شارپرێس:
بەڕێوەبەری پێشوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) ئاشكرایدهكات، "ئێرانییەکان لەبارەی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی قاسم سولهیمانی زیاتر دان بەخۆیاندا دەگرن"، هاوكات دوو بەرپرسی تری پێشوی مۆسادو سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل وتویانه، "ئێران لەساڵی ٢٠٢٠ شکستیهێنا لەوەی تۆڵەی کوژرانی ئەو سەرکردە گەورەیەی وڵاتەکەیان بکەنەوە".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، شابتای فافیت بەڕێوەبەری پێشوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) وتویەتی:"ئێرانییەکان لەبارەی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی قاسم سولهیمانی زیاتر دان بەخۆیاندا دەگرن".
ئهمه لهكاتێكدایه، دوو بەرپرسی تری پێشوی مۆسادو سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل وتویانە کە ئێران لەساڵی ٢٠٢٠ شکستیهێنا لەوەی تۆڵەی کوژرانی ئەو سەرکردە گەورەیەی وڵاتەکەیان بکەنەوە، بۆئەوەش پێشبینیانکردوە تا دوای دەستبەکاربونی جۆ بایدن لەپۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەئاراستەی تۆڵەکردنەوە هەنگاونەنێن، بەڵام هەمویان لەسەرئەوە هاوڕابون کە لەدواجاردا تاران تۆڵەی قاسم سلێمانی هەردەکاتەوە.
شافیت باسی لەوەکردوە، کوژرانی قاسم سولهیمانی لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠و تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە سەرۆکی بەرنامەی ناوەکی ئێران لەمانگی نۆڤەمبەردا گورزێکی دووسەرە بوو لەچالاکییە سەربازییەکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شافیت کە لەنێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٦ سەرۆکی مۆساد بوە وتویەتی:"ئیسماعیل قائانی کە لەشوێنی قاسم سلێمانی دەستبەکاربوە، هەمان تواناو لێهاتویی ئیدارەدانی قاسم سولهیمانی نییە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەندێک لەپسپۆڕان پێیانوایە، تیرۆرکردنی سەرکردە ئێرانییەکان هیچ سودێکی ئەووتۆی نییە، لەبەرئەوەی یەکێک دەڕواتو یەکێکی تر جێگای دەگرێتەوە، بەڵام هەموو هاوڕان کە هیچیان لەئاستی قاسم سولهیمانیدا نەبون.
لەبارەی ئەگەری تۆڵەکردنەوەی ئێران بۆ کوژرانی قاسم سولهیمانی، شافیت دەڵێت:"لەگەڵ ئەوەی تائێستا ئەوەی ئێران سەرکەوتوو نەبوە لەوەی بەشێوەیەکی گەورە تۆڵە بکاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەوان بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن تاوەکو ئامانجێکی ئاست بەرز بدۆزنەوەو تۆڵەی خۆیان بکەنەوە".
هەروەک دانی یاتوم بەڕێوەبەری پێشوی مۆساد بەئۆرشەلیم پۆستی ڕاگەیاندوە، "تیرۆرکردنی قاسم سولهیمانی کارێکی زۆر سەرنجڕاکێشو بەهایەکی ستراتیژی هەبوە، لەبەرئەوەی سولهیمانی لەوە زیاتر بوە کە تەنها فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران بێت، لەوەش گرنگترە کە تەنها فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بێت خۆی کە دەبوو ئەو سەرۆکی ئەو سوپایە بێت، بەڵکو گرنگییەکەی لەوەدایە کە زۆر لەڕێبەری ئێرانەوە نزیک بوە".
ئەو وتویەتی:"کوژرانی سلێمانی گورزێکی بەسوێ بوو لەورەو پرۆسە کردارییەکانی سوپای پاسداران، بەشێوەیەک هەستێک دروستبوە کە دوای کوژرانی قاسم سولهیمانی چیتر فەیلەقی قودس ئەو هێزە نییە کە پێش تیرۆرکردنی سەرکردەکەی هەیبوو".
هەروەک ڕایگەیاندوە، "ڕاپۆرتگەلێک هەیە باس لەوەدەکەن، ئێران بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ هێرشکردنەسەر ئامانجێکی ئیسرائیلی یان ئەمریکی، وتویەشیەتی من ناڵێم ئەوە مەحاڵە، بەڵام ئێرانییەکان ساڵێکی تەواویان چاوەڕێکردو سەرکەوتوو نەبون لەتۆڵەسەندنەوەی کوژرانی یەکێک لەگرنگترین کەسایەتیەکانی ئەو وڵاتە، کە ئەوە بەڵگەیە لەسەر لاوازبونی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران لەدوای کوژرانی سولهیمانی".
هەرچی گیورا ئیلاند سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلە لەمیانی بەشداریکردنی لەدیدارەکانی یانەی قودس بۆ ڕۆژنامەگەری وتی:"ئێران ئەمڕۆ هیچ بەرژەوەندییەکی لەوەدانییە ڕوبەڕوبونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کەس دروستبکات، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەتی تریش دوو هەفتە پێش گواستنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی لەئەمەریکا".
ئیلاند جەختیکردۆتەوە، گومان ناکرێت لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا هیچ شتێکی ئەووتۆ ڕوبدات، تەنها لەبەرئەوەی ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی قاسم سولهیمانییە، بەڵام ئێرانییەکان هەستدەکەن کە دەبێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، ئەگەر دژ بەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاش نەبێت ئەوە دژ بەئیسرائیل یان بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەبێت.
ئیلاند هاوشێوەی شافیت باسی لەوەشکردوە، دارودەستەکانی تاران لەسەرتاسەری جیهان، لەوانە ئەمریکای لاتینی دەتوانن هێرشبکەنەسەر ئامانجەکانی ئیسرائیلو جولەکەکان کە کەمتر پارێزگاریان بۆ دابینکراوە.
ئیلاند هۆشداریداوە لەوەی کە ئیسرائیل هێشتا پێویستە وریابێت لە"بەرەبەیانییەکی تاریک"، کاتێک کە ئامانجە ئیسرائیلییەکان دەکەونەبەر موشەکی کروز لەئێران، عێراق، یەمەنەوە یان لەڕێگای موشەکی بالیستی حزبوڵڵاوە هێرشیاندەکرێتەسەر".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی