لەئەگەری نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا هەرێم بیر لەدوو بژاردە دەکاتەوە

کوردستان

23/02/2021‌ 4994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی لێدوانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاروایه‌ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان‌و ڕێكکەوتن لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێم لەناو بودجەی ساڵی ٢٠٢١ جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام بەپێی لێدوانی بەشێک لەپەڕلەمانتاران هێشتا هەرێم‌و بەغدا ناکۆکیان لەنێواندا ماوەو نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.


لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد شەریفی پسپۆڕی ئەمنیی عێراقی لەلێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا وتویه‌تى:"بەپێی زانیارییەکانم، لایەنە کوردییەکان لەناو خۆیاندا چەند بژاردەیەکیان تاووتوێکردوە بۆئەوەی لەحاڵەتی نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا پەنای بۆ بەرن، یەکێک له‌بژارده‌كانیش بریتییە لەکشانەوە لەحکومەتی ئێستای عێراق".

شەریفی ئاماژەی بەوەشکردوە، "لایەنی کوردی باسیان لەوەشکردوە کە ئەگەر بەغدا بەمەرجەکانی هەرێم لەناو بودجەدا ڕازینەبێت، ئەوە دەکرێت لەحکومەتی بەغدا بکشێنەوە، هەروەک چۆن زیندوکردنەوەی بابەتی ڕیفراندۆم‌و جیابونەوە لەعێراق یەکێکی تر بوە لەبژاردنەکانی لایەنی کوردی".

به‌وته‌ى شەریفی، قەیرانی ئێستای نێوان هەرێم‌و بەغدا هەر تەنها بابەتی نەوت‌و داهاتی دەروازە سنورییەکان نییە، بەڵکو ناکۆکییەکە بریتییە لەسەپاندنی دەسەڵات‌و هەژمون، بەتایبەتی لەسەپاندنی هەژمون بەسەر ناوچە جێناکۆکەکان‌و دابەشکردنی پارە لەبودجەدا.

ئەو پسپۆڕە عێراقییە ئاماژەی بەوەشکردوە، هەردولایەنی عێراقی‌و کوردی هیچ چارەسەرێکی نوێ‌و لۆژیکیان بۆ کێشەکان پێنییەو هیچکامیان ئامادەنین بگەنە چارەسەرێکی هاوبەش کە لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتییدا بێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی