کۆمەڵێک ڕاسپاردەی توند دژ بەدیبلۆماتکارانی تورکیا لەقودس دەدرێته‌ ئیسرائیل

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبەڵگەنامەیەکی نوێی سیاسیدا، ناوەندی قودس بۆ سیاسەتە کارپێکراوەکان داوای لەحکومەتی ئیسرائیل کردوە، کۆمەڵێک ڕێکاری توند دژی کونسوڵخانەی تورکیا لەقودس بگرێتەبەرو زێدەمافە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرانی سەرلەنوێ هەڵسەنگێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.


ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن ڕان ییشای باڵیۆزی پێشوی ئیسرائیل کە سەرۆکی بەشی توێژینەوەکانە لەناوەندەکە ئامادەکراوەو 10 پێشنیار لەخۆدەگرێت، ئامانج لەم پێشنیازانە کەمکردنەوەی هەژمونی تورکیایە لەقودس‌و بەهێزکردنی سەروەریی ئیسرائیلە بەسەر شارەکەدا.

به‌گوێره‌ى بەڵگەنامەکە، کونسوڵخانەی تورکیا کارەکانی لەچوارچێوەی یاسایی خۆی تێپەڕاندوەو زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستین دەکاتەوە.

گرنگترین پێشنیازەکان بریتین لەهەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی‌و ئیمتیازاتی دیپلۆماسیی بۆ ئەو نوێنەرانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دانیان پێدانەنراوە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردن‌و سنوردارکردنی هاتوچۆیان‌و لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لەئۆتۆمبێلە دیپلۆماسییەکان‌و پێداچونەوە بەبەخشینی باجەکاندا.

هەروەها داوای پێداچونەوە بەچالاکییەکانی دامەزراوەکانی وەک ناوەندی ڕۆشنبیریی یونس ئێمرەو ئاژانسی تیکا دەکات بۆ دڵنیابون لەپابەندبونیان بەیاساکانی بیناسازیی ئیسرائیلەوە.

جگەلەوەش، بەڵگەنامەکە داوادەکات، کۆتایی بەدوفاقی لەئەرکی ئەو دیپلۆماتە تورکانە بهێنرێت کە هاوکات لەباڵیۆزخانەی تەلئەبیب‌و کونسوڵخانەی قودس کاردەکەن.

لەکۆتاییدا پێشنیازی ئەوەشكراوه‌، ئەگەر تورکیا دەیەوێت نوێنەرایەتی تەواوی لەقودس هەبێت، دەبێت باڵیۆزخانەکەی بگوازێتەوە ئەوێ‌و کونسوڵخانەکەی تایبەت بەفەڵەستینییەکان دابخات، هاوشێوەی هەنگاوەکەی ئەمریکا لەساڵی 2018دا.

ئامادەکارانی بەڵگەنامەکە جەختیانکردوه‌تەوە، ئەمە تەنها ڕاسپاردەی ناوەندێکی توێژینەوەیەو بڕیارێکی فەرمیی حکومەت نییە.