سەرۆک کۆمارى عێراق کارنامەی ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی وەرگرت

عیراق

01/03/2021‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌میانى وه‌رگرتنى كارنامه‌ى ژماره‌یه‌ك باڵیۆزى نوێ ڕایگه‌یاند، "پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییە ھاوبەشەکان یەکخرێت بەئاڕاستەی بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگاری‌و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە".


د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ لەکۆشکی سەلام لەبەغدا کارنامەی هەریەک لەباڵیۆزانی (وەلید محەمەد ئیسماعیل باڵیۆزى کۆماری میسر، پاولا ئیلزابێس کانلی باڵیۆزى ئوسترالیا، ئیلمار ئەیوان لوبس باڵیۆزى ئیندۆنیزیاو لویس ئیفالدو باڵیۆزى بەرازیل)ى وەرگرت.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، لەمیانی پێشوازیکردنی لەباڵیۆزان بەجیا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، عێراق بەگرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە سیاسی‌و ئابووری‌و بازرگانی‌و هەماهەنگی نێودەوڵەتی‌و ھەرێمایەتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییە جیاوازەکان‌و کەمکردنەوەی گرژییەکان‌و چەسپاندنی ئاشتی لەناوچەکەو ڕیشەکێشکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.

لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ھاوکات ڕایگەیاند، "عێراق ھەنگاو دەنێت بەرەو بونیادنانەوە لەڕێگەی بەهێزکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لەبوارە جیاجیاکان‌و ئاڵوگۆڕی شارەزایی زانستی‌و ڕۆشنبیریی".

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بەو ئومێدەی کە ببێتە مایەیی بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانەو هاریکاری نێوان عێراق‌و وڵاتەکانیان.