زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم‌و بەبارمتەگرتنی کەشتییەکی کۆری پەیامی ئێرانە بۆ بایدن

جیهان

07/01/2021‌ 1040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم‌و گێچەڵ‌و کارەبێزارکەرییەکانی تاران لەئاوەکانی کەنداوی فارس، دوو ئاڵنگاریی هەرە گەورەی بەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن.

لەوبارەیەوە جەیمس ستاڤریدیس ژەنەڕاڵی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا لەبابەتێکدا کە لەژێر ناوی "گێچەڵەکانی ئێران پەیامە بۆ بایدن" نوسیویه‌تى:"تاران دەیەوێت لەڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانی، دەستکەوتی لەئیدارەی بایدن وەگیربکەوێت".

نوسەر پێیوایە، چەند هۆکارێک هەیە پاڵ بەتارانەوە دەنێت ئەو جۆرە هەنگاوانەبنێت کە یەکێکیان دەیەوێت پەیامی ئەوە بەگەلی ئێران بدات کە هێشتا لەڕوبەڕوبونەوەی ئەو  گوشارانەدا بەهێزە کە لەلایەن واشنتۆنەوە دەخرێتەسەری.

لەبەشێکی تری بابەتەکەیدا نوسەر دەڵێت:"چەند فاکتەرێکی هەرێمیی تارانی نیگەرانکردوە بەتایبەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ژمارەیەک لەوڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، لەبەرئەوەی ڕژێمی ئێران دەترسێت هاوپەیمانێتییەک لەناوچەکەدا دژ بەو دروستبکرێت".

ستاڤریدیس پێشبینیدەکات ئێران بەئەنقەست چەند جوڵەیەکی سەربازیی‌و دیبلۆماسیی بکات، تاوەکو خۆی وانیشان بدات کە بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکی‌و سەپاندنی کۆتوبەندی زیاتر بەسەر بەرنامەی موشەکە بالسیتییەکانی ئامادەنییە.

نوسەر پێیوایە، "باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لەماوەی داهاتودا ئەوەیە کەنابێت سەرەتا دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو لەجیاتی ئەوە ئیدارەی بایدن ڕوبکاتە بڕۆکسل‌و دەستەبەری پشتیوانی‌و سازانێکی تەواو لەناو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بکات".

نوسەر دەڵێت:"هاوشان لەگەڵ ئەو جوڵەیە، دەکرێت ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی دیبلۆماسی‌و سەربازیی نوێ بەرامبەر بەتاران بگرێتەبەر کە خۆی لەپاراستنی توانا بەرگرییەکان لەناوچەکەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی جوڵە گێرەشێوینییەکانی تاران دەبینێتەوە".

ئەوە جگە لەگرتنەبەری سیاسەتی گیسکی هەیاس (دارو گێزەر) بەرامبەر بەتاران، ئەویش لەڕێگای سوککردنی بەشێک لەسزاکانی سەر تاران‌و لەبەرامبەریشدا هەڕەشەکردن بەوەی ئەو وڵاتە توشی گۆشەگیری زیاتر دەبێت ئەگەربێت‌و بەردەوامبێت لەسیاسەتەکانی ئێستای.

لەکۆتاییدا نوسەر داوا لەئیدارەی بایدن دەکات هانی هاتنەناوی بەشێک لەوڵاتانی تری عەرەبی بۆ ناو پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بدات، تاوەکو بەو ڕێگایە بەر لەکشانی هەژمونی تاران بگیردرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی