گفتوگۆکانی کورد و شەرخوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران

مەلەفی تایبەت

03/02/2021‌ 3340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

•هەشت خاڵی مەهاباد
•نەورۆزی خوێناویی شاری سنە
•سەفەری تاران و قوم 
•سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستاندا
•سەرەتای گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاخ
•درێژەی گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی ئێران
•دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد – هیأت نمایندگی خلق کرد
•کۆبوونەوەی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد و نوێنەرانی دەوڵەت
•دەسەڵاتداران ئاگربەس دەشکێنن!
•گەڵاڵەی شەش خاڵیی حیزبی دیموکرات
•تاوانی گەورەی ئەوان و هەڵەکانی ئێمە

شەش ڕۆژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا لە ئێران، واتە ٢٨ی ڕێبەندان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران، 'مهدی بازرگان'ـەوە پەیوەندیی دەگرن لەگەڵ ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی لە مەهاباد. خەبەردەدەن کە دەستەیەک لە نوێنەرانی حکوومەت بە سەرۆکایەتی داریوش فرووهەر  بەرەو مەهاباد بۆ دیدار لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی کورستان کەوتووەتە ڕێ. داریوش فرووهەر، وەزیری کار کە سەرۆکایەتی دەستەی نوێنەرانی دەوڵەتی لە ئەستۆ بوو، یەکڕاست چوو بۆ سەردانی مامۆستا شێخ عێزەدین. ئێوارەی ڕۆژی دواتر نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لە ماڵی کەسایەتی ناوداری شاری مەهاباد، ڕەحیم خەڕازی کۆبوونەوە. 

درەنگانێکی شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ ڕێبەندان (١٩/٢/١٩٧٩)، گەڵاڵەی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد، لەلایەن نوێنەرانی شارەکانی کوردستانەوە درا بە دەستەی نوێنەرایەتی دەوڵەتی ئێران، کە بە 'قگعنامە هشت مادەای مهاباد'، واتە 'گەڵاڵەی هەشت خاڵیی مەهاباد' ناوبانگی دەکرد. خاڵی حەوتەمی داواکارییەکان دەڵێ: 

هەموو نوێنەرانی ئامادە لەم کۆبوونەوەدا کە نوێنەری شارە کوردنشینەکانن ڕایدەگەیەنن کە جەنابی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی، شایستەی ئەوەیە سەرۆکی هەر هەیئەتێك بێت کە لەلایەن گەلی کوردەوە دەکەوێتە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی.

بەشدارانی ئەو کۆبوونەوە، جگە لە مامۆستا شێخ عێزەدین بریتیی بوون لە دوکتور قاسملوو، غەنی بلووریان، سەلاحەدین موهتەدی، فوئاد مستەفا سوڵتانی، شێخ جەلال حوسەینی، سەننار مامەدی. ساڵی ٢٠١٥ من سەبارەت بە وردە کارییەکانی ئەم گەڵاڵەیە وتارێکم بڵاوکردەوە. 
گەلی کورد کە چالاکانە لە ڕووخاندنی ڕژیمی پاشایەتییدا بەشداریی کردبوو، چاوەڕوانی ئەوە بوو مافە ڕەواکانی لەلایەن دەوڵەتەوە بە ڕەسمیی بناسرێن. مخابن وا دەرنەچوو. 

نەورۆزی خوێناویی شاری سنە
دوو ڕۆژ پێش نەورۆزی ١٩٧٩، واتە ئێوارەی ٢٧ی ڕەشەممە، هێزە کۆنەپەرستەکان بە پشتیوانی فەرماندەی پادەگانی سنە، شەڕێکیان بەسەر خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند کە بە نەورۆزی خوێناویی سنە ناسراوە. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ شاری سنە لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوو. بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی شار، ٩٩ کەس لەو ڕۆژانەدا گیانیان لەدەست دا.

هەوڵ و تێکۆشانی "شۆرای شۆڕش" لە سنە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێکخستنی هێمنانەی کاروباری ناوشار، ئاکامێکی نەبوو. هێزەکانی وەفادار بە ڕژیمی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامی، مەبەستیان ئەوە بوو هەموو جەمسەرەکانی دەسەڵات لەم شارە بگرنە دەست. گوتەبێژی شۆڕای شار، کەسایەتی ناودار صدیق کەمانگەر بوو. 

مامۆستا شێخ عێزەدین برووسکەیەکی نارد بۆ تاران بۆ ێ‌یت‌الە گالقانی و بۆی نووسی: لە کاتێکدا هەموو خەڵکی ئێران بە شادی و خۆشییەوە بەرەوپیری نەورۆز ڕۆیشتوون، ژن و مندال و خەڵکی بێدەرەتانی کورد خەڵتانی خوێن کراون!

ئەم شەڕ و ئاژاوەنانەوە، کەمێک زیاتر لە مانگێک پاش ڕووخانی ڕژیمی شا، نیشانەی ئەوە بوو کەسانێک لە تاران و لە قوم، هەروەها لایەنگرانی ئەوان لە خودی کوردستانیش، بۆ بیانوویەک دەگەڕان کە بەربەستێک دابنێن لەبەردەم داخوازییەکانی گەلی کورددا.

بۆ گفتوگۆ سەبارەت بەو دۆخەی شاری سنە، ڕۆژی دووهەمی نەورۆز، دەستەیەک لە کەسایەتییە باڵا و ناودارەکانی ئێڕان گەیشتنە شاری سنە. ئەوانە بریتی بوون لە ێ‌یت‌الە گالقانی، ێ‌یت‌الە بهشتی، صدر حاج سیدجوادی (وەزیری ناوخۆ)، هاشمی رفسنجانی و ابوالحسن بنی صدر. لایەنی کورد، بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی و بەشداریی نوێنەرانی حیزبەکان و کەسایەتیی سیاسیی شارەکانی کوردستان چوونە کۆبوونەوەکان.

بەداخەوە مەلا ئەحمەد موفتی‌زادە ئامادە نەبوو لەگەڵ دەستەی نوێنەرانی کورددا بەشداریی دانوستاندنەکان بکات و بە جیاواز لەگەڵ ئەوان پەیوەندیی دەگرت.

لە کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی حکوومەتی ئێران و نوێنەرانی کورددا، ڕێک ئەو کاتەی وەزیری ناوخۆ (کشور) خەریکی قسەکردن بوو، فڕۆکە جەنگییەکان بە ئاسمانی شاری سنەدا خەریکی بەزاندنی دیواری دەنگ بوون و ناچار بوو دوو جار قسەکانی ببڕێت! لەو کاتەدا وەزیر برووسکەیەکی نارد بۆ فەرماندەی ئەرتەشی ئێران: 

"فڕینی فڕۆکەی جەنگی بەسەر شاری سنەدا بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵک و ڕاگرتنی گفتوگۆگانی ئێمە. کێ ئەو فەرمانەی دەرکردووە؟ لە لایەن پادەگانەوە تەقە لە خەڵک دەکەن و کوشتاریان وەڕێخستووە. فەرمان بدەن خێرا تەقەکردن ڕابگیرێت!" 

نوێنەرانی دەوڵەتی ئێڕان پاش چوار ڕۆژ گەڕانەوە بۆ تاران. لە ئاکامی ئەو کۆبوونەوانەدا بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە پێویست بوو هەڵبگیرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. بەیاننامەکە لە لایەن وەزیری ناوخۆ، برایم یونسی بانە (پارێزگاری نوێی کوردستان)، ئەحمەد موفتی‌زادە، یوسف ئەردەڵان و چەند کەسێکی ترەوە واژۆ کرابوو.

پاش کۆتایی کۆبوونەوەکان لەگەڵ دەستەی نوێنەرانی حکوومەت، مامۆستا شێخ عێزەدین سەرۆکی کۆڕی نوێنەرایەتی کورد، ڕاگەیاندنێکی لە هەشت خاڵدا بڵاوکردەوە تێیدا جارێکی‌تر داخوازییە سەرەکییەکانی گەلی کوردی بەرجەستە کردەوە.

ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە کوردەکانی دانیشتووی تاران لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی صارم‌الدین صادق وزیری، داواکارییەکانیان لە پێنج خاڵدا ئاراستەی دەوڵەت کرد؛ لە خاڵی سێهەمدا هاتووە:

٣- ئێمە دیسانەوە پێداگریی دەکەینەوە کە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی سەرۆکایەتی هەر هەیئەتێک بکات کە لەگەڵ کاربەدەستانی ڕەسمیی گفتوگۆ دەکەن. 


سەفەری تاران و قوم 
نوێنەرانی حیزبی دیموکرات بە سەرۆکایەتی دوکتور قاسملوو، ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە سەردانی تاران و قوم‌یان کرد و لەگەڵ خومەینی دیداریان هەبوو. پاشان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەت لە تاران کۆبوونەوە. ڕۆژی دواتر لە ئێران ڕێفراندۆم "بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەرێ یان نا" بەڕێوە چوو. گەلی کورد بەشداریی نەکرد لەو ڕێفڕاندۆمەدا! ڕۆژی ١٩ی گوڵان، دوکتور قاسملوو جارێکی تریش سەردانی قومی کرد و لەگەڵ خومەینی و بەرپرسانی دەوڵەت لە تاران گفتوگۆی کرد. 
لە سەر داوای وەزیری ناوخۆ، مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی ڕۆژی ٢٤ی گوڵان واتە ١٤/٥/١٩٧٩ بە سەفەرێكی چەند ڕۆژە چوو بۆ تاران بۆ دیداری بەرپرسانی بالای دەوڵەت  و دواتر لە قوم سەردانی خومەینی کرد. داواکارییەکانی مامۆستا و حیزبی دیموکرات ئەوە بوو کە وەڵامی خواستی ڕەوای گەلی کورد، واتە خودموختاری بۆ کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا بدرێتەوە. مامۆستا ئایینییەکانی هاوسەفەری مامۆستا شێخ عێزەدین داوایان کرد لە قانون اساسی ئێراندا 'دینی ئیسلام' بە ڕەسمیی بناسرێت نەک تەنها ئایینزای شیعە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران سەبارەت بەم سەفەرەی مامۆستا شێخ عێزەدین بێدەنگەیان کرد. چەند سەدهەزار کەس لە شارەکانی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕادیو و تەلەڤیزیۆن خۆپیشاندانیان کرد. مامۆستا بە ڕۆژنامەی 'ێ‌یندگان'ی گوت:
رادیۆ و تەلەڤیزیۆن هەواڵ و فیلمی دیداری دەستەیەک لە کەلیمی‌یەکانی ئێران بۆ لای خومەینی بڵاودەکەنەوە، کەچی بێدەنگەیان کردوە لە دیداری من و ئەم کەسایەتییە ئایینییە بەڕێزانەی کە لە کوردستانەوە هاتووین.  
مامۆستا شێخ عێزەدین لە گەڕانەوەدا بە فڕۆکە گەیشتە سنە و لەوێوە بە ماشین بەرەو مەهاباد ڕۆیشتەوە. بە دەیان هەزار خەڵکی شارەکانی سنە، دیواندەرە، سەقز، بانە، بۆکان و مەهاباد پێشوازیی گەرمیان لێکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا. 
بە درێژایی بەهار و هاوینی ئەو ساڵە دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بەردەوام بوو. ڕێبەرانی کوردستان پێداگرییان دەکرد کە بە ڕێگای هێمنانە و ئاشتییخوازانە دەکرێ کێشەکان چارەسەر بکرێن.
ڕۆژی یەکی پووشپەڕ ٢١/٦/١٩٧٩، مامۆستا شێخ عێزەدین برووسکەیەکی نارد بۆ خومەینی تێیدا دەڵێ: 
توندوتیژیی و دنەدانی دوژمنایەتیی لە ناوچەکەدا بە قازانجی دوژمنانی گەلە...// سیاسەتی بڵاوکردنەوەی چەک و پارە بە کەسانێکی دەستەمۆکراو، وە هاندانیان بۆ شەڕ، کردەوەی حکوومەتە سەرەڕۆکانە. ئەگەر خودا بەو ڕۆژە نەکا، هێندێک کەسانی دژ بە گەل و دژ بە کورد بەبێ ئاگاداری و ڕازی بوونی ڕێبەر [خومەینی] بیانهەوێت ئەو کارە بکەن،..// ئەمە پیلانێکی نگریسە کە لە زیانی شۆڕشی ئێرانە و ئاسایشی وڵات و خەڵکەکەی دەخاتە مەترسییەوە." 
'جەمعییەتی کوردەکانی تاران'، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی دەدەن و سەرنج ڕادەکێشن بۆ ئەو پڕۆپاگەندەی ڕادیۆی تاران‌دا دژ بە گەلی کورد بڵاوی کردەوە.
 " ...// هەست دەکرێت پیلانێک دژ بە کوردستان گەڵاڵە دەکرێت . . وەک ئەوە وایە گوێمان لە ڕادیۆی سەردەمی شا بووبێت سەبارەت بە گەلی کورد." 
بەبێ هیچ پاساوێک، لەو ڕۆژانەدا سپای پاسداران هەوڵیان دا بچنە ناو شاری مەریوان و مەقەڕ دابمەزرێنن. شۆرای شار و بەتایبەت فوئاد مستەفا سوڵتانی زۆریان هەوڵ دا نوێنەرانی دەوڵەت ڕازی بکەن دۆخی ئارامی شارەکە تێکنەدەن. کاتێک دەوڵەت پێداگریی کرد، ناچار خەڵکی شار کۆچیان کرد و لە ئوردووگایەکی نزیکی شار دامەزران بۆ ئەوەی خۆیان لە هەرچەشنە پێدادانێک لەگەڵ هێزەکانی پاسداران و داردەستەکانی ڕژیم دوور ڕابگرن.
دوو هەفتە دواتر صارم الدین صادق وزیری، سەرۆکی جەمعییەتی کوردەکان گوتی هەست دەکەین خەریکی داڕشتنی پیلانێكن بۆ خوێنڕشتن لە کوردستان. داوا لە هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران دەکەین، دەنگ هەڵبڕن و ڕێگا نەدەن شەڕخوازان سەربکەون.  
ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ (٧/٨/١٩٧٩) حیزبی دیموکرات نامەیەکی سەرئاوەڵای نارد بۆ خومەینی کە لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە. لەو نامەیەدا نووسراوە کە پڕوپاگەندە لە دژی حیزبی دیموکرات و گەلی کورد لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەردەوامە و ئەرتەش خەریکی ناردنی هێزە بۆ پادەگانەکانی شارەکانی کوردستان.

سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستاندا
سەرەنجام شەڕ لە دژی کوردستان لە هەورامانەوە دەستی پێکرد. ڕۆژنامەکان نووسییان حیزبی دیموکرات و هێزەکانی تاڵەبانی هێرشیان کردووەتە سەر شاری پاوە! مام جەلال برووسکەی نارد بۆ تاران و قوم و ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان پڕ بوو لە سەردێڕی گەورەی هەواڵی درۆ سەبارەت بە کوردستان.
ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ (١٩/٨/١٩٧٩) خومەینی، لەسەر بناغەی هەواڵێکی درۆ فەرمانی دا هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕوو لە کوردستان بکەن و ئەوە بوو بە دەستپێکی شەڕێکی خوێناوی کە سێ مانگی خایاند. ساڵانێک دواتر، بەشیک لە بەرپرسانی ئەو کاتی ڕژیمی ئێران سەلماندیان کە بە ئەنقەست زانیاریی هەڵە دراوە بە خومەینی! ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ئەو بابەتە وتارێکم نووسی و بە وردی چەند لایەنێکی ئەو باسەم ڕوونکردەوە. 
لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی تاران وێنەی ئێعدام کردنی ڕۆڵەکانی کوردستانیان بڵاو دەکردەوە! خومەینی لە کۆبوونەوەیەکدا هێرشی توندی کردە سەر مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملوو و گوتی حیزبی دیموکرات، حیزبی شەیتانە!
لە سەرەتای شەڕەکاندا یەک لە دوای یەک شارەکان گیرانەوە و ڕێبەرانی کوردستان گەیشتنە گوندەکانی سەر سنوور، لای مەقەڕەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خڕی ناوزەنگ. نە حیزبی دیموکرات و نە کۆمەڵە خۆیان بۆ ئەم شەڕە ئامادە نەکردبوو. شەڕ بە سەر گەلی کورددا سەپێندرا. 
پێشمەرگە قارەمانەکان بەرگرییەکی پۆڵایینیان کرد و خەڵکی کورد لە شار و لە گوند ئەو پەڕی فیداکاریی و لە خۆبوردووییان نواند. دڕندەیی ڕژیم، خەباتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لە ڕۆژنامە و ڕادیۆکانی جیهان و ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.



سەرەتای گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاخ

هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی پێشمەرگە و شکستی هێزەکانی ڕژیم، هەروەها خەباتی خەڵکی شارەکان بیرۆکەی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەکەوێتە ڕۆژەڤی ڕژیمەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکانی تاران، تەنها ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر لە نێوان سەردەشت و بانە لانیکەم ٣٢ کەس لە پاسداران و سەربازان کوژران و نزیکەی ٧٠ کەس بریندار و بێ سەروشوێن بوون. سەردێڕێکی گەورەی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی اگلاعات ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر ١٣٥٨ ئەمە بوو: "فاجعە خونین در کردستان"!
هەر لە لاپەڕەی یەکەمی ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەکە‌دا ئەم سەردێڕە هەیە: "ابر مردان کردستان کجا هستند؟" (پیاوە مەزنەکانی کوردستان لەکوێن؟) وتارەکە علی بابایی نووسیوویەتی و تێیدا چەندین شتی سەرنجڕاکێش دەڵێ:
"مەلای شیعە مەنێرن بۆ کوردستان، دەوڵەت و ڕێبەرانی شۆڕش بیر لە هەموو شت دەکەنەوە لە کوردستان نەبێت. ئەمن لەگەڵ داریوش فرووهەر کە چووبووم بۆ مەهاباد لە مزگەوت زۆرمان هەوڵدا بەناوی ڕێبەری شۆڕشەوە [خومەینی] جۆش و خرۆشێک وەڕێبخەین بۆمان نەکرا، ..// شێخ عێزەدین و چەند مەلای کوردستان لەسەر بانگهێشتی وەزیری ناوخۆ سەفەری تاران و قوم‌یان کرد، لەکاتێکدا دەنگوباسی بچووکی کووچە و کۆڵان بە گەرموگوڕی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بڵاودەکرایەوە، لە کوردستان و مەهابادەوە هاواریان دەکرد بۆ سەبارەت بەو سەفەرە هیچ ناڵێن! منداڵی مەدرەسە بە هێلیکۆپتەر و بە سڵاوات لێدان دەنێرن بۆ قوم، کەچی بۆ شێخ عێزەدین و مەلاکانی کوردستان گوتیان هەوا خراپە و بە ئوتوبوس و ماشینی خۆیی چوون بۆ دیداری ڕێبەری ئینقیلاب!" 
ئەم نووسینە بیروبۆچوونێکی تایبەت دەردەخات لەناو ڕووناکبیران و لەوانەیە کەسانێکی نزیک لە دەسەڵاتیش. جموجۆڵی سیاسی بۆ پەیوەندیی گرتن لەگەڵ ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی کوردستان لە چەند شوێنەوە دەستی پێکرد. سەرەتا وەزیری کار داریوش فرووهەر و چەند کەس بە شارەکانی کوردستاندا دەگەڕان و دەیانگوت لەگەڵ "خەڵکی کوردستان" گفتوگۆ دەکەین! بۆ هەر شارێک چوون یەک وەڵامیان وەرگرتەوە، "ڕێبەرانی ئێمە وان لە شاخ، بڕۆن گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان بکەن"!
لەم نێوانەدا مام جەلال نامەی نووسیبوو بۆ بەرپرسانی ئێرانی و داوای لێکردبوون لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان گفتوگۆ بکەن. 
ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧/١٠/١٩٧٩) داریوش فرووهەر هاتە سەردەشت و لە گوندی نیشکۆڵان چاوی بە مام جەلال کەوت کە کەسانێکی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی عەرەبی عێراقیشی لەگەڵ بوو. مام جەلال پێش ئەم دیدارە لەگەڵ قاسملوو، شێخ عێزەدین و کۆمەڵە ڕاوێژی کردبوو. لەگەڵ فرووهەر چەند ئەفسەرێکی باڵا و نوێنەرێکی خومەینی ئامادە بوون.  
شەش ڕۆژ دواتر، واتە ٢١ی ڕەزبەر نوێنەرێکی سەرۆکوەزیرانی ئێران، 'صادق زیباکلام' هاتە مەهاباد و ڕۆژنامەکان ڕایانگەیاند کە حیزبی دیموکرات "ڕفاندوویەتی". دەرکەوت پێش "ڕفاندنەکەی" لە چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'اگلاعات'، زیباکلام ڕەخنەی گرتووە لە هەڵوێستی دەوڵەت و پێیوایە دەبێ چارەسەرێكی سیاسیی بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە. 
کاتێک یەکەم پەیوەندییەکان لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین گیرا بۆ گفتوگۆ، مەلا عومەری عەسری لەگەڵ مەلا محمد عباسی، وەکو نوێنەری مامۆستا بۆ هەماهەنگ کردنی هەوڵەکان بە مەبەستی گفتوگۆی هاوبەش، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەیان کرد. کۆمەڵە و دواتریش ڕێکخراوی چریکی فیدایی قبووڵیان کرد، بەڵام دوکتور قاسملوو گوتی ئێمە لە ڕێگای صادق زیباکلام‌ـەوە داخوازییەکانی خۆمان ناردووە بۆ دەوڵەت، بۆیە بەشداریی ناکەین چونکە چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین. 
لە ئاکامی ئەم ناوبژیوانییەی مام جەلالدا بوو کە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ڕەزبەر (٨/١٠/١٩٧٩) لە گوندی بنووخەڵەف لە ناوچەی سەردەشت، دیدارێک لە نێوان مامۆستا شێخ عێزەدین و وەزیری کار 'داریوش فرووهەر' ئەنجام درا. 'فرووهەر' ڕایگەیاند بە مەرجێک کوردەکان تەقە ڕاگرن، گفتوگۆکان نهێنی بن و سووکایەتی بە خومەینی نەکرێت، ئەوان بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی کورد دادەنیشن. مامۆستا شێخ عێزەدینیش داواکارییەکەی ئەوە بوو کە گفتوگۆکان بە ئاشکرا و بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەکانی چالاک لە شۆڕشی کوردستاندا بەڕێوە بچێت و زیندانییەکان ئازاد بکرێن. 
سەبارەت بە ئاگربەس مامۆستا بۆی ڕوونکردنەوە، کە ڕێکخراوە سیاسییەکانی خاوەن هێزی پێشمەرگە لەو بارەیەوە بڕیاردەرن, بە نەمانی ئەرتەش و پاسداران لە ناو شارەکانی کوردستان و کۆتایی هێنان بە شاڵاو بۆ سەر شار و گوندەکان، شەڕ کۆتایی پێدێت. دەستەی نوێنەرایەتی کورد بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین، گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد و سنەی وەبیر نوێنەرانی دەوڵەت هێنایەوە کە تێیدا داخوازییەکانی گەلی کورد دیاری کراون. 
دواتر زانیمان، فرووهەر هەر ئەو ڕۆژە و لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا، بە زمانێکی نەرم داوای کردووە لە مامۆستا سەفەرێکی قوم بکات! تەنانەت دەشڵێ دەتوانێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات و پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت. هەم مام جەلال و هەم هاوڕێیان لەوێ جوابیان دایەوە کە بە خۆشییەوە تەندروستیی مامۆستا شێخ عێزەدین زۆر باشە و وەها سەفەرێک بە پێویست نازانرێت!  
دەنگوباسی ئەم دیدارەی مامۆستا هەم لە ڕۆژنامەکانی ئێران و هەم لە ڕادیۆکانی دەروەدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. دوابەدوای ئەم کۆبوونەوەیە، دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە:
 "ڕادیۆکانی دەرەوەی وڵات ڕایانگەیاندووە کە نوێنەرانی گەلی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی خەریکی گفتوگۆن و هەربۆیە ئاگربەس ڕاگەیەندراوە. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە هیچ کۆبوونەوە و وتووێژێک لە نێوان نوێنەرانی حیزبی دیموکرات و دەوڵەتدا نییە و هەر بۆیەش ئاگربەس ڕانەگەیندراوە...// پێشمەرگە گیانبازەکانی ئێمە نابێ بۆ ساتێکیش لە خەباتی چەکدارانە خافڵ بن!" 
پاش گفتوگۆکەی مامۆستا و فرووهەر لە بنووخەڵەف، کۆمەڵە نامیلکەیەکی بڵاوکردەوە بە زمانی فارسی لە ژێر سەردێڕی "ما و مژاکرات" (ئێمە و وتووێژ) کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. لەو ڕاگەیاندنەدا وێڕای تاوتوێکردنی لێکدانەوەی کۆمەڵە سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ ڕژیم، داواکاریی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتیی خۆی گرێدەدرا بە دابینکردنیی مافی هەموو گەلانی ئێران و ئازادییە دیموکراتیکەکان و هتد. لەو بەیاننامەیەدا کۆمەڵە ڕایگەیاند کە: 
'ئێمە پشتیوانیی دەکەین لەو داخوازییانە کە ڕۆژی ٢٧/٧/١٣٥٨ مامۆستا شێخ عێزەدین، لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتدا ڕادەستی بەڕێز داریوش فرووهەری کرد.'
سەبارەت بە ئاگربەس، ڕاگەیاندنەکەی کۆمەڵە دەڵێ:
 'قبووڵکردنی وتووێژ بە هیچ لەونێک بە واتای قبووڵ کردنی ئاگربەس نییە و ئێمە لەم بارەیەوە نموونەی ڤییەتنام ڕەچاو دەکەین . .'  
مەبەستی کۆمەڵە ئەو وتووێژانە بوو کە لە پاریس لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەتی ڤییەتنام و ئەمریکا بەڕێوە دەچوو لەکاتێکدا کە شەڕ لە ڤییەتنام بەردەوام بوو!

***

دوابەدوای کۆبوونەوەی بنووخەڵەف لەگەڵ داریوش فرووهەر، جموجۆڵێکی زۆر گەرموگوڕ دەستی پێکرد بۆ پێکهێنانی دەستەی نوێنەرانی کورد، لە نێوان مامۆستا شێخ عێزەدین، حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و چریکی فیدایی لقی کوردستان. حیزبی دیموکرات دەیگوت ئێمە حیزبی سەرەکیی و ڕێبەری بزووتنەوەی کوردستانین, دەبێ سەرۆکایەتیی دانوستاندنەکە بە ئێمە بێت. وامان پێباشە مامۆستایش لەگەڵ بێت. ڕێکخراوەکانی دیکە پێویست ناکات بەشداربن.
مامۆستا بڕیاری دا سەردانێکی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات بکات و بەتایبەت لەگەڵ دوکتور قاسملوو سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت قسەوباسی کرد. من و چەند ئەندامێکی دەفتەری مامۆستایش لەو سەردانەدا لەگەڵ بووین وکاتێک گەیشتینە لای حیزبی دیموکرات، نووسەر و ڕۆژنامەوانی فەرانسەیی کریس کووچێرا لەوێ بوو. پێشتریش دوکتور قاسملوو و ئەندامانی دەفتەری سیاسی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان سەردانی مامۆستایان کردبوو.
لە سەردانێکی دیکەدا من و فاتێح شێخ‌الاسلامی لە لایەن دەفتەری مامۆستاوە، چووین بۆ لای دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات لە ئاشی پشکاوێ. گفتوگۆ لەگەڵ دوکتور قاسملوو و ئەندامانی دەفتەری سیاسی سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕیوەبردنی گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت و شێوەی بەشداریی کردنی لایەنە سیاسییەکان بوو. شەو لەوێ ماینەوە و میوانی بەشی چاپەمەنی حیزب بووین کە مامۆستا هێمن و عەلی حەسەنیانی شاعیر و دۆستی کۆنی کاک فاتێح لەوێ بوون.

درێژەی گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت، و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی ئێران
لە ئاستی ئێراندا کێشەکانی ناوخۆ و ململانێی نێوان باڵە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی وردە وردە تۆختر دەبووەوە. سەرۆکوەزیران 'مهدی بازرگان' کە لە ژێر گوشاردا بوو، سەرەنجام ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەر دەستی لەکار کێشایەوە.
ڕووداوێکی زۆر گرینگ و چاوەڕواننەکراو لە ئێران، بە بارمتەگرتنی هەموو کارمەندانی سەفارەتی ئەمریکا بوو لە تاران. ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر (٤/١١/١٩٧٩) 'خوێندکارانی لایەنگری هێڵی ئیمام" هەڵیانکوتایە سەر سەفارەتی ئەمریکا، و هێزەکانی ئاسایش نەک پێشیان پێنەگرتن بەڵکوو ڕێگایشیان بۆ خۆشکردن. ئەم کارە لە سەردەمی جیمی کارتێر سەرەککۆماری دیموکراتی ئەمریکادا کرا و بیانووەکەی ئەوە بوو کە دەبێ شای ئێران، کە لە ئەمریکا بوو، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێتەوە! 
گرتنی سەفارەتی ئەمریکا کارتێکردنێکی زۆری هەبوو لەسەر باڵە جیاوازەکانی ناو حکوومەتی ئێران و چەند لایەنێک توانییان بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆیان ئەو بارمتەگرتنە بەکاربێنن. چەند لایەنێک و بەتایبەت ئەوانەی سەر بە شوورەوی (یەکێتی سۆڤییەت) بوون، ئەمەیان بە هەنگاوێکی دژ بە ئەمپریالیسمی ئەمریکا دەدایە قەڵەم. 

خۆپیشاندانی گەورەی ڕۆژی جەژنی قوربان و ڕۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدین
ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر واتە یەک هەفتە پێش جەژن، مامۆستا شێخ عێزەدین پەیامێکی تایبەتی بڵاوکردەوە ڕوو لە هەموو خەڵکی کوردستان. لەو پەیامەدا مامۆستا داوای لە گەلی کورد دەکرد کە ڕۆژی جەژنی قوربان واتە ١٠ی خەزەڵوەر (١/١١/١٩٧٩) ڕێز لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی کوردستان بگرن و خۆپیشاندانی گەورە وەڕێبخەن.
ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستا شێخ عێزەدین لەلایەن چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵە، چریکی فیدایی و پەیکارەوە لە هەموو کوردستان بڵاوکرایەوە. جگە لەوە، ڕادیۆ مۆنت‌کارلۆ بە عەرەبی و بەشی فارسی ڕادیۆ بی‌بی‌سی و ڕادیۆ ئیسرائیل هەواڵەکەیان ڕاگەیاند. ئەو ڕۆژە بوو بە ڕۆژی دەربڕینی هاوخەباتیی و یەکگرتوویی گەلی کورد. لە هەموو شار، شارۆچکە و گوندە گەورەکانی کوردستان خەڵک بە دەنگ بانگەوازەکەی مامۆستاوە هاتن، خۆپیشاندانی گەورەیان وەڕێخست و ڕێزیان گرت لە شەهیدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان. ئەمە جارێکی دیکە سەلماندی کە گەلی کورد، مامۆستا شێخ عێزەدین بە پێشەنگی خەباتی خۆیان دەزانن و هەردەم ئامادەن بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە بچن.
هەر لەو ڕۆژەدا ستوونێکی ئەرتەش بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ تاران لە سەردەشتەوە کەوتەڕێ. لە نزیکی بانە تەقەیان لە ماشینێک کرد و لە ئاکامدا دوو کەس گیانیان بەختکرد و حەوت کەس بریندار بوون. ئەمانە خەڵکی دێهاتی دەوروبەر بوون کە بۆ بەشدارییکردن لە خۆپیشاندان بەرەو بانە دەچوون. پاش ئەوە پێشمەرگەکانی شێخ جەلال حوسەینی لەگەڵ ستوونەکە کەوتنە شەڕێکی قورسەوە کە لە ئاکامدا بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی 'کیهان' لە ٧٢ کەس تەنها حەوت کەس توانیبوویان دەربازبن. ٥٢ کەس کوژراو و باقییەکەیان ئەسیر بوون.  لانیکەم ٢٥ ماشینی ئەرتەشی تێکشکاو لە سەر جادەی بانە – سەردەشت و هەروەها بانە – سەقز بەجێمابوون. دواتر پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتیش بەشداری شەڕەکەبوون و زەربەی قورسیان بە هێزەکانی دەوڵەت گەیاند. 
ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر هەواڵی پێکهاتنی "هیأت ویژە دولت برای حل مسائل کردستان" (دەستەی تایبەتی دەوڵەت بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان) بڵاوکرایەوە. سێ وەزیر واتە داریوش فرووهەر، هاشم صباغیان و عزت‌الە سحابی, ئەندامانی ئەم دەستەیە بوون.
بە گوتەی کەریم حیسامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکرات، ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەر (٣/١١/١٩٧٩) نوێنەرانی دەوڵەت (فرووهەر، صباغیان و سحابی) هاتنە مەهاباد و داوایان کرد لە بەنداوی مەهاباد سەردانیان بکەین. حیسامی دەڵێ من لەگەڵ غەنی بلووریان، کە چەند ڕۆژێک بوو گەڕابووەوە ناوشار، چووین بۆ لایان و لەگەڵیان دانیشتین.  حیسامی تەنها باسی خۆی و غەنی بلووریان دەکات، بەڵام سەبارەت بەم دانیشتنە عەزیز ماملێ دەگێڕێتەوە کە ئەو و مامۆستا هێمنیش لەو دانیشتنەدا بەشدار بوون و تەنانەت لەگەڵ صباغیان قسەیان لێک گیراوە.  
مامۆستا شێخ عێزەدین جارێکی دیکەیش سەردانی دوکتور قاسملوو و دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کرد کە تەنها مەلا عومەر عەسری لەگەڵ خۆی برد. مەلا عومەر دەیگێڕێتەوە کە مامۆستا هەوڵی دا حیزبی دیموکرات ڕازی بکات وێکڕای ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە، ئامادەبن لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت گفتوگۆ بکەین.
دەستپێخەریی مام جەلال بەردەوام بوو. لەگەڵ داریوش فرووهەر ڕێکەوتبوون کە دیسانەوە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی کورد بکرێت. بەداخەوە حیزبی دیموکرات ئامادە نەبوون لەگەڵ بکەون. سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٨ خەزەڵوەری ١٣٥٨ واتە ٩/١١/١٩٧٩ چەندین کەس بووین کە لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین بەرەو گوندی بێوران لە ناوچەی سەردەشت وەڕێکەتین. نوێنەرانی کۆمەڵە و چریکی فیدایی‌ش لەگەڵ بوون.
ئەو ڕۆژە ئێمە، واتە مەلا عومەری عەسری، مەلا محمد عباسی، صلاح‌الدین مهتدی، فاتێح شێخ‌الاسلامی، مەلا ڕەحمان شکاک، عەزیز ڕەزایی و من هاوڕێ لەگەڵ مامۆستا بووین. نوێنەرانی کۆمەڵە بریتیی بوون لە سەیدبرایم عەلیزادە، یوسف ئەردەڵان. لە لایەن ڕێکخراوی کوردستانی چریکی فیداییەوە محمدامین شێرخانی، رفیق مەمەد (بێهزاد کەریمی) کە خەڵکی ئازەربایجانە. ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵە و دەفتەری مامۆستایشمان لەگەڵ بوو. لە ڕێگا پێچاوپێچ و شاخاوییەکەی تووژەڵە بەرەو گوندی بێوران، ئەو هێسترەی یوسف ئەردەڵان سواری بووبوو (لەبەر ئازاری لاقی نەیدەتوانی زۆر بە ڕێگادا بڕوات)، هەڵخلیسکا، بەرەو هەڵدێر خوار بووەوە و تۆپی! خۆشبەختانە کاک یوسف زۆر بە وریاییەوە زوو خۆی فڕێدابووە خوار و هەر کەمێک ئازاری پێگەیشت و بە سووکیی بریندار بوو.
ئێمە گەیشتینە بێوران و لەبەر ئەوەی زۆر بووین، بەشی زۆرمان چووینە مزگەوتەکە بۆ حەسانەوە و خواردنی نانی بەیانیی. مامۆستا لەگەڵ چەند کەسێک لە ماڵێک دامەزرابوو، بانگی کردم بۆ قسەکردن. گوتی دوێنێ شەو داخوازیینامەیەک نووسراوە  کە بیدەین بە نوێنەرانی دەوڵەت. دوایین دەقی نووسینەکە زۆر کەوتە درەنگ، بۆیە پێش کۆبوونەوەکە پێم چاکە جارێکی دیکە بیخوێنینەوە. من کە نەمدیبوو، دەستم کرد بە خوێندنەوە. یەکێک لە خاڵەکان ئەمە بوو: "انحلال مجلس خبرگان" (هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی خیبرەکان)! گوتم مامۆستا ئەوە داوایەکی نەگونجاوە! نەک ئاشتیخوازانە نییە بگرە شەڕخوازانەیە. هەموو ڕۆژێک لە ڕادیۆی تارانەوە دەنگوباسی 'مجلس خبرگان' بڵاو دەکرێتەوە کە چی و چییان پەسەند کردووە. ئێمەی نوێنەرانی کورد چۆن دەتوانین داوای هەڵوەشانەوەی بکەین؟
مامۆستایش شێوەی داڕشتنی ئەو خاڵەی بەدڵ نەبوو، گوتی بۆچوونەکەت ڕاستە، دەبێ بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەوانی دیکەی بیگۆڕین، هەرچەند داخوازییەکان تایپ و ئامادە کراوە! گوتم ئەم بەیانییە پێش سەفەرەکەمان، من بیرم کردەوە کە لەوانەیە پێویستمان بە نووسینی بابەتێک هەبێت، بۆیە ماشینی تایپکردنەکەم هێناوە! مامۆستا زۆری پێخۆش بوو. بە ڕاوێژ لەگەڵ مامۆستا من پێشنیارێکم نووسی سەبارەت بەو خاڵە کە ئەو پێی باش بوو. 
نووسراوەکەم برد بۆ لای برادەران لە مزگەوت، زۆرینە ڕازی بوون و پێشنیاری چەند ئاڵوگۆڕێکیان کرد کە جێبەجێ کرا. ئەو کەسەی کە دیاربوو پێشنیاری داڕشتنی یەکەمی ئەو خاڵە هی ئەو بوو پێی ناخۆش بوو! دواتر مامۆستایش دەقەکەی پەسەند کرد. پاشان سەرلەنوێ بە ماشین تایپەکە هەموو نووسراوەکەم داڕشتەوە، مامۆستا ئیمزای کرد و ئەوە کرا بە داخوازیی ڕەسمیی دەستەی دانوستاندکار لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت.
دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، نوێنەرانی دەوڵەت و هەروەها مام جەلال هاتن و کۆبوونەوە دەستی پێکرد. هێزێکی بەرچاو لە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە دەوروبەر دامەزرابوون. 
لایەنی دەوڵەت بریتیی بوون لە سێ وەزیرەکە، واتە فرووهەر، صباغیان، سحابی، کەسێک کە دیاربوو نوێنەری خومەینییە و ئەحمەد قازی (ئەو لە تارانەوە لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت هاتبوو). مام جەلالیش بەشداربوو. قسەوباس زۆر کرا و لایەنی جۆراوجۆری داواکارییەکان و چاوەڕوانییەکان لە هەردوولاوە تاوتوێ دەکران.
کێشەیەکی سەرەکییمان ئەوە بوو کە فرووهەر دەیگوت چوومەتە خزمەت ئیمام خومەینی، منی دڵنیاکردووەتەوە و دەزانم پێیخوشە کێشەی کورد چارەسەر بکات. ئێوە ئەگەر ئاگربەس ڕابگەیەنن، ئەوە نیشانەیەکی زۆر باشە و دەتوانین خێرا بچینە پێش. سەلاح موهتەدی کە بەشێک لە قسەکان ئەو دەیکرد، هەوڵیدا بە هێمنیی ڕوونی بکاتەوە کە ئێمە لە ماڵی خۆمان دانیشتبووین و ئەرتەش و سپای پاسداران هاتن و تەقەیان کردووە. مامۆستایش دەیگوت خەڵکی کورد تەنها پارێزگاری لە خۆی کردووە، پێشمەرگە نەبوو کە دەستی بە شەڕ کرد، بەڵکوو شەڕی بەسەردا سەپێندرا. هەموو لایەک دەیانەویست بە نوێنەرانی دەوڵەت بڵێن ئەگەر ئەرتەش ئاگربەس ڕابگەیەنێت، کارەکە تەواوە و شەڕ ڕادەوەستێت.
فرووهەر هەر دەیگوت ئێوە دەبێ ئاگربەسی دەستبەجێ ڕابگەیەنن! کاک سەلاح لێرەدا ڕووی کردە فرووهەر و گوتی ئاخەر نافەرمووی ئیمام پێی خۆشە کێشەکە لە ڕێگای سیاسییەوە جێبەجێ بکرێت، دە هەر خودی خۆیشی دەتوانێ فەرمان بدات هەموو هێزەکانی دەوڵەت تەقە ڕابگرن و شەڕەکە تەواو دەبێت. فرووهەر ئەم قسەیەی پێ ناخۆش بوو. هەربۆیە دەنگی بەرزکردەوە و دیسان بەرپەرچی قسەکەی سەلاح موهتەدی دایەوە. کاک سەلاح لێرەدا بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت هەر ئەوەندەی کرد کە هەستا و کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.
ماوەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر کۆبوونەوەکەدا کێشا. لێرەدا من گوتم ئاغای فرووهەر ئەزموونی من لەم چەشنە گفتوگۆیانە کەمە، بەڵام ئەو شێوە ئاخافتنەی جەنابت بەرامبەر بە ئاغای موهتەدی و ئەویش لە کاتێکدا کەسایەتییەکی وەکو مامۆستا شێخ عێزەدین دانیشتووە نابەجێیە! پێویستە ڕێز لە کۆبوونەوەکە و لە مامۆستا بگیرێت. ئیتر کەمێک قسەوباسی دیکە کرا و سەرەنجام مامۆستا ئەو نووسراوەی کە ئامادەمان کردبوو بە ڕەسمی دایە دەست داریوش فرووهەر.
ئەمەی خوارەوە دەقی داخوازییەکانەی ئەو ڕۆژەیە:
١- گەلی کورد داوای خودموختاریی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەکات لە چوارچێوەی ئێراندا. وردەکارییەکانی ئەم داخوازییانە لە گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد و سنەدا باسکراون. 
٢ - گەلی کورد داواکاری دەستەبەربوونی هەموو ئەو ئازادییانەیە کە لە 'گەڵاڵەنامەی یەکێتی گەلان' و هەروەها لە 'جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ‌'دا هاتووە. لەوانە، ئازادی ئایین، باوەڕ، کار، نیشتەجێبوون، ڕادەربڕین، نووسین، حیزبایەتیی و یەکسانیی تەواو لە نێوان ژنان و پیاواندا دەگرێتەوە.
٣ - پێکهێنانی 'مجلس خبرگان' لەباتی 'مجلس مۆسسان' بووەتە هۆی ناڕەزایی دەربڕینی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران و ناوەندە پێشکەوتنخوازەکان. لەلایەکی تریشەوە لەبەر ئامادەنەبوونی نوێنەرانی گەلی کورد و باقی گەلانی ئێران لەو مەجلیسەدا، داوادەکەین هەڵبژاردنێکی ئازاد بکرێت بۆ پێکهێنانی 'مجلس مۆسسان' و دیارییکردنی قانون اساسی لەسەر بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی و هەروەها گیانی شەریعەتی ئیسلامی. 
بۆ پێکهێنانی کەشوهەوایەکی لەبار بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئەو داخوازە سەرەکییانە، پێویستیە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بە خێرایی هەڵبگیرێن:
1.ئازادیی بۆ هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕۆژنامەی پێشکەوتنخواز و ئابڕووسەندنەوە بۆ هەموویان.
2.دەرکردنیی سپای پاسداران، چۆڵکردنی پاسگاکان و چەککردنی بەکرێگیراوانی ناوچەیی.
3.ئازادکردنیی خێرای هەموو زیندانییە سیاسییەکان و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی دوورخستنەوە و ڕاگواستنی [بنەماڵە کوردەکان بۆ دەرەوەی کوردستان].
4.وەستانی هەموو چەشنە ئاڵوگۆڕی سەربازیی لە کوردستان هەتا دەستەبەربوونی داواکارییە سەرەکییەکانی گەلی کورد.
5.نابێ دەوڵەت و دەسەڵاتداران چەک بدەن بە کۆنەپەرستانی ناوخۆ.
6.دامەزراندنی دادگای ئازاد و ئاشکرا بۆ ڕاگەیشتن بە سەر تاوانەکانی شەڕ، ئەوانەی خەڵکیان کوشتووە و دادگای نایاساییان دژ بە گەلی کورد بەڕێوە بردووە.
7.ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانە ماڵیی و ڕۆحییەی لە سەردەمی شەڕی سەپێندراودا لە خەڵکی کورد کەوتوون.
8.لە هەموو وتووێژێکدا سەبارەت بە مافی نەتەوەیی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان، پێویستە ناوەڕۆکی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد و سنە بەوردیی ڕەچاوبکرێت.
سید عزالدین حسینی ١٨ی خەزەڵوەر ١٣٥٨(٩/١١/١٩٧٩) 
لە ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە ئاسایشی کۆبوونەوەکەیان لە ئەستۆ بوو، بەپەلە خۆی گەیاندە مام جەلال و گوتی هەوڵدانێک هەیە بۆ شێواندنی دۆخەکە و ئەرتەشی ئێران لەوانەیە هێرش بکەن. مام جەلال لێبڕاوانە گوتی هەر کە جووڵەیان کرد، دەستیان لێ مەپارێزن و جوابیان بدەنەوە!
کۆبوونەوەکە، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر کۆتایی پێهات. نوێنەرانی دەوڵەت گەڕانەوە و ئێمەیش هەموومان چووینە مزگەوتەکەی بێوران، لەگەڵ پێشمەرگەکان و باقی دۆستانێک کە نەهاتبوونە ناو کۆبوونەوەکە دەستمان کرد بە هەڵسەنگاندنی قسەوباسەکان. مام جەلال لە ئاکامی دانیشتنەکە ڕازی بوو. سەبارەت بە چوونە دەرەوەی کاک سەلاح قسەی کرد، ڕووی کردە لای من و وتی چاکت دا بە دەم فرووهەردا! پاشان چەند کەسێکی تریش بیروڕای خۆیان دەربڕی و بەگشتی قسەوباسەکان و دانیشتنەکەیان پێ باش بوو.
کە هاتینە دەر ڕۆژنامەوانان و خەڵکێکی زۆر لەوێ کۆبووبوونەوە؛ یەکێک لە ڕۆژنامەوانە بێگانەکان کە هاتبووە شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان، فێردیناند هێننێر بیشلێر، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئوتریشی (نەمساوی) بوو. ئەویش کە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو وتووێژە بوو، دواتر لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین و مام جەلال قسەی کرد. ئەو وێنە بەناوبانگەی مام جەلال کە لەسەر پەیژەیەک دانیشتووە و خەریکی نووسینە، ئەو ڕۆژە فێردیناند لە بێوران گرتوویەتی.  
ئەو کۆبوونەوەیە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا، بە چەشنێک کە هەر دوو ڕۆژنامەی گەورەی تاران واتە کیهان و اگلاعات لە سەردێڕی گەورەدا نووسییان: "مژاکرات مهم هیأت اعزامی با سران کردستان در سردشت"، "ێ‌تش بس در کردستان نزدیک است". "دوێنێ دوایین قۆناخی گفتوگۆی نێوان فرووهەر و عزالدین حسینی ئەنجام درا."

***


دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد – هیأت نمایندگی خلق کرد
کێشەی سەرەکیی لەسەر ڕێگای پێکهێنانی دەستەیەکی نوێنەرانی کورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت ئەوە بوو کە حیزبی دیموکرات دەیگوت ئێمە هێزی سەرەکین و دەبێ بەرپرسایەتیی بە ئێمە بێت و مامۆستا شێخ عێزەدینیش بەشداریی بکات. دەفتەری مامۆستا، کۆمەڵە و چریکی فیدایی‌ش ئاماژەیان بە بڕیارنامەی هەشت خاڵیی مەهاباد دەکرد کە تێیدا نوێنەرانی شارەکانی کوردستان بە ڕەسمیی داوایان کردووە مامۆستا شێخ عێزەدین دەبێ سەرۆکی هەر دەستەیەک بێت کە لەگەڵ دەوڵەت گفتوگۆ دەکات. خەڵکی کوردستان بە خۆپیشاندانی گەورە پشتیوانیی خۆیان لەو بڕیارنامەیە دەربڕیوە و لە هەموو ڕۆژنامەکاندا تۆمارکراوە. هەروەها پێویستە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هەموو هێزە سیاسییەکان و پێشمەرگەکانیان بگیرێت. 
هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان، چڕوپڕ بوونەوە. بەتایبەت پاش خۆپیشاندانە گەورەکانی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە کە جوابدانەوەیەکی زۆر گەرموگوڕ بوو بە بانگەوازەکەی مامۆستا شێخ عێزەدین، هەستمان دەکرد مەیلێکی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.
لە شاری مەهابادەوە مەلا ئەبووبەکر حەسەنزادە (بەرپرسی ئەوقاف، شاگرد و دۆستێکی نزیکی مامۆستا)، مهندس ئاریا، مەلا قەسیم سەوجە وەکوو نوێنەرانی خەڵک هاتنە سەردانی مامۆستا لە بێژوێ.  پەیامەکەیان ئەوە بوو کە خەڵک چاوەڕوانن هێزە سیاسییەکان یەکدەنگ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. مامۆستا بە وردیی هەڵوێستی خۆی و ئامادەبوونی خۆی بۆ ئەو نوێنەرانە باسکرد و گوتی کە ئەو لە مێژە ئامادەیە و چەند جارێکیش لەگەڵ حیزبی دیموکرات قسەی لێکردووە. 
نوێنەرانەی خەڵکی مەهاباد سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتیشیان کرد. پێشنیارەکە لە مێژبوو دیاربوو کە چییە. مامۆستا دەبێ سەرۆکایەتی گفتوگۆکان بکات. پاشان دەمایەوە چۆنییەتی بەشداربوونی سێ لایەنەکەی دیکە و چۆنییەتی دابەشکردنی ڕۆڵی ئەوان لە گفتوگۆکاندا. حیزبی دیموکرات هەر لە سەرەتاوە خوازیاریی ئەوە بوو کە ئەوان سەرۆکایەتی دەستەی نوێنەرانی کورد بکەن. کۆمەڵەیش داوای دەکرد ڕۆڵی ئەوان لە گفتوگۆکاندا هاوتای حیزبی دیموکرات بێت. ئەوەندەی لەبیرم بێت، ڕێکخراوی چریکی فیدایی تەنها بە بەشداربوونیان ڕازی بوون. ڕەنگە لەبەر ئەوەی کە ئەوان پێگەی سەرەکییان لە تاران بوو، هەروەها ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە شەڕ و بەرگرییەکانی کوردستاندا نەگێڕابوو.

پەیامی 'ئاشتیی' خومەینی 
خومەینی، ئەو کەسەی کە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩/٨/١٩٧٩) فەرمانی هێرشی هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بۆ کوردستان دەرکرد و ڕێبەرانی بە خائین دایە قەڵەم، سێ مانگ پاش ئەوە، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر (١٧/١١/١٩٧٩) پەیامێکی ئاشتیی بڵاوکردەوە! گوتی:
 "سڵاو لە خوشکان و برایانی کورد...// من تێدەگەم که لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی کاتییشدا [بە سەرۆکایەتی مهدی بازرگان] ئەو جۆرەی کە شیاویی خواستی ئێوە و میللەت بێت، پێتان ڕانەگەیشتوون...// لە دەستەی [نوێنەرانی] تایبەت داوا دەکەم که بەوپەڕی نیازپاکییەوە درێژە بە گفتوگۆکان بدەن؛ وە لەگەل  کەسایەتییە ئایینی، سیاسی و میللیەیەکان، هەروەها باقی توێژەکان پەیوەندیی بگرن، هەتا بەدیهێنانیی داخوازییەکانی ئەوان – کە داخوازیی ئێمەیشە – با بە شێوەیەکی دڵخوازانە جێبەجێ ببێت"!! ‏
هاوکات کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی چوار لایەنی خۆمان بەمەبەستی پێکهێنانی دەستەی نوێنەرانی گەلی کورد بۆ وتووێژ لەگەل دەوڵەت، خەریکبوو دەگەیشتە قۆناغی کۆتایی. 
هەوڵ و تێکۆشانی ماندوویینەناسانەی مامۆستا، پشتگیریی خەڵکی شارەکان و هاوکاریی هێزە سیاسییەکان، بەرهەمیی باشی لێکەوتەوە. سەرەنجام ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر (١٩/١١/١٩٧٩) "دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد" (هیأت نمایندگی خلق کرد) لە بەیاننامەیەکدا پێکهاتنی خۆی ڕاگەیاند:
"لەم هەلومەرجە دژوارەدا کە خەڵکی کوردستان بە تێکڕایی پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی ڕەوای ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە ئایینیی وسیاسییەکان دەربڕیووە، ... // لە ئاکامی خەبات و خۆڕاگریی قارەمانانەی گەلی کورد و پێشمەرگەکانی کوردستان، دەوڵەت مەیلی بە ڕێگا چارەی سیاسیی هەیە ... // بۆ چارەسەری کێشە سەرەکییەکانی کوردستان و وەدەستهێنانی خودموختاریی، دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد بەم شێوەیە پێکهات:
شێخ عێزەدین حوسەینی - سەرۆک، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – گوتەبێژ، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران -  ئەندام، لقی کوردستانی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵک – ئەندام." 
ئەم هەنگاوەی هێزەسیاسییەکان بوو بە هۆی دڵگەرمیی و خۆشحاڵیی خەڵکی کوردستان. بۆ پشتیوانیی کردن لە 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' و بۆ دەربڕینی یەکڕێزی خەڵک، لە هەموو شارەکانی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. 
لەم نێوانەدا، تاقمێک کە خۆیان بە "کوردە موسوڵمانەکان" پێناسە دەکرد، چووبوونە 'مجلس خبرگان' لە تاران و بەنیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە گفتوگۆی دەوڵەت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە گوتەی ئەوان ناموسوڵمان بوون، مانیان گرتبوو.  بەشدارانی ئەو مانگرتنە وێڕای پێداگریی کردن لە ڕێبەرایەتیی ئیمام خومەینی، دەیانگوت ئەگەر وەڵامی "داخوازییە شەرعییەکانیان" نەدرێتەوە، بە ماڵەوە دەگوێزنەوە وڵاتێکی ئیسلامیی دیکە! ئەو مانگرتووانە بەشێک لە لایەنگرانی مەلا ئەحمەد موفتی‌زادە بوون. 
ڕۆژی ٤ی سەرماوەز کاتێک کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکرات بەیاننامەی ئاگربەسی لە لایەن خۆیانەوە بڵاوکردەوە، کۆمەڵە هەر لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی پێداگریی دەکرد و دەیگوت بەبێ ئاگربەس دەتوانین گفتوگۆکان ببەینە پێش! بەڵام مامۆستا ئامادە بوو پشتیوانیی خۆی لە ئاگربەس ڕابگەیەنێت و لەلایەن دەفتەری مامۆستاوە هەوڵدرا کۆمەڵە ڕازی بکرێت ئەگەر دەیانهەوێت لە گفتوگۆکاندا ڕۆڵێکیان هەبێت، پێویستە ئەوانیش ئاگربەس ڕابگەیەنن. کاتێک مامۆستا بۆی دەرکەوت کۆمەڵە لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆی پێداگریی دەکات، داوای لە مەلا عومەر عەسری کرد سەردانێکی بەڕێوەبەرانی کۆمەڵە بکات. مامۆستا پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی بۆ ناردن کە لەوە زیاتر چاوەڕوان نابێت و ئەگەر ئەوانیش لەگەڵ نەکەون، بەرپرسیارەتیی و ئاکامەکانی قبووڵنەکردنی ئاگربەس دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵە. ڕۆژی دواتر کۆمەڵە لە ڕاگەیاندێکدا ئاگربەسی ڕاگەیاند.
دوابەدوای ئەوە بوو کە ڕۆژی ٦ی سەرماوەز مامۆستا شێخ عێزەدین، پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا ڕایگەیاند کە لەو ئاگربەسەی لەلایەن حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەوە ڕاگەیەندراوە، پشتیوانیی دەکات. لە ڕاگەیاندنەکەدا مامۆستا دەڵێ: 
'ئێمە بۆ هەڵگرتنی ستەمی میللی لەسەر کورد، بەردەوام لایەنگری ڕێگاچارەی سیاسیی بووین، شەڕمان بەسەردا سەپێندرا.'  
بەم چەشنە شەڕ لە کوردستان ڕاگیرا و خەڵک پشوویەکیان وەبەر هاتەوە. بەڵام دیاربوو ئەم ئاگربەسە کە لەلایەن ئێمەی کوردەوە بە نیازپاکیی و بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتن و کۆتایی هێنان بە شەڕ ڕاگەیەندرابوو، لە لایەن دەوڵەتەوە ئامانجێکی دیکەی دەپێکا. ڕەوتی ڕووداوەکان دەریانخست کە ئەوان هەر لە سەرەتاوە هەتا ئاخر شەڕخواز بوون و جگە لە تەسلیمی بێ ئەملاو و ئەولا، بە هیچێکی تر ڕازی نەدەبوون!
دوابەدوای ئاگربەس، 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' گەڵاڵەیەکی هەشت خاڵیی بڵاوکردەوە کە داخوازییە سەرەکییەکانی گەلی کوردی دەگرتەخۆ. بە مەبەستی پشتیوانیی کردن لەم داخوازییانە و هەرەوەها پشتگیریی لە پێکهاتنی 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد'، ڕۆژی شەشی سەرماوەز (٢٧/١١/١٩٧٩) لە سەرانسەری کوردستان خۆپیشاندانی گەورە ساز کرا و گەلی کورد پشتیوانیی و پێخۆشبوونیی خۆی لەو تەبایی و پێکەوەبوونە ڕاگەیاند. ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە:
گەلانی تێکوشەری ئێران!
گەلی خەباتکاری کورد!
لەم هەلومەرجە هەستیار و مێژووییەدا کە خەڵکی کوردستان، یەکگرتووانە پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی ڕەوای حیزب و ڕێکخراوە و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییە پێشکەوتنخوازەکان ڕاگەیاندووە. لە کاتێکدا کە ئیمام خومەینی لە پەیامی ٢٦ی خەزەڵەوردا لەسەر نەهێشتنی ستەمی ئابووریی، فەرهەنگیی، میللیی و سیاسیی لەسەر گەلی کورد پێداگری دەکات و پشتگیریی لە چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد دەکات. ئێمە بەشداربووانی بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد، جارێکی دیکە داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان دەخەینە ڕوو وە ئامادەبوونی خۆمان بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم داواکارییانەی خوارەوە لەگەڵ دەستەی تایبەتی دەوڵەت ڕادەگەیەنین.
 داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٣٥٨ کاتژمێر سێ‌ی دوای نیوەڕۆ لە سەرانسەری کوردستان بەشداریی بکەن لە خۆپیشاندانێکی گشتییدا. لەم خۆپیشاندانانەدا پشتگیریی خۆتان لە داخوازییەکانی خوارەوە و هەروەها لە دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد کە لە نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین پێکهاتووە، ڕابگەیەنن. هەروەها داوا لە هەموو حیزبەکان، ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە میللی و ئایینییەکانی ئێران دەکەین، هەر چۆنێک بۆیان دەگونجێت پشتیوانیی خۆیان لە خواستە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەرببڕن.
١-خودموختاری کوردستان بە ڕەسمیی بناسرێت و لە قانون اساسی‌دا بگونجێندرێت.
٢- ناوچە کوردنشینەکان، کە لە نێوان چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوادا دابەشکراوە، وەکوو یەکەیەکی خودموختار بناسرێت.
٣ – ئەنجومەنی میللی کوردستان (مجلس ملی کوردستان) لە ڕیگای هەڵبژاردنێکی ئازاد، ڕاستەوخۆ، نهێنی و گشتییەوە پێکدەهێندرێت. ئەم ئەنجومەنە "حکوومەتی خودموختاری کوردستان" بۆ بەڕێوەبردنی هەموو کاروباری ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگیی و ئاسایشی ناوچەی خودموختار هەڵدەبژێرێت.
٤ – زمانی کوردی دەبێتە زمانی ڕەسمیی فێرکردن و نامەگۆڕینەوەی ئیدارەکان و دامەزراوەکانی کوردستان. پاش پۆلی چوارەمی سەرەتایی، زمانی فارسی لەگەڵ زمانی کوردییدا لە مەدرەسەکان دەخوێندرێت. فارسی، زمانی ڕەسمیی ئیدارەکان لە سەرانسەری ئێران و هەروەها لە کوردستانیشە.
٥ – دابینکردنیی بەشێک لە بوودجەی گشتی وڵات بۆ کوردستان بە چەشنێک کە  ئەو دواکەوتووییە ئابوورییەی، کە ئاکامی ستەمی میللییە، قەرەبوو بکرێتەوە.
٦ – نوێنەرانی گەلی کورد لە بەڕێوەبردنی حکوومەتی ناوەنددا بەشدار دەبن.
٧ – هەموو کاروباری لەمەڕ سیاسەتی دەرەوە، پارێزگاری میللیی (ئەرتەش)، سیاسەتی پووڵیی و دراو، بازرگانی دەرەوە و گەڵاڵەی درێژخایەنیی ئابووری لە دەسەڵاتیی حکوومەتی ناوەندییدا دەبێت. باقی کاروبارەکانی ناوخۆ لە لایەن ئۆرگانەکانی خودموختاری کوردستانەوە بەڕیوە دەچن.
٨ – ئازادییە دیموکراتیکەکان وەکوو ئازادی ڕادەربڕین، نووسین، ڕۆژنامەگەریی، کۆبوونەوە، حیزب، ڕێکخراوە و هەروەها ئازادی ئایین و بیروباوەڕ لە سەرانسەری ئێران دەستەبەر دەکرێت.
شێخ عێزەدین حوسەینی، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی گەلی ئێران – لقی کوردستان.
چواری سەرماوەز ١٣٥٨ (٢٥/١١/١٩٧٩)  



کۆبوونەوەی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد و نوێنەرانی دەوڵەت
لە مەهاباد، پاش بێنە و بەرەی زۆر، مشتومڕ و کۆبوونەوەی بێکۆتایی ناوخۆ، هەروەها دانیشتنی لاوەکی لەگەڵ داریوش فرووهەر و چەند نوێنەرێکی خومەینی، بڕیار درا دەستەی دانووستاندکاری دەوڵەت پێکەوە بێنە کوردستان. سەرەنجام ڕۆژی ٢٠/٩/١٣٥٨ واتە ١١/١٢/١٩٧٩ یەکەم کۆبوونەوەی 'هیأت نمایندگی خلق کرد' ، لەگەڵ 'هیأت حسن نیت کردستان' (دەستەی نیازپاکیی بۆ کوردستان) لە فەرمانداریی شاری مەهاباد کۆبوونەوە. 
دەستەی نوێنەرانی کورد بریتی بوون لە: مامۆستا شێخ عزالدین حسینی، فاتح شیخ الاسلامی و کەریم دانشیار (لەلایەن دەفتەری مامۆستاوە)، دوکتور قاسملوو، عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، عەزیز ماملێ، غەنی بلووریان، کەریم حیسامی و ئەحمەد قازی (حیزبی دیموکرات)، عەبدوڵڵا موهتەدی، ئیبراهیم عەلیزادە، یۆسف ئەردەڵان و دوکتور جەعفەر شەفیعی (کۆمەڵە) بێهرووز سولەیمانی، محەمەدئەمین شێرخانی و ئەنوەر سوڵتانی (ڕێکخراوی چریکهای فدائی خلق). 
هەیئەتی دەوڵەت بریتی بوون لە داریوش فروهر، عزت‌الە سحابی، هاشم صباغیان، جمشید حقگو ئوستانداری ئازەربایجانی ڕۆژاوا، محمد رشید شکیبا ئوستانداری کوردستان، نوێنەرانی 'ستاد مشترک ارتش' ژەنڕال ێ‌ژری ڕاوێژکاری سەربازیی هەیئەت، ژەنڕاڵ مالک (ژاندارمری) و ژەنڕاڵ ساعتساز (شهربانی).
کۆبوونەوەکە نزیکەی ٤٥ دەقیقەی خایاند. مامۆستا شێخ عێزەدین وتاری کرانەوەی کۆبوونەوەکەی پێشکەش کرد و کورتەیەک لە مێژووی گەلی کورد، خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی گێڕایەوە. دواتر گوتی کورد بەردەوام لایەنگری چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەکان بووە و بە درێژایی مێژوو شەڕێ بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها خۆشحاڵبوونی خۆی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند. پاشان داریوش فرووهەر ئەندامانی دەستەی نوێنەرانی دەوڵەتی ناساند. مامۆستا شێخ عێزەدینیش یەکە یەکە ناوی ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد و ناوی ڕێکخراوەکەیانی ناساند. لێرەدا هاشم صباغیان بەرپەرچی قسەکەی مامۆستای دایەوە و گوتی ئێمە نەهاتووین لەگەڵ کۆمەڵە و فدائیان دانووستاندن بکەین! ئەوە بوو پشوویەکیان ڕاگەیاند و ئیتر پاش ئەوە لە ڕاستییدا هیچ کاتێک پێکەوە دانەنیشتنەوە! 
به گوتەی بێهرووز سولەێمانی [نوێنەری ڕێکخراوی چریکهای فدایی]:
بەدوای ئەم دەربڕینەی ئاغای صباغیان، دوکتور قاسملوو گوتی: پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد‌ پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە؛ خەڵکی کوردستان دوو هەفتە پێش ئێستا لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گەورە و بەربڵاودا بە شێوەیەکی ڕەسمیی پشتیوانیی بەرینی خۆیان لەم پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد‌ دەربڕیوە." 
سەیر لەوەدایە کە نوێنەرانی دەوڵەت بە ڕۆژنامەکان و میدیای ئێرانیان دەگوت ئەوان ئامادە نین لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن و تەنها لەگەڵ 'نوێنەرانی خەڵک' دادەنیشن! کەچی لە کاتی 'پشوو'ی پاش ئەم کۆبوونەوەیە، عزت‌الە سحابی و هاشم صباغیان و داریوش فرووهەر کە زۆر جاران لەگەڵ حیزبی دیموکرات دانیشتبوون، ئەمجارە لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵە کۆبوونەوە و ماوەیەک پێکەوە قسەوباسیان کرد! ڕۆژی دواتریش دیسانەوە لەگەڵ کۆمەڵە و هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی چریکهای فیدایی دانیشتن.
دوکتور قاسملوو ئێوارەی ٢٢ی سەرماوەز (دوو ڕۆژ پاش کۆبوونەوەی نوێنەرانی کوردستان و دەوڵەت)، لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی مەهاباد گفتوگۆیەکی کردووە کە جێگای سەرنجە. ئەو دەڵێ:
'ڕاستییەکەی ئەو دانیشتنەی پێرێ موزاکەرە نەبوو بەڵکوو تەنها یەکترناسین بوو..// لە تەرەف دەوڵەتەوە ڕەخنە لەوە گیرا کە نابێ لە 'هیأت‌ نمایندگی خەڵکی کورد'دا هێندێک گرووهـ بە ناو هەبن..// ئەگەر ئەوان [دەوڵەت] ئەو حەقە بە خۆیان بدەن، دەبێ ئێمەیش ئەو حەقەمان هەبێ کە بڵێین ئێمە فڵانکەسمان دەوێت و فڵانەمان ناوێ! . . بەڵام بۆ ئەوەی حەساسییەت نەمێنێ، بۆ ئەوەی بەڕاستی حوسنی نییەتی خۆمان نیشاندابێت، گرووهەکانی دیکەیش قبووڵیان کردووە، کە ئێمە [لە کۆبوونەوەی داهاتوودا] وەکو هیات نمایندگی خلق کرد بەشداربین لەو وتووێژەدا...// هیوادارین ئیدی بیانووی دیکەمان پێ نەگرن!'  
لێرەدا شیاویی وەبیرهێنانەوەیە کە لە کاتی پێکهێنانی 'هیأت نمایندگی خلق کرد' و لە هەموو دانوستاندنەکانی نێوان مامۆستا و سێ لایەنەکەی دیکەدا، چ لە شاخ و چ لە شار، هیچ ڕێککەوتنێک نەبوو سەبارەت بەوەی کە نێوی ڕێکخراوەکان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت نەیەتەگۆڕ. تەنانەت لەبیرمە جارێکیان هێشتا لە شاخ بووین، عبدالە موهتەدی نوێنەری کۆمەڵە گوتی جا ئەگەر ئێمە نە نێومان هەبێت و نە قسەش بکەین، ئەدی کەڵکی هاتنەکە و بەشداربوونەکەمان چییە؟ 
بەڵام ئەوە ڕاستە کە ڕۆژی پێش کۆبوونەوە گشتییەکەی ٢٠ی سەرماوەز، لە کۆبوونەوەی ناوخۆیی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورددا لە ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین، نوێنەرانی حیزبی دیموکرات (بەتایبەت غەنی بلووریان) داوایان کرد کە نێوی هیچکام لە حیزبەکان نەبرێت! مامۆستا گوتی جا ئەگەر لە ئێستاوە ئەوەیان لێ قبووڵ بکەین، وردە وردە داوای شتی زیاترمان لێدەکەن. نوێنەرانی کۆمەڵە و ڕیکخراوی چریکی فیدایی ئەو داوایەیان قبووڵ نەکرد. 
لێرەدا ئاماژە بە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران پێویستە. لە زۆربەی، یان لەوانەیە بڵێم لە هەموو حاڵەتەکاندا هەواڵی پێکدادانی پێشمەرگە لەگەڵ ئەرتەش و سپای پاسدارانیان بە تێکهەڵچوون لەگەڵ "دموکراتها" بڵاودەکردەوە! ئەو ڕۆژەی فوئاد مستەفا سوڵتانی ڕێبەری کۆمەڵە گیانی بەختکرد، سەردێڕی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی کیهان ئەمە بوو: "فوئاد سوڵتانی یەکێک لە ڕێبەرانی بەناوبانگی دیموکراتەکان کوژرا"!  لەو شوێنانە کە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات نەبووایە، دەیاننووسی "مهاجمان"! 
لەلایەکی ترەوە، دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراو بوو لە ئێران و دۆست و ئاشنای زۆری هەبوو لە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا. پاش گیانبەختکردنی فوئاد مستەفا سوڵتانی، هیچکام لە ڕێبەرانی کۆمەڵە بەناوی سکرتێری گشتی یان ڕێبەر دەرنەدەکەوتن،  هەموویان وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی دەناسران. 
مستەفا چەمران جێگری سەرۆکوەزیران کە بۆخۆی لە مەریوان لەگەڵ کاک فوئاد گفتوگۆی کردووە و زۆر باش ناسیویەتی، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا کە چەپ لە مەریوان و کوردستان کێن، دەڵێ: "چریک فدایی، حیزبی دیموکرات، شفق سرخ و جلال گالبانیها"!  باسی کۆمەڵە ناکات!
هاوکات کەسانێکی سەر بە حیزبی توودە کە لە تاران و لە ئاستی ئێڕاندا زۆر چالاک بوون، هەوڵی زۆریان دەدا وێنەیەک لە کوردستان نیشان بدەن کە تەنها حیزبی دیموکرات هەیە و وەکو حیزبێکی زۆر نزیک لە خۆیان وێنایاندەکرد. کۆمەڵە چونکە دژ بە شوروەی (یەکێتی سۆڤییەت) بوو، لە ڕوانگەی حیزبی توودەوە کەسانێکی توندڕەو بوون کە دەبوو پشتگوێ بخرێن.
ئەو ڕژیمەی کە وردەکارییەکانی ناو بزووتنەوەی کوردستان و چەند و چۆنییەتی هێزە سیاسییەکانی دەزانی، مەبەستی ئەوە بوو کە بەم چەشنە دەربڕینانە کەلێنێک بخاتە ناو یەکڕیزیی گەلی کوردەوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان گوتەنی، لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن!
بیست و چوار ساڵ پاش ئەو کۆبوونەوەی مەهاباد، ێ‌یت‌الە کرمانی، کە ئەو کات نوێنەری خومەینی بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "چشم انداز ایران، ویژە کردستان" ئاوا دەڵێ:
"گوتیان دەستەی نیازپاکیی دەچنە کوردستان، ئەتۆیش لەگەڵ بکەوە بەڵام نەک وەکو ئەندام، چاودێرییان لێ بکە...// بە ئاغای صباغیان‌م گوت کارێکی تایبەتیم پێتانە، هەر خۆمان ماینەوە. من، مهندس صباغیان، مهندس سحابی ...// دەستمکرد بە قسەکردن. گوتم ئێوە کە دەتانهەوێت لەگەڵ ئەمانە گفتوگۆ بکەن، ئایا ئەم [حیزبانە] بە ڕەسمیی دەناسن؟ کۆمەڵە و دیموکرات بە ڕەسمیی دەناسن؟ دەتانهەوێت چی بکەن؟ گوتیان ئێستا بارودۆخەکەمان خراپە و دەسەڵاتمان سنووردارە. سەریان قاڵ دەکەین بە چەشنێک کە نەتوانن توندوتیژی بنوێنن هەتا خۆمان بتوانین سنوورەکانمان بگرینەوە، ئەرتەشەکەمان گردوکۆ بکەینەوە و ئەمانە بێدەنگ بکەین!"  
ئێمە هەر ئەو کاتیش دەمانزانی مەبەستی ڕاستەقینەی نوێنەرانی دەوڵەت ئەوە نییە مافی ڕەوای گەلی کورد بسەلمێنن، بەڵکوو ئەوە خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بوو کە ئەوانی بەرەو گفتوگۆ ڕاکێشابوو. هەرچەند ئەوکات نیشانەی زۆرمان دەبینی دەیسەلماند ئەو بۆچوونە ڕاستە، وەلێ بەڵگەی ئەوتۆمان بەدەستەوە نەبوو.
'چشم انداز ایران' گۆڤارێکە دوومانگ جارێک لە تاران بڵاو دەبێتەوە. بەهاری ساڵی ٢٠٠٣ یەکەم ژمارەی لە ژێر سەردێڕی 'چشم انداز ایران – ویژە کردستان' واتە تایبەت بە کوردستان دەرچوو. پاییزی ساڵی ٢٠٠٥ ژمارەی دووهەمیشی بڵاوکرایەوە. لەم گۆڤارەدا بەرپرسانی ئەوکاتی دەوڵەت، لەوانە هاشم صباغیان و عزت‌الە سحابی و هەروەها چەند کەسی تریش بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد دەربڕی کە لێکدانەوەی ئەو سەردەمەی ئێمەی بەتەواویی دەسەلماند. ساڵی ٢٠٠٦ من لە دوو وتاردا بە وردی ئەو قسەوباسانەم لێکدایەوە و لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٧٩ بەراوردم کرد. 
***

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز گەڵاڵەیەک لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە، نێویان نابوو 'خودگردانی استانها' (خودگەردانیی – واتە خۆبەڕێوەبەریی)! لە نێو خەڵکدا بە گاڵتەوە دەیانگوت ئەوە 'سەرگەردانیی'ـە! مامۆستا شێخ عێزەدین بە ڕۆژنامەی اگلاعات‌ی گوت؛ 'جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان خودموختاریی و خودگەردانییدا و تەنانەت ئەگەر ئێمەیش قبووڵی بکەین، گەلی کورد بەوە ڕازی نابێت.' دوکتور قاسملوو لە چەند دیدار و گفتوگۆدا لەگەڵ خەڵک و ڕۆژنامەکان گوتی: "کەس نازانێ مانا و ناوەرۆکی خودگەردانی چییە!"
'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەز واتە ٢١/١٢/١٩٧٩  بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا گەڵاڵەی 'خودگردانی' لەگەڵ ئەو داخوازییانەی کە نوێنەرانی کورد پێشکەشی دەوڵەتیان کردبوو هەڵسەنگێندرا. سەرەڕای جیاوازیی زۆری نێوان ئەو داخوازاییانە و ئەوەی کە دەوڵەت پێشنیاری کردبوو، دەستەی نوێنەرایەتی ڕایگەیاند کە ئامادەن درێژە بە گفتوگۆکان بدەن.
لە وەڵامەکەی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد بە گەڵاڵەی "خودگردانی استانها" و جیاوازیی زۆری نێوان داخوازییەکانی کورد و پێشنیارەکەی ئەواندا، ئەم خاڵانە دەبیندرێن:
•ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد دیاری نەکراوە و باسی پارێزگاکانی ئێستای ئێران دەکات، لە کاتێکدا کە کورد لە چوار پارێزگای ئێڕان نیشتەجێن! 
•لە باتی ئیسلام وەکوو دینی دەوڵەت، ئایینی شیعە اپنی‌عشری سەپێندراوە. 
•ئێمە داوای 'مجلس ملی کوردستان"مان کردووە ئەوان دەڵێن 'شورای خودگردان استانها'، واتە شۆرای خۆبەڕیوەبەریی پارێزگاکان! 
•ئێمە داوامان کردووە زمانی خوێندن هەتا پۆلی چوارەمی سەرەتایی کوردی بێت، ئەوان دەڵێن زمانی کوردی "ئازادە". (واتە ئەگەر بە کوردی بنووسن یان خۆتان دەرس بڵێنەوە ناتانگرن!) 
•سەبارەت بە ئازادیی و دیموکراسی نێوخۆ هەموو شت گرێدراوە بە 'قانون اساسی' کۆماری ئیسلامییەوە کە گەلی کورد دەنگی پێنەداوە! ئێمە هەر لەبەر ئەو نیگەرانییانە بوو کە لە ڕێفراندۆمی ئەو 'قانون اساسی‌'یەدا بەشدارییمان نەکرد!
نوێنەرانی دەوڵەت و لەوانە داریوش فرووهەر، دیسانەوە ڕایانگەیاند کە سەردانی کوردستان دەکەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کورد! بەڵام ئیتر پاش یەکەم دانیشتنە ڕەسمییەکە، هیچ کاتێک لەگەڵ 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' کۆبوونەوەیان ڕێکنەخست!
نووسینگەی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد ڕاگەیاندنی ژمارە شەشی خۆی  بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو:
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد تەنیا ئەو کاتە دەستەبەر دەبێت کە دەوڵەت بە شێوەیەکی جیددی سەرنج بداتە داخوازی بنەڕەتیی گەلی کورد واتە خودموختاری. هەرەوها بەبیانووی جۆراوجۆر تەنگوچەڵەمە نەخاتە بەردەم دانوستاندنەکان...// سەرەڕای شێلگیربوون لەلایەن ئێمەوە، بەداخەوە لایەنی دەوڵەت بە بەرپرسیارەتییەوە هەڵسوکەوت ناکات...// ئێمە هۆشداریی دەدەین کە دەستەی تایبەتی دوڵەت خۆی لە دووبەرەکیی نانەوە، گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ کەسانی نابەرپرس لەژێر ناوی 'گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک'دا بپارێزێت. 
ڕۆژی چواری بەفرانبار (٢٥/١٢/١٩٧٩)، دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد، لەسەر گەڵاڵەیەکی هاوبەش ڕێککەوتن و سەرەنجام داخوازییەکانی گەلی کوردیان لە ژێر سەردێڕی "گەڵاڵەی ٢٦ خاڵیی بۆ خودموختاری کوردستان" بڵاوکردەوە. ئەم گەڵاڵەیە لە ڕۆژنامەکانی ئێڕاندا ڕۆژی شەممە هەشتی بەفرانبار بڵاوکرایەوە. 
صارم‌الدین صادق وزیری بوو کە شارەزاییەکی زۆری هەبوو لە بواریی یاساییدا، لە داڕشتنی ئەم گەڵاڵەیەدا ڕۆڵی سەرەکیی و گرینگی گێڕا. ئەو لە لایەن مامۆستا، حدک،  کۆمەڵە و چریکی فیدایی‌ـەوە ڕێزی زۆری لێدەگیرا. دوو یاساناس، یەدوڵڵا بیگلەری (کۆمەڵە) و عەزیز ماملێ (حیزبی دیموکرات) یاریدەدری صارم الدین صادق وزیری بوون. 
داریوش فرووهەر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەکان ڕایگەیاند کە ئەو گەڵاڵەی ٢٦ خاڵییەی دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان لەلایەن ئێمەوە قبووڵ ناکرێت! هەروەها گوتی، ئێمە کە چووینەتە کوردستان دیداری ڕەسمییمان لەگەڵ دەستەی نوێنەران یان ڕێکخراوەکان نەکردووە، بەڵکوو بەشێوەیەکی تایبەت لەگەڵ کەسێک یان لایەنێک گفتوگۆمان کردووە بزانین چۆن لەم بنبەستە بێینە دەر!  
سەرەڕای ئەوەی کە دەستەی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد هەبوو، بەردەوام لە کۆدەبوونەوەدا بوون و ڕاگەیاندنیان بڵاودەکردەوە، بەرپرسانی ئێران و ڕۆژنامەکان تەنها باسی مامۆستا شێخ عێزەدین و حیزبی دیموکراتیان دەکرد. وەک ئەوەی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسیی دیکە لە کوردستان نەبێت! کاتێک لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژانە هەڵدەدەیتەوە، ئەم دیارەدەیە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە بە ئەنقەست ناوی کەسەکان و حیزبەکان دەگۆڕن. هاشم صباغیان ئەندامی دەستەی تایبەتی دەوڵەت زۆر ڕاشکاوانە گوتی: "ئێمە لە بنەڕەتدا لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد گفتوگۆ ناکەین، بەڵکوو بەجیاواز سەردانی کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان دەکەین"! 
ئێمە ئەو کات ئاگادار نەبووین کە حیزبی دیموکرات لە ڕێگایەکی دیکەوە خەریکی دانووستاندنە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران. دواتر بۆمان دەرکەوت کە عبدالە حسن‌زادە، مهندس ئارییایی و ئەحمەد قازی پێکەوە سەردانی قوم‌یان کردووە و ویستوویانە خومەینی ببینن.  حسن‌زادە ڕۆژەکەی لەبیر نییە بەڵام دەڵێ ڕۆژی دواتر خومەینی گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە تاران. ئەوەش دەکاتە ئێوارەی ٣ی ڕێبەندان واتە ٢٤/١/١٩٨٠. هەر بە پێی گێڕانەوەی عبدالە حسن‌زادە، چەند ڕۆژ پاش گەڕانەوەی ئەوان بۆ مەهاباد، لە قومەوە جوابیان ناردووەتەوە و لە سەر داخوازی دوکتور قاسملوو، ئەمجارە حسن‌زادە تەنها خۆی گەڵاڵەیەک دەبات و دەیداتە دەست 'ێ‌یت‌الە مکارم شیرازی' لە قوم.
جێگای سەرنج و وەبیرهێنانەوەیە کە ئەو ڕۆژانەی عبدالە حسن‌زادە و هاوڕێیانی لە ڕێگای تاران و قوم‌دا بوون، مامۆستا شێخ عێزەدین لە کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەری شاری مەهاباددا بەبۆنەی دووی ڕێبەندان، پەسنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بە تایبەت باسی 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد'ی کرد و خەڵکەکە بە خۆشحاڵییەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدا. مامۆستا داوای یەکگرتوویی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کرد بەتایبەت بۆ وتووێژ و دیدار لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت. 
لە هەمان کۆبوونەوەی دووی ڕێبەنداندا غەنی بلووریان و نوێنەرێکی حیزبی توودە پەیامیان خوێندەوە. نوێنەرانی ڕێکخراوی چریکهای فدایی و کۆمەڵە (دوکتور جەعفەر شەفیعی)یش بەشدارییان کرد و هەر دوو گوتاربێژ لە وتارەکانی خۆیاندا پێداگرییان کرد لەسەر بەهێزکردنی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد و یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان بەتایبەت لە کاتی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتدا!
یەکەم سەفیری فەلەستین لە ئێران هانی الحسن لەم ڕۆژەدا لە مەهاباد بوو. یەکێک لەو پەیامانەی لەو ڕێوڕەسمەدا خوێندرایەوە، پەیامی "بەرەی دیموکراتیکی گەلی فەلەستین" بوو بۆ حیزبی دیموکرات کە تێیدا باسی هاوخەباتیی گەلی کورد و گەلی فەلەستین دەکات. 
ئێستا، کە بەڵگەنامەکان باشتر لەبەردەست دان، دەتوانین بە ڕوونی بڵێین کە حیزبی دیموکرات هەر ئەو ڕۆژانە جگە لە ناردنی نوێنەر بۆ قوم و تاران، نامەیەکیشی نووسیووە بۆ بنی‌صدر کە تازە بووبوو بە سەرۆککۆمار. هەموو ئەمانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی دەستەی نوینەرایەتی گەلی کورد! دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا کە مانگ و نیوێک پاش ئەو هەنگاوانە بڵاوکراویەوە، ئاوای نووسیوە: 
" ... هەر کام لە ڕێکخراوەکانی ئەندام لە دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورددا سەربەخۆیی تەواوی سیاسیی و ئیدئۆلۆژیکی هەیە...// دەتوانێ جیاواز لەوانی دیکە لە هەر بوارێکدا بڕیاری خۆی بدات و یان ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتدا پەیوەندیی بگرێت و بۆچوونەکانی خۆی لەسەر پرسێک ڕابگەیەنێت."  

دەسەڵاتداران ئاگربەس دەشکێنن!

سەرنجڕاکێشە کە سەرەڕای ئەو ناکۆکییانە، لە مەیدانی خەباتدا و لەبەرامبەر شاڵاوی ئەرتەش و پاسداران بۆ کوردستان، پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، پێکەوە و لە یەک سەنگەردا بەرەنگاری هێزەکانی ڕژیم دەبوونەوە. واتە لەو شوێنەی کە دەوڵەت بە کردەوە خەریکی پیلانگێڕان بوون، کۆمەڵە و دیموکرات هاوخەبات بوون و تەنانەت پارێزگارییان لە هێزەکانی یەکتر دەکرد.
بەپێی هەواڵی 'خبرنامە کۆمەڵە' ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە لە کامیاران، پاوە، ڕەوانسەر و دیواندەرە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕژیم دەرگیر بوون. لە ئاکامدا لانیکەم چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە و سێ پێشمەرگەی دیموکرات و هەروەها ١٢ کەس خەڵکی کامیاران گیانیان بەختکردووە و ژمارەیەکیش بریندار بوون. 'خبرنامە' باس لە کوژرانی نزیکەی ٦٥ کەس لە جاش و پاسدار دەکات.   
ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندان تێکڕا ڕۆژنامەکانی تاران بە سەردێڕی گەورە نووسییان کە شەڕی خوێناوی لە کوردستان و ئوستانی کرماشان دەستی پێکردووە. هاوکات ڕاگەیاندنی ژمارە ١٢ی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کوردیان بڵاوکردەوە کە دەڵێ لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم ڕۆژانەی کامیاران، پاوە و دیواندەرەدا نۆ پێشمەرگە و ١٢ کەسی خەڵکی کامیاران گیانیان بەختکردووە و ٣٢ جاش کوژراون.
بە واتایەکی دیکە، ئاگربەس کەمێک زیاتر لە دوو مانگ توانی بەرگەر بگرێت و لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە پێشێل کرا. ئەوانەی کە لە بێورانی سەردەشت هاواریان دەکرد لە کورد کە ئاگربەس ڕابگەیەنێت، ئێستا زۆر بە ئاسانی خۆیان دەستیان کردبووەوە بە تەقەکردن لە خەڵکی بێدیفاع.


گەڵاڵەی شەش خاڵیی حیزبی دیموکرات 

لە کاتێکدا کە ساردییەک کەوتبووە نێوان نوێنەرانی کورد و دەوڵەت و بە ئاشکرا دیار بوو کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوو خواستەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات، هەوڵدانێکی زۆر هەبوو بۆ پێکهێنانی دووبەرەکیی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان. لە تارانیش هێزە توندڕەوەکان کەوتبوونە گیان ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران و ڕێگایان نەدەدا وەکو پێشووتر کۆبوونەوەی گەورە و چالاکیی بەڕێوە ببەن.
لە کوردستان سەرەڕای هەوڵدانێکی زۆر بۆ لێک نزیککردنەوەی هێزە سیاسییەکان، دیار بوو کە بەتایبەت حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە هەتا دەهات زیاتر لێک دوور دەکەوتنەوە. دانیشتنەکانی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە مەهاباد و تەنانەت بەشداریی کردنی گەرموگوڕی کۆمەڵە لە ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان لە شاری مەهاباد، نەبوونە هۆی نزیکبوونەوەی هێزەکان. 
لە وەها دۆخێکدا بوو کە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندان کونگرەی چوارەمی حیزبی دیموکرات لە مەهاباد دەستی بە کارکرد. بۆ ڕۆژی کرانەوەی کونگرەکە، میوانێکی زۆر لە کوردستان و لە دەرەوە بانگهێشت کرابوون و یەک لەوانە مامۆستا شێخ عێزەدین بوو. کونگرەی چوارەم شەش ڕۆژی خایاند و پەیامێکی بۆ خومەینی نارد، تێیدا باسی درێژەدان بە شۆڕش لە ژێڕ ڕێبەرایەتیی ئەودا دەکات و داواکارە کە ئیمام دەستوور بدات چارەسەری کۆتایی بۆ کێشەی کوردستان بدۆزرێتەوە. نزیکەی چوار مانگ پاش ئەم کونگرەیە، جیابوونەوەیەک ڕوویدا و چەند کەسێکی کۆمیتەی ناوەندیی، لەوانە غەنی بلووریان، لەژێر ناوی 'شوێنگرانی کۆنگرەی چوار' لە حیزبی توودە نزیک بوونەوە و کەوتنە لایەنگریی کردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
 پاش کونگرەی چوار، حیزبی دیموکرات پەیوەندییان گرت لەگەڵ بنی‌صدر سەرەککۆمار و هەروەها لەگەڵ 'هیأت ویژە' کەوتنە گفتوگۆ کردن. دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە دەرەوەی ئەم پەیوەندییانە مانەوە. مامۆستا شێخ عێزەدین لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی اگلاعات ڕایگەیاند کاتێک گفتوگۆی کورد و دەوڵەت بەجیددی وەردەگیرێت کە لە نێوان ئەوان و 'دەستەی نوێنەرایتی گەلی کورد'دا بێت.
بە پێی گێڕانەوەی عبدالە حسن‌زادە، پاش کونگرەی چواری حیزبی دیموکرات ئەو لەگەڵ غەنی بلووریان، ئەحمەد قازی، فەوزیە قازی و نەوید موعینی سەفەری تارانیان کردووە و  لەگەڵ بنی‌صدر سەرەککۆمار و هەروەها دەستەی نوێنەرانی دەوڵەت کۆبوونەتەوە. پاش گفتوگۆ لەگەل بنی‌صدر و باسکردنیی ناوەرۆکی بیروبۆچوونەکان، داوایان لێدەکەن بە نووسراوە داخوازییەکان بدەن بە دەوڵەت. حسن‌زادە دەگێڕێتەوە کە هەر پێنج کەسەکە لە سەر داوای سەرەککۆمار، لە ژوورێک لە بینای سەرۆکوەزیرانی ئێران دادەنیشن و هەر لەوێ ' گەڵاڵەی شەش خاڵی حیزبی دیموکرات' ئامادە دەکەن . ئەم گەڵاڵەیە ئێوارەی هەمان ڕۆژ واتە ٩/١٢/١٣٥٨ (٢٨/٢/١٩٨٠) دراوە بە نوێنەرانی دەوڵەت کە تەسلیمی ئاغای بنی‌صدر بکرێت.
شێوەی پێشکەش کردنی گەڵاڵەی شەش خاڵیی حیزبی دیموکرات بە بەراورد لەگەڵ هەموو گەڵاڵەکانی پێشووتر کە بەکۆمەڵ ئامادە کراون، سەرنجڕاکێشە. 
•بڕیارنامەی هەشت خاڵی مەهاباد لە لایەن ژمارەیک لە نوێنەرانی حیزبەکان و شارەکانی کوردستانەوە ئامادە کرا؛ 
•بڕیارنامەی هەشت خاڵی سنە لە لایەن نوێنەرانی هەموو شارەکان و هێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە ئامادە کرا؛
•ڕۆژی چواری سەرماوەز هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد (مامۆستا، حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و چریکی فدایی)، گەڵاڵەیەکی ٨ خاڵی بە هاوکاریی ئەو چوار لایەنە ڕاگەیندرا، کە دوو ڕۆژ دواتر هەموو خەڵکی کوردستان بە خۆپیشاندانی گەورە پشتیوانییان لێکرد؛ 
•گەڵاڵەی ٢٦ خاڵیی داواکارییەکانی گەلی کورد، صارم‌الدین صادق وزیری ئامادەی کردبوو. چەند ڕۆژی پێچوو هەتا وردەکارییەکان و دەقی کۆتاییەکەی بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان چوار لایەنەکەدا، پەسەند کرا و لەلایەن 'دەستەی نوێنەرایەتی'ـیەوە پێشکەش بە دەوڵەت کرا. 
ڕۆژێک دوای پێشکەشکردنی گەڵاڵەی شەش خاڵیی لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە، داریوش فرووهەر لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە: 'ئایا ئەم نوێنەرانەی حیزبی دیموکرات جیاواز لە شێخ عێزەدین، کۆمەڵە و چریکی فیدایی درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن؟' وەڵامی دایەوە:
 "ئەمانە نوێنەرانی حیزبی دیموکراتن و هەر لەلایەن ئەم حیزبەوە سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کوردستان بیروبۆچوونی خۆیان دەربڕیووە."  
سەبارەت بە گەڵاڵەی شەش خاڵیی، عبدالە حەسەنزادە دەنووسێت: 
لە نێو ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبدا بۆچوونێک هەبوو دەیگوت پوختەی گەڵاڵەی ٢٦ خاڵییە و بۆچوونێکی دیکە پێیوابوو پوختەی گەڵاڵەی خودگەردانییە!!  
من پێم وایە لە ڕاستییدا ئەمەی دووهەم ڕاستترە! گەڵاڵەی شەش خاڵیی زۆر جیاواز بوو لەو داواکارییانەی پێشتر بە دەوڵەت درابوو. ئەم گەڵاڵەیە باسی چوار پارێزگاکە ناکات کە کوردی تێدایە، بەڵکوو دەڵێ:
 "چوارچێوەی جوغرافیایی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تاریخیی و جوغرافیایی و ئابووریی و ویستی زۆربەی دانیشتووانی هەر ناوچەیەک دیاری بکرێ" 
گەڵاڵەی شەش خاڵیی لەباتی ئەنجومەنی میللی کوردستان، دەڵێ "شورای سەرانسەریی کوردستان". سەبارەت بە زمانی کوردی، لەم گەڵاڵەیەدا پاشەکشەیەکی بەرچاو دەبینرێت. لە گەڵاڵەی ٢٦ خاڵییدا داواکراوە کە 
'زمانی کوردی ببێتە زمانی رەسمیی ئیداریی. هەموو پلەکانی خوێندن بە کوردی دەبێت و لە پۆلی چوارەم بەدواوە زمانی فارسی زۆرەملی دەبێت.' 
بەڵام گەڵاڵەی شەش خاڵیی دەڵێ:
"زمانی کوردی لە سەرزەوینی خودموختاری کوردستاندا بۆ نامە نووسینی نێوان ئیدارەکان و خوێندن لە تەنیشت زمانی فارسی بە ڕەسمیی بناسرێت"! 
سەرەڕای هەموو ئەو کەموکووڕیانە، دەسەڵاتی سیاسیی لە ئێران کە مەبەستی کوشتنی کات بوو بۆ خۆئامادەکردن و سەپاندنی شەڕێکی دیکە، تەنانەت ئامادە نەبوو ئەو داوایەی حیزبی دیموکراتیش قبووڵ بکات. داریوش فرووهەر بە ڕۆژنامەی 'اگلاعات'‌ی گوت:
"سەبارەت بە گەڵاڵەکەی حیزبی دیموکرات، ئێمە لە 'هیأت ویژە دولت' ئاڵوگۆڕمان تێدا کرد و دامان بە سەرەککۆمار..." 
دوازدە ڕۆژ پاش دیداری نوێنەرانی حیزبی دیموکرات لەگەڵ سەرەککۆمار، دەفتەری سیاسی حیزب ڕۆژی ٢١/١٢/١٣٥٨ (١١/٣/١٩٨٠) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.  دەفتەری سیاسی دەڵێ ڕۆژی دووی ڕێبەندان نامەیەکیان ناردووە بۆ سەرەککۆمار بنی‌صدر و داوای ئەو دیدارەیان کردووە.  بەیاننامەکە بە توندیی ڕەخنە لەو ڕیکخراوە و تاقمانە دەگرێت کە ئەو کارەی حیزبی دیموکرات بە تاکڕەویی، دەوردانەوەی 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' و سازشکاریی دەزانن.
بەڵام شەڕخوازانی ناودەسەڵات گوێیان نەدایە هیچکام لە داخوازییەکانی گەلی کورد و لە کۆتایی یەکەم مانگی بەهاردا (١٩٨٠) هەموو وادەکانی خۆیان پێشێل کرد و شەڕێکی سەرانسەرییان بەسەر گەلی کورددا سەپاند. 

تاوانی گەورەی ئەوان و هەڵەکانی ئێمە
گەلی کورد و نوێنەرانی سیاسیی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گەشبین بوون بەوەی ئەم ڕژیمە هەڵەکانی حکوومەتی پادشایی دووپات ناکاتەوە. ڕێبەرانی کورد هەر لە سەرەتاوە بە باوەشی ئاوەڵاوە لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت دانیشتن و زۆر زوو دڵنیایان کردنەوە کە مەبەست گەیشتنە بە مافی ڕەوای کورد لە چوارچێوەی وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیکدا لە ئێران. 
سەرنجێک بۆ سەر هەڵوێستی مامۆستا شێخ عێزەدین و هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەمان پێ دەڵێ کە لایەنی کورد هەموو هەولێکی دا بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئاشتییەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن. یان باشترە بڵێم کێشەیەک لە ئارادا نەبوو جگە لەوەی کە میللەتی کورد داوای مافی ڕەوای خۆی دەکرد و دەیهەویست لە ئازادییدا بژیێ و ڕێز لە داخوازییەکان بگیرێت. 
بەدرێژایی هەموو ئەو ماوەیەی خەریکی گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت بووین، هیچ کاتێک ئەو هەستەمان لا پەیدا نەبوو کە کەسێک یان کەسانێک لە لایەنی بەرامبەر بە دڵسۆزیی، دووربینی و باوەڕ بە ئازادیی و پێکەوەهەڵکردنەوە هاتوونەتە کوردستان. مەبەستم هەر دڵسۆزی بۆ کوردستان نییە، بەڵکوو لەسەر ئەو باوەڕەم کە هەبوونی کوردستانێکی هێمن و ئارام تێیدا گەلی کورد بە دوور لە ستەمی میللی بژیێ، لە ڕاستییدا نیشانەیەکی بەرجەستەیە لەوەی کە لە ئێران دیموکراسی و ئازادیی لە ئاسۆدایە!
بەهاری ساڵی ١٩٨٢ کە وەکوو نوێنەری مامۆستا شێخ عێزەدین بە سەفەر چوومە دەرەوەی وڵات، لە پاریس سێ جار لەگەڵ مەسعوود ڕەجەوی سەرۆکی موجاهدین دانیشتم. زۆری هەوڵ دا مامۆستا ڕابکێشێتە ناو 'شورای ملی مقاومت' کە بۆی نەچووە سەر! جارێکیان باسی مافی گەلی کوردمان دەکرد گوتم ئەگەر کورد بە مافی خۆی نەگات، هیچ دەسەڵاتێک لە تاران ناتوانێ لە ئارامییدا حکوومەت بکات. پاڵی داوە بە کورسییەکەیەوە و گوتی "هەڕەشە دەکەیت؟" گوتم هەڕەشە نییە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام با ڕستەکەم درێژ بکەمەوە. ئەگەر ڕێز لە ئازادی و دیموکراسی نەگیرێت، مافی کرێکاران و خەڵکی هەژار، مافی ژنان ڕەچاو نەکرێت، هەر هەمان شت ڕوو دەدات!
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم کە بەداخەوە لە ناوخۆیشماندا نەمانتوانی یەکدەنگ بەرامبەر بە دەوڵەت بوەستینەوە. فرەحیزبیی و فرەدەنگیی هەڵبەت لەگەڵ هەموو پێوەرێکی دیموکراسییدا دێتەوە، بەڵام ئەو کاتەی سەرجەم هێزەکان تووشی شەڕ بوون و دواتر کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت، پێویستمان بە هاوکاریی، تەبایی و پلانی هاوبەش بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیارییکراو هەبوو. سەرەڕای لێکدانەوەی جیاواز لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێران، جیهانبینیی جیا لەیەک و هەروەها بیروبۆچوونی جۆراوجۆر سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردستان، دەکرا پێداگریی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەین، کە بە جیددی نەمانکرد. 
ئێمە بەداخەوە، نە بۆ گفتۆگۆ و ئاشتی، نە بۆ شەڕ، تاکتیک و ستڕاتێژی هاوبەشمان نەبوو! ئەگەر توانیبامان ئازایەتیی پێشمەرگەکان، فیداکاریی خەڵکی کوردستان، ئەزموون و لێهاتوویی کادر و ڕێبەران لە شوێنێکدا کۆبکەینەوە و کەسایەتییەکان وازیان لە بەرژەوەندیی بەرتەسک هێنابایە، لەوانەبوو ئاسۆیەکی بەتەواویی جیاواز چاوەڕوانمان بووایە.
ئەحمەد ئەسکەندەری
سوید ٢/٢/٢٠٢١