شارپرێس:
لەئامادەکارییەکان بۆ کۆبونەوە لوتکە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆشکی سپی، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی واشنتۆن گرنگترین مەرجو داواکارییەکانی سەرۆکی ئەمریکای بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئاشکراکرد.
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، لەپێشەنگی ئەو داواکارییانەدا، واشنتۆن پێداگریی لەسەر پاراستنی سەروەریی تەواوی عێراق دەکاتەوەو ڕونیدەکاتەوە، ئەم سەروەرییە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەتوانای بەغدا بۆ بڕیاردانی سەربەخۆو دورکەوتنەوە لەهەرجۆرە هەژمونو دەستێوەردانێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چونکە بەبڕوای ترەمپ، حکومەتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی تاراندابێت ناتوانێت بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی عێراق بخاتە پێشینەی کارەکانییەوە.
هاوکات، پرسی ئەمنییو کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان بەشێکی سەرەکیی مەرجەکانی ترەمپ پێکدەهێنێت؛ ئەمریکا بەڕاشکاوی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانە دەکات کە لەناوخۆی سنورەکانی عێراقەوە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەئێرانەوە ئەنجامدەدرێن.
سەبارەت بەپرۆسەی چەککردنی ئەو گروپانەش، ئیدارەی ئەمریکا هۆشداریداوە کە چیدیکە بەڵێنی سیاسیی بێکردار قبوڵناکات، بەڵکو بڕیارەکانو هەڵسەنگاندنەکانی واشنتۆن تەنها لەسەر بنەمای "کردارو ئەنجامە پێوراوەکان" لەسەر زەوی دەبن.
ئەوەش هاتوە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ هیوای سەرکەوتنی بۆ عەلی زەیدیی خواستوە لەئەرکەکەیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی پاڵپشت بەئاوەدانیو دور لەتوندوتیژییو دەستێوەردان، بەڵام هاوکارییو هاوبەشیی داهاتوی نێوانیان بەتەواوی بەستراوەتەوە بەڕادەی جدیبونی بەغدا لەجێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانەدا.
ئەو کۆبونەوە چارەنوسسازە لەکاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی وهفدێكى باڵای وەزاری، وەبەرهێنەرانو خاوەن کۆمپانیاکان گەیشتوهتە واشنتۆن بۆ سەردانێکی فەرمی ههشت ڕۆژە کە تێیدا دۆسیە گەرمەکانی ناوچەکەو پاشەڕۆژی پەیوەندییە سیاسییو ئابورییەکانی هەردوو وڵات دیاریدەکرێن.
