شارپرێس:
ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازی رایدەگەیەنن ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە.
لە پەیامێکدا بۆ حکومەتى هەرێم و رای گشتى یەکێت مامۆستایانى کوردستان هۆشدارى دەدەن و رایانگەیاند"دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێ، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە".
هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەوەی خوێندنی پەک خستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە و نییە، هۆکاری یەکەمی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان.
دەقی پەیامەکەى مامۆستایانى ناڕازی:
لای هەمووان ئاشکرایە مامۆستایان ماوەی شەش ساڵە لە خەباتێکی مەدەنی فراواندن دژی بێڕێزی و ستەمکارییەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر خوێندن و زانست و مافەسەرەتاییەکانی مامۆستایان و هاوڵاتیان .
لە ئێستاشدا کە بڕیارە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە دەسپێکردنەوەی دەوامی پۆلی دوانزە دەست پێ بکات بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو
١ ـ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێ، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە
٢ ـ ئەوەی خوێندنی پەک خستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە و نییە ، هۆکاری یەکەمی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان
٣ ـ ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێ پرۆسەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەو تەندروست دەستپێبکەنەوە ، پێویستە پێش هیچ ئەگەر و چارەسەرێک چارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن .
٤ ـ لە ئێستادا کەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە هیچ بەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەکردنی لە ٣٠ ڕۆژدا
٥ـ دەسەڵاتداران بە پیلان دەیانەوێ خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بکەن و دەیانەوێ بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەک بخەن ، بۆیە زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مافەکانی مامۆستایاندا دەکەن .
لەکۆتاییدا ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێکدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەک دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن .
هاوکات پێمان وایە بایکۆت پرۆسەیەکی خۆرسکانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بووین و دەبین
هیوادارین بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە بەهەستی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی پەروەردە و ماف و داواکارییەکانی مامۆستایاندا بکەن له پێناو پەکنەکەوتنی پرۆسەی خوێندن و گێرانەوەی شکۆ بۆ پەروەردە
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
١٥/١/٢٠٢١