چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به‌توركیا بوونه‌ته‌ "به‌ڵا" بۆ ئه‌وروپا

جیهان

26/02/2021‌ 2193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەوڵەتی تورک بەهۆی هەناردەکردنی چەكدارو دۆستە ئیسلامیەكانی خۆیەوە بۆ وڵاتانی جیهان وەک بەڵایەکی گەورە تەماشادەكرێت بۆ سەر ئارامی ناوچەكەو ئەوروپا.

کۆردیناسیۆنی نەتەوەیی بۆ ئاسایش و تێکۆشان دژ بە تیرۆریزم ناسراو بە ئێن سی تی ڤی، کە ناوەندەکەی لە هۆڵەندایە، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر جیهان بڵاوکردوەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەردۆغان لەڕێی ئیسلامی سیاسیەوە، تۆویی کین و توندوتیژی لەناو ئەو تورکانەدا بڵاو دەکاتەوە کەلە دەرەوەی تورکیا دەژین.
لە ڕاپۆرتەکەدا نمونەی کەسێکی بەڕەگەز تورک هێنراوەتەوە بەناوی گۆکمەن تانش تەمەن ٣٧ سالان.

ئەو کەسە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٩ دا لەشاری ئوترێختی هۆڵەندا لەناو ترامدا هێرشی کردبووە سەر خەڵک و بەچەقۆ سێ کەسی کوشتبوو و حەوت کەسی دیکەشی بریندار کردبوو.

تانش دوای لێدوانێکی توندی ئەردۆغان دژ بە ئەوروپا ئەو هێرشەی ئەنجامدا بوو.
بەرپرسانی کۆردیناسیۆنەکە پێیانوایە ئەردۆغان ئامانجەکانی خۆی لەچوارچێوەی ئیسلامی سیاسیدا، لەڕێی کۆمەڵە و ڕێکخراوە تورکیەکانی هۆڵەنداوە بڵاودەکاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشكرا کراوە کە ڕێکخستنە سەلەفییە تورکەکان لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراوە تورکەکانی هۆڵەندا پەیوەندیەکانیان بەهێز کردووە و گەنجان بەڕێکخستن دەکەن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ هەیئەت تەحری ئەلشام (بەرەی نوسرە) دا دەکات لەوبارەیەوە نوسراوە، ئەردۆغان ئەو چەكدارانە بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەسەڵاتداری خۆی بەکاردێنێت.

کۆستانتین پیکرامینۆس نوسەری پەڕتوکی ڕێکخستنی ئیستخباراتی تورک - میت دەربارەی ئەو ڕاپۆرتە دەڵێت، پەیوەندیەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ڕێکخستنە توندڕەوەکان و ڕادیکاڵکردنی جالیەی تورکی لە ئەوروپا لەڕێی میتی تورکەوە بەڕێوەدەبرێت.

پیکرامینۆس شەڕی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەکارهێنانی ئەو چەكدارە توندرەوانە وەک بەڵگە بۆ قسەکانی نیشان دەدات.
دەشڵێت، ئەردۆغان هێزی چەکداری بۆخۆی دروست دەکات هەرکاتێکیش ئەو هێزانەی پێویست نەما وەلایان دەنێت.

ئەو نوسەرە پێیوایە تورکیا لە داهاتوودا لەڕێی ئەوهێزە چەكدارانەوە جێپێی خۆی لە سیاسەتی گڵۆباڵدا قایم دەکات بێ ئەوەی زیان بە هێزە سەربازییەکانی خۆی بگات، شەڕی قەرەباغیش وەك بەڵگەی ئەوراستیە دێنێتەوە.