شارپرێس:
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كورد ناتوانێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كتربكه‌ن‌و ببنە یەک لیست، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر لایه‌نه كوردییه‌كان ڕێكبونایه ئه‌م شه‌ڕ فرۆشتنه‌ش به‌كورد نه‌ده‌كرا"، داواشده‌كات، زۆرینه‌ی شیعه‌و زۆرینه‌ی كورد هەروەها زۆرینه‌ی سونه هاوپه‌یمانی بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن، جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "ئه‌گه‌ر پرسى نه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێبكرێت موچه‌مان ناوێت لەبەغدا".
فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ڕایگه‌یاند، "پێمباشە زۆرینه‌ی شیعه‌و زۆرینه‌ی كورد هەروەها زۆرینه‌ی سوننه هاوپه‌یمانی بكه‌ن ئه‌مه شتێكی باشه بۆ پێشگیریکردن لەڕوداوەکانی دوای هەڵبژاردن، به‌پێشبینی من كورد ناتوانێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن‌و ببنە یەک لیست، چونکە ئه‌گه‌ر لایه‌نه كوردییه‌كان ڕێكبونایه ئه‌م شه‌ڕفرۆشتنه‌ش به‌كورد نه‌ده‌كرا".
ده‌شڵێت:"کێشەی کورد لەعێراق کێشەی بودجەو موچە نییە خۆ له‌سه‌رده‌می (سه‌دام) بودجه ده‌درا ئێمه شه‌ڕیشمان ده‌كرد له‌گه‌ڵ سه‌دام، ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینیش ئاماده‌بوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت، بەڵام چونکە کێشەی ئێمە کێشەی نەتەوایەتییە ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان جێبه‌جێبێت موچه‌مان ناوێت لەبەغدا، لەبەرئەوەی به‌ڕاستی هه‌موو حزبی كوردی خه‌باتیان كردوه نه‌ك له‌پێناوی بودجه، به‌ڵكو له‌پێناوی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی".
به‌رپرسه باڵاكه‌ى پارتى باس له‌وه‌شده‌كات، "یه‌كڕیزیی كێشه‌یه‌كی كورده ئێستا حاڵی حازر، به‌ڵام چونكه ئێمه زیاتر له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌داین‌و حزبه‌كانی شیعه‌و سوننه له‌بنه‌ڕه‌تدا دژی قه‌زیه‌ی كوردن، به‌ڵام (پارتی)یان كردۆته ڕوكه‌شه‌كه‌ی له‌به‌رئه‌وه ئێمه په‌یوه‌ندی خۆمان چاكده‌كه‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غداو به‌رگری له‌مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌لامه‌ركه‌زیش میرانى به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى وتوه:"بڕیاربوو وه‌فدێك به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كه حزبه‌كان هه‌موی له‌وێ كۆببنه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تائێستا نه‌كراوه‌و جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمیش هه‌ر كۆڵی نه‌داوه‌و ده‌یه‌وێت كورده‌كان كۆبكاته‌وه‌و وه‌فدێك دروستبكاته‌وه بۆ به‌غدا، كێشه‌یه‌ك هه‌یه ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ناوخۆماندا ناكۆكیمان هه‌یه به‌داخه‌وه هه‌ندێك كه‌س له‌گه‌ڵ به‌غدا جوتده‌بن بۆ زه‌وتكردنی مافی كورد‌و مه‌سه‌له‌ی لامه‌ركه‌زیش باسده‌كرێت، یان هه‌ندێك ده‌ڵێن بائێمه هه‌روه‌كو پارێزگاكان له‌گه‌ڵ عێراقدابین له‌سه‌ر فیدڕاڵیه‌تی خۆمان بازبده‌ین به‌سه‌ر خوێنی شه‌هیدان‌و ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی به‌شه‌هیدكردنمان داوه ئینجا ده‌ڵێن بائێمه وه‌كو پارێزگا له‌گه‌ڵ به‌غدا بین".