گەیتس گەورەترین هۆکاری پیسبونی ژینگەیە

هەمەڕەنگ

13/01/2021‌ 648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی"گاردیان"ی بەریتانی، بیڵ گەیتسی ملیاردێری ئەمریکی لەیەککاتدا یەکێک لەگەورەترین بەرگریکارانی بواری ژینگەو کەشوهەوای جیهان‌و به‌یەکێکیش لەگەورەترین هۆکارەکانی پیسبونی ژینگە هەژماردەکرێت، بەشێوەیەک لەماوەی ساڵێکدا بەهۆی گەشتە ئاسمانییە بەردەوامەکانییەوە بۆتە هۆی دەردانی ١٦٠٠ تۆن غازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەلێکۆڵینەوەیەک کردوە کە زاناکانی زانکۆی "لۆند"ی سویدی ئەنجامیانداوەو گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە گەیتس یەکێکە لەگەورەترین بەکارهێنەرانی هۆکارەکانی پیسبونی ژینگەی جیهانە، ئەویش بەهۆی گەشتە بەردەوامەکانی بەفڕۆکە تایبەتەکەی، بەوپێیەی لەو ٥٩ گەشتەی لەماوەی ساڵێکدا ئەنجامیداوە ١٦٠٠ تۆن غازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆنی دەرداوە، لەکاتێکدا کەسێکی ئاسایی ساڵانە هۆکارە بۆ دەردانی تەنها پێنج تۆن لەغازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن.

هێشتا گەیتس وەڵامی داواکاریەکانی بۆ دەربڕینی سەرنج‌و تێبینییەکانی خۆی لەسەر بەکاربردنی  کاربۆنی فڕۆکە تایبەتەکان نەداوەتەوە، بەڵام لەچاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاندوە، بونی فڕۆکەی تایبەت یەکێکە لەهۆکارەکانی دڵخۆشی ئەوو بەچێژی تاوانباری وەسفکردووە.

توێژەران دەڵێن، بڕی ئەو غازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆنەی لەفڕۆکە تایبەتەکانەوە دەردەچێت، بۆ هەر سەرنشینێک دەگاتە 40 ئەوەندەی فڕۆکە بازرگانییەکان.

هەینی ڕابردوش، گەیتس چوە ناو زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ کڕینی کۆمپانیای "سینگنیچەر ئەڤیەیشن"ی بەریتانی، کە گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانی تایبەتە لەجیهاندا.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی