ئه‌مریكا دەیەوێت وەڵامێکی توندی هێرشەکەی سەر بنکەی عه‌ین ئەسەد بداتەوە

عیراق

09/03/2021‌ 1159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری بەرگری ئه‌مریكا هەڕەشەی لەتاران کرد كه‌ لەکاتی گونجاودا وەڵامی هێرشە موشەکییەکانی ئەمدواییەی گروپە چەکدارییەکانی سەر بەئێران لەعێراق دەدەنەوە، ده‌شڵێت:"له‌ئێستادا واشنتۆن هەڵسەنگاندن بۆ هێرشێکی زۆر توند بۆسەر میلیشیا شیعییەکان دەکات".


بەگوێرەی ڕۆژنامەی"زە هیڵ"ی ئه‌مریكی، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئه‌مریكا وتویه‌تى:"پنتاگۆن نایەوێت گروپە چەکدارییە شیعییەکانی لایەنگری ئێران لەناو خاکی عێراق بەئامانج بگرێت، بەڵام لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکییەکان ئەو بژاردەیەش بەکراوەیی لەبەردەم بەرپرسانی ئه‌مریكادا دەبێت".

وەزیری بەرگری ئه‌مریكا ڕاشیگەیاندوە، پنتاگۆن هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ڕوداوی هێرشکردنەسەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکات‌و دەیه‌وێت لایەنی بەرپرس دیاریبکەن، کە پێشبینیدەکرێت لەوچوارچێوەیەدا پێگە لۆجستییەکانی میلیشیاکان لەسوریا بکرێنەوه‌ ئامانج.

زە هیڵ ئاماژەی بەلێدوانی لوید ئۆستنی وەزیری بەرگری ئه‌مریكا کردوە کە داوای لەتاران کردوە بەرلەوەی بیر لەهێرشێکی نوێ بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئه‌مریكا بکاتەوە با ئەنجامەکانی دوایین گورزە ئاسمانییەکەی ئه‌مریكا بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لەسوریا ببینێت.

چوارشەممەی ڕابردوو، 10 موشەکی جۆری گراد ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی "عەین ئەسەد" لەئەنبار کرا کە هێزە سەربازییەکانی ئه‌مریكای تێدا نیشتەجێیە، بێئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت، هێشتا هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەکە ڕانەگەیاندوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە