تر‌و دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لێدوانێكی لەسەر ئاگاداربونی خۆی لە تەواوی پرۆسەی نەوت‌و داهاتەكانی دابو، دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دوای دڕدۆنگیان بانگهێشتی كۆبونەوەیەكی پەلەیان كرد‌و بە راشكاوی لەبەردەم ئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیدا وتی: بەڵێ‌ من ئاگادارم‌و بەشێكی پارەم وەرگرتوە‌و مام جەلال‌و هەندێ‌ هەڤاڵی تری یەكێتی چەند بەشێكی تریان وەرگرتوە.

مەلا بەختیار وەک بەرپرسی دەستەی کارگیڕی مەکتەبی سیاسی لە عیماد ئەحمەدی پرسی بۆچی بە ئێمەتان نەتوە؟ فەرمو بۆمان رونبكەرەوە.

لە وەڵامدا عیماد ئەحمەد وتی: مام جەلال بەمنی وتوە ئەو پارەیەت بەرەوڕو ئەكەمەوە، نابێ‌ لای كەس باسی بكەیت. هەتا مام خۆی چاكئەبێتەوە ئامانەتێكە و لەئەستۆی مندایە"

نوسەر وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ئەوکاتی بزوتنەوەی گۆران باس لە هەمان بابەت دەکات لە دوای دروستبونی بزوتنەوەکەو دەلێت"چەند ساڵێك تێپەڕی‌و دوای دیداری نەوشیروان مستەفا‌و مەسعود بارزانی هەمان سیناریۆی پرس لە تاریكی پرۆسەی نەوت لەنێوان ئەو دو جوامێرە دوبارەبوەوە، بەهەمان دەستوری پێشو بارزانی ئاشتی هەورامی بە كۆڵەپشتەكەیەوە رەوانەی گردی زەرگەتە كرد تەنها شتێک لە کاک نەوشیروانەوە بیستبێتم لەسەر کۆبونەوەکەیان ئەوەبوە کە کاک نەوشیروان بە کاک مەسعودی وتوە:
 
 كەس نازانێ‌ كێیە؟ كوڕی كێیە؟ چۆن هەمو موقەدەراتی ئەم میلەتەتان داوەتە دەستی بازرگانێك ؟ گەر شكست بهێنێت ئەڕوات‌و بە هەمومان بۆمان نادۆزرێتەوە، خەڵك من‌و تۆ ئەناسێ‌و یەخەی من‌و تۆ ئەگرێ... ئاشکرایە مەبەست لە ئاشتی هەورامیی بوە.

کاک نەوشیروان بۆ چەند رۆژێك‌و لە ماڵەكەی خۆی داوەتی چەند پسپۆر‌و شارەزایەكی بیانی تایبەت بەبوارەکەی كرد و دوای ئەو چەند ڕۆژە منی بانگکرد و وتی چەند رۆژێكە لەگەڵ ئەم پسپۆرە بیانیانە دیراسەی فایلی پرۆسەی نەوتی هەرێم ئەكەین، ئەوەی لام سەیرە زۆر ستایشی گرێبەستەكانی ئاشتی هەورامی ئەكەن‌و ئەڵێن زەحمەتە گرێبەستی وا باش لە دنیای بازاڕی نەوتدا كرابێت، بۆیە لە میدیای گۆڕان چیتر باسی خراپی پرۆسەی نەوت‌و ئابوری سەربەخۆ‌و گرێبەستە نەوتییەكان نەكەن، وتیشی تەنیا شتێک لەوبارەیەوە باسی بكەن ئەوەیە كە بڵێن پارەكەی لە كوێیە؟

بەپێی زانیاریەکانی شار پرێس کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتوە لە دوای دیدارەکەی بارزانی و نەوشیروان مستەفاوە تا ئێستا، پارتی بڕە پارەیەکی زۆری داوەتە بزوتنەوەی گۆران و لە ماوەی رابردودا پارتی هۆشداری داوەتە بزوتنەوەکە ئەگەر ئەوە موزادیەداتەی هەڵسوراو و پەرلەمانتارەکانیان ڕانەگرن ناچارن پسوڵەو بڕی ئەو پارانەی پێیان داون بیدەنە میدیاکان.

لیدوانە جیاوازەکانی بەرپرسان و گێرانەوەی ڕوداوەکان بەمجۆرە دەرخەری ئەوراستیەن کە دۆسیەی نەوت بەشێک بوە لە رێککەوتنە ژێر بەژێرەکانی هێزە سیاسیەکان لە چەند ساڵی ڕابردوداو داهات و دەستکەوتەکەشی بە هەمان شێوە  لە نێوان چەند هیزێکدا دابەشکراوەو هەر یەکەو بە پێی قەبارەو قورسایی خۆی پشکی بەر کەوتوەو هاوڵاتیانیش لە ژیانی مەمرەو مەژیدا ژیانیان بەڕێکردوە بە ئاواتی تەنها یەک بەرمیل نەوتەوە بۆ بەڕێکردنی وەرزی زستان.