بەهۆی بونی جیلاتینی بەرازەوە جولەکەو موسڵمانان لەبەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەگومانن

مەلەفی تایبەت

20/12/2020‌ 2302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی وڵاتان پێشبڕکییانە بۆئەوەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ هاوڵاتییەکانیان دەستەبەربکەن، بەڵام لەنێو ناوەندە ئاینییەکانی جولەکەو موسڵمانان مشتومڕی ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە ئایا دروستە ئەو ڤاکسینانە بەکاربهێنرێن یان نا، مشتومڕەکانیش لەسەر بونی مادەی جیلاتینی بەرازە لەناو ڤاکسینەکان، بەوپێیەی ئەو مادەیە پێویستە بۆ بەردەوامی کاراییەکەی لەکاتی گواستنەوەو داکردنیدا.

بەشێک لەئایندارانی موسڵمان‌و جولەکە وەک بەشێک لەپابەندی‌و بۆچونە ئاینییەکانیان، ڕازینابن ڤاکسینەکە وەربگرن، هەر لەبەرئەوەش لەماوەی ساڵانی ڕابردودا چەندین کۆمپانیای داودەرمان کار لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینی خاڵی لەپێکهاتەی بەرازکردوە، لەپێشەوەیان کۆمپانیای دەرمانی سویسری "نۆڤارتیس".

لای خۆیەوە سەلام ویقار ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی "بریتیش ئیسلامیک میدیکاڵ" وتویەتی:"لەژێر سایەی خواستی جیهانی بۆ ڤاکسینەکان‌و کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان‌و دەستەبەرکردنی کاراییەکەی، پێویستدەکات بۆچەندین ساڵی داهاتوش بەکارهێنانی جیلاتینی دەرهێنراو لەبەراز لەناو ڤاکسینەکاندا بەکاربهێنرێت".

وتوشیەتی:"بەکارهێنانی جیلاتینی دەرهێنراو لەئاژەڵی بەراز یەکێکە لەگرفتە گەورەکانی کۆمەڵگە ئاینییە ئیسلامی‌و یەهودییەکان".

هەروەک دیڤید ستاڤ سەرۆکی ڕێکخراوی تزوهاری حاخامی لەئیسرائیل دەڵێت:"بەگوێرەی بۆچونە ئاینییەکانی جولەکە، بابەتی قەدەغەکردنی خواردنی گۆشتی بەرازو بەرهەمەکانی ئەوەیە کە نابێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بخورێت، بەڵام ئەگەر وەک ڤاکسین وەریبگرێت‌و لەڕێگه‌ی دەمەوە نەیخوات ئەوە هیچ رێگرییەک لەوەدانییە، بەتایبەت لەژێر سایەی بونی مەترسیی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ".

هەرچی هەردوو کۆمپانیای فایزەرو مۆدێرنا باسیان لەوەکردوە، بەرهەمەکانی بەراز بەشێک نییە لەڤاکسینەکانیان کە لەمدواییە بەرهەمیانهێناوە، بەڵام سنورداری خستنەڕوو گرێبەستی چەند ملیۆن دۆلاری کە پێشتر لەگەڵ کۆمانیای تر کراوە، مانای وایە هەندێک لەوڵاتان کە ژمارەیەکی گەورەی موسڵمانیان هەیە وەک ئیندۆنیزیا پشت بەڤاکسینی تر دەبەستن کە خاڵییە لەمادەی جیلاتینی بەراز.

لەلایەکی ترەوە هارۆنور ڕەشید پزیشک لەزانکۆی سیدنی دەڵێت:"ژمارەیەکی گەورەی زانایانی ئاینی موسڵمان ڕەزامەندی ئەوەیانداوە ئەو ڤاکسینانە بەکاربهێنرێت کە مادەی جیلاتینی بەرازی تێدابێت، لەبەرئەوەی ئەگەر پێکوتەکە بەکارنەهێنرێت ئەوە زیانەکەی گەورەتر دەبێت".

لەگەڵ ئەوەشدا زانا ئاینییە موسڵمانەکان دژی ئەوەن ڤاکسین یان دەرمانێک بەکاربهێنرێت کە پێکهاتەی بەرازی لەناودابێت، تەنانەت ئەگەر جێگرەوەشی نەبێت‌و مەترسیش لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی