شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستیی میسر لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی "فەیسبوک"، لەئینفۆگرافیکێکدا چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردۆتەوە بۆئەوەی بزانرێت کە ئاخۆ منداڵەکەت بەدەست پشێویی دەرونییەوە دەناڵێنێت یاخود نا.
تەندروستیی میسر ڕونیکردۆتهوه، ڕەنگە پشێوییەکە لەشێوەی دەرونییدا دەربکەوێت، وەک ئەوەی منداڵەکە زۆربەی کات خەمبار دەردەکەوێت یان بەردەوام گۆشەگیرو توڕەو شڵەژاوە.
باس لەوەشکراوە کە دەکرێت پشێوییەکە لەشێوەی جەستەییدا بێت وەک ئەوەی منداڵەکە بەدەست سەرئێشەوە بناڵێنێت، یان بەردەوام هەست بەئازاری جەستەی بکات.
لەڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی میسردا هاتوە، نیشانهى تریش هەیە ئاماژەن بۆئەوەی منداڵەکەت توشی پشێویی دەرونیی بوە، بەتایبەت ئەگەرهاتو منداڵەکە شەوانە بێ ویستی خۆی میزی بەخۆیدا دەکرد، لەکاتێکدا پێشتر خۆی بەتەنها دەچوو بۆسەرئاو.
جگەلەوەی ڕەنگە منداڵەکە توشی تێکچونی سیستەمی خواردنو خەو ببێتو بەشێوەیەکی نائاسایی هەست بەترس بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی