خوێندکاران لەنێوان ترسی لەدەستچونی ساڵێکی خوێندن و مەترسییەکانی کۆرۆنادا

ڕاپۆرت

12/02/2021‌ 663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای چەند مانگ لە داخستنی دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاکانی کوردستان بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و دوودڵی حکوومەت لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل یان پەنابردنە بەر خوێندنی ئۆنلاین،  کە هەموو ئەمە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئاستی زانستیی خوێندکاران هەبووە، جارێکی تر و لەسەرەتای مانگی شوباتدا دەرگای خوێندنگاکان بەڕووی قوتابی و خوێندکاراندا کرانەوە.

دووبارە گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ پۆلەکان، ترسی ئەوەی لای بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستا و کەسوکاری خوێندکاران درووستکردووە بەوەی ئەوهەنگاوە ببێتە هۆی سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەناو مامۆستا و خوێندکاران، بەتایبەتی قوتابیانی پۆلە بنەرەتییەکان کە لەو تەمەنە بچووکەدا قورسە بتوانرێت ناچار بکرێن پابەندی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لەنەخۆشییەکە ببن.

لەوبارەیەوە یەکێک لە کەسوکاری قوتابیان راگەیاندووە کە ئەو هەنگاوەی حکومەت جۆرێکە لە سەرکەشیی، لەبەرئەوەی ئەوان ناچارن لەبەر خەمی نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن،  منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام ئەمە ترسی زۆری ئەوان لە نەخۆشییەکە ناشارێتەوە.

ئەو کەسە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپایی، ڕێکارەکانی خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لە قوتابخانە و زانکۆکان شکستدەهێنێت، ئەدی چۆن لێرە سەرکەوتوو دەبێت، وتوشیەتی:"ئێمەی دایکان و باوکانی خوێندکاران لەنێوان دوو بژاردەی تاڵداین".

لەهەرێمی کوردستان مشتومرەکان لەنێوان ئەوانەی لایەنگری کارانەوەی دەرگای قوتابخانەکان و  ئەوانەی بەرهەڵستی ئەو هەنگاوە دەکەن زیاتر دەبێت، بەشێوەیەک لایەنگرانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن باسی ئەوە دەکەن کە نابێت چەرخی ژیان بوەستێت و دەڵێن مەترسییەکانی تێکچوونی پەروەردەیی و زانستی لە هەڕەشەکانی پەتای کۆرونا گەورەترە.

لەکاتێکدا ئەوانەی تر وایدەبینن کە کردنەوەی قوتابخانەکان و گوێنەدان بە مەترسییەکانی ئەو هەنگاوە و لێکەوتە تەندرووستییەکانی، کارەساتی لێدەکەوێتەوە و جارێکی تر نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی گەورەتر بڵاودەکاتەوە و هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەگێڕێتەوە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ئەزموونیی دەبێت و رۆژی 25ی ئەم مانگە لیژنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر بەردەوامی پرۆسەی خوێندن یان دووبارە داخستنەوەی دەرگای خوێندنگاکان دەداتەوە، کە بەشێک لە ناوەندە میدیایی و پەروەردەییەکان پێشبینی دەکەن کە بڕیار لەسەر داخستنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بدرێتەوە، بەتایبەی ئەگەر بێت و حاڵەتەکانی تایبەت بە تووشبوون بەنەخۆشیی کۆڕۆنان لەناو خوێندکاران و مامۆستایان دەربکەوێت.