ئامۆژگاری حکومی بۆ ئافرەتانی دووگیان لەکۆریای باشور مشتومڕی دروستکردوە

تەندروستی

14/01/2021‌ 427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشور بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند ڕێنماییەک لەپێگەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ئافرەتان‌و خانمانی دووگیانی ئەو وڵاتە، ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆربونەوە.

حکومەتی ناوخۆیی سیئۆل ڕێنمایی خانمانی دوگیانی کردوە بەوەی بەرلەوەی بۆ لەدایکبونی کۆرپەلەکەیان سەردانی نەخۆشخانە بکەن پێویستە پێشوەختە خواردنی هاوسەرەکانیان ئامادەبکەن‌و لەبونی بڕی پێویستی جلوبەرگی پاکی ژێرەوەو گۆرەوی‌و کراس‌و خاولی هاوسەرەکانیان دڵنیابنەوە، ئەو ڕێکارانەشیان وەک هۆکارێک بۆ نەهێشتنی دڕدۆنگی‌و بێزاری خێزانەکان هەژمارکردوە.

لەبەشێکی تری ئامۆژگارییەکانی حکومەتی سیئۆل بۆ ژنانی دوگیان بەرلەوەی بەرەو نەخۆشخانە بڕۆن ئەوەیە کە لەبونی کلێنسی ئاودەست‌و هەویری ددان‌و فڵچەو سابون‌و سابونی شل لەماڵەوە بۆ هاوسەرەکانیان دڵنیابنەوە.

لەڕێنماییەکاندا هاتوە:"واباشترە خانمانی دوگیان کارەکانی ماڵەوە لەوانە پاککردنەوە‌و شوشتنی قاپ‌و قاچاخەکان دوانەخەن، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە جوڵانە وادەکەن ئافرەتەکە بێئەوەی پێویستی بەکردنی ڕاهێنانی وەرزشی زیادەبێت، کێشی زیادنەکات".

ئەو ڕێنماییانەش لەساڵی ٢٠١٩و لەماڵپەڕی ناوەندی ڕاگەیاندنی تایبەت بەسکپڕی‌و منداڵبون لەسیئۆلی پایتەخت بڵاوکراوەنەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو شەپۆلە تورەیی‌و ناڕەزایەتییەی بەرامبەری دروستبوو بەناچاری لەماڵپەڕەکە ڕەشکرایەوە، بەشێوەیەک تاڕۆژی دوشەممەی ڕابردوو زیاتر لە20 هەزار کەس سکاڵایەکی ئەلیکترۆنیان واژۆکردوەو تێیدا داوایانکردوە هەموو ئەوانە سزا بدرێن کە دەستیان لەبڵاوکردنەوەی ئەو ڕێنماییانەدا هەبوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی